چەرخ و فەلەک.. تەرزێکی جیاواز لە درامای کوردییدا

  2021-03-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشی دووەم

حەمەسوار عەزیز

ئەم درامایە دەتوانێت چێژ و جوانى بە بینەر ببەخشێت لەبەر ئەوەى لەڕووى بابەت و فۆرمەوە توانیویەتى تاڕادەیەکى باش بینەرى خۆى قایل بکات، بۆ نمونە ئەگەر جوانى چاکە بێت، ئەوە ئەو درامایە مرۆڤ بەرەو چاکە دەبات، ئەگەر جوانى سوود بێت، ئەو درامایە سوود بە کۆمەڵگا دەبەخشێت، ئەگەر جوانى کردارى چاک بێت، ئەو درامایە فێرى کردارى چاکمان دەکات، ئەگەر جوانى سادەیی بێت، ئەو درامایە جارێکى تر بەرەو جوانییە سادەکانى ژیان دەمانباتەوە، ئەگەر جوانى هەماهەنگ و هارمۆنیەتى نێوان هەموو رەگەزە پێکهێنەرەکانى بێت وەک ئەوەى ئەڕستۆ باسى لێوە دەکات، ئەوە بێگومان لەم درامایە بەڕوونى ئەو هەماهەنگى و هارمۆنیەتە لەنێوان ڕەگەزەکانى ئەو درامایە دەبینرێت و هەر رەگەزێک هاوکارو یارمەتیدەرى رەگەزەکانى ترەو بەیەکەوە وێنەیەک (متناسق و متجانس) دروست دەکەن کە تەزووەلەرزەى خۆشى بەبینەر دەبەخشێت و هەستى جوانى و ئێستاتیکاى لەلا باڵا دەکات .

دەرهێنەر لەم درامایە زۆر ئاگایی کار لەسەر ریتم و تۆنى دراماکەى دەکات، هەماهەنگییەکى روون هەیە لەنێوان ریتمى دراماکەو فۆرمى دراماکە، ئەگەر پێناسەى ریتم ئەوە بێت (کە دابەشکردنى کاتە بەسەر شوێن و رووداو)، ئەوە دەرهێنەر لەم درامایە کاتەکانى بەشێوەى گونجاو بەسەر شوێن و رووداوەکان دابەشکردووە، هەرچەندە ئەم هەماهەنگییە لە هەندێ شوێن بەر لاسەنگى دەکەوێت و بینەر هەست دەکات جۆرێک لە درێژدادڕى ناپێویست لە هەندێ دیمەن و گرتە هەیە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى ئەم لاسەنگییە رووبەرێکى کەمى بەرکەوتووەو نەیتوانیوە هارمۆنیەتى دراماکە بشێوێنێت و بینەر تووشى وەڕس بوون بکات .

لەوەش  گرنگتر وەک بینەر هەست دەکەین هاوسەنگییەکى باش هەیە لەڕووى دەنگ و ڕەنگ و جولەوە، لەم درامایە کەمترین جولەى نەخوازراو و دەنگەدەنگى بێ ئەرزش دەبینرێت، تەنانەت لە رووى گۆشەى کامیرا و جولەى ئاسۆیی و شاولى کامیراوە، دەرهێنەر هەوڵیداوە کە هیچ زیادەڕۆییەک نەکات و لە هەموو گرتەو لۆکەیشنێک چاوى بینەر تێر بکات و جۆرێک لە ئارامى پێیببەخشێت بە هەماهەنگى لەگەل ئەو رووداوانەى کە لەنێو گرتەکان روودەدەن و شێوازو ستایلى ئاکتینگ و بەکاربردنى دەنگ و رەنگ و ئێفێکتەکان، هەمووى لە خزمەت ئەوە بوو کە وێنەیەکى تەریب لەنێوان بابەت و فۆرم دروست بکات و جۆرێک لە هەماهەنگى گونجاو لەنێوانیان دروست بکات بەشێوەیەک کە هەردووکیان هاوکارو پشتیوان بن بۆ ئەویتر، نە بابەت دەتوانێت چێژى بەرکەوتنە وێنەییەکانمان لێ وەرگرێتەوە، نا وێنەو فاکتەرە بینراوەکان دەتوانن بابەت داپۆشن و لە قورسایی رووداوەکان و شێوازى بەرەوپێشچوونیان کەمبکەنەوە، ئەم یەکانگیرییەى نێوان  بابەت و فۆرم بەشێوەیەکى بەرچاو خزمەتى بونیادى گشتى دراماکەى کردووەو دەرهێنەر هەوڵى نەداوە وەک ئەوەى لە چەندین دراماى تر بینیمان دراماکە ببێتە رووبەرى دەرخستنى تواناى وێنەگرو مۆنتێر لە یاریکردن بە وێنە بینراوەکان و کارتێکەرە دەنگى و ڕەنگییەکان بێ ئەوەى کۆنتاکتیان بە خودى بابەت و ئەو رووداوەوە هەبێت کە لەنێو ئەو کڵیشەیە روودەدات .

رووبەرێکى ترى گرنگ لەم درامایە ئەوەیە کە دەرهێنەر هەوڵنادات ژن وەک جەستە بەکارببات و دراماکەى بکاتە ستەیجى مۆدێل و مۆدێلکارى و هەموو چاوەکان لەسەر جەستەى ژن و ئەو ورووژاندنەى کە جەستەى  ژن بە بینەرى دەبەخشێت، ئەم ستایلەى کە پێشتر لە دراماى تر بەکارهاتووە، بێ رێزییەکى گەورەیە بەرامبەر بە ژن و ژن لەهەموو بەها ئینسانى و جوانیەکان دادەماڵێت و تەنها وەک جەستەیەکى ورووژێنەر تەوزیفى دەکات، ئەوەش ئەگەر لە ڕووکارە ساختەکەى ئازادى ژن وێنا بکات، بەڵام لەناوەڕۆکدا سوکایەتى گەورە بە ژن دەکات و ژن وەک بازاڕى بەکاربردنى جەستە وێنا دەکات، بۆیە دەرهێنەر لەم درامایە زۆر بە گەورەیی کار لەسەر پرسی ژنبوون دەکات و بە پیرۆزى لە ژن دەڕوانێت و ئەو پێگە شایستەیەى پێدەداتەوە کە شایستەى ژنە، هەربۆیە ژنەکانى ئەم درامایە نمونەن لە جوانى و بەجوانترین شێوە گوزارشت لە جوانى و دانایی ژنى کورد دەکەن، نمونەى وەک (رَیناس-کوێستان خەسرەوى، خاتون-شنۆ محەمەد، خونچە-تەلار هیرانى)، نمونەى جوانى ژنن لە کۆمەڵگاى ئێمەو بەو شێوە راستەقینە وێناکراون کە لەخودى کۆمەڵگا هەن، نەوەکو وەک هەندێ دراماى تر کە هەموو ژنى کورد لە چەند کچە مۆدێلێکى روخسار ساختە کورتدەکەنەوەو بەناوى ئازادى و پێشکەوتن و کرانەوەى کۆمەڵگەى کوردى بەبازاڕى دەکەن، چونکە کارێکى بەڵگە نەویستە ئەگەر هەموو پێشکەوتن و داهێنانى کۆمەڵگایەک ئەوە بێت کە کۆمەڵە کچ و ژنێکى مۆدێڵکارى هەبێت بە کۆمەڵێک روخسارى ساختەى دەیانجار نەشتەرگەرى کراو و جلى وروژێنەر نیمچە ڕووت خۆیان بە جیهان نیشان بدەن، ئەوە بێگومان  ئەم کۆمەڵگایە لەڕیزى دواوەى کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە، چونکە پێشکەوتنى مرۆڤ پێش هەموو شتێک پڕۆسەیەکى عەقڵى و ژیارییەو پەیوەندى بەو فۆرمەوە ساختەوە نییە کە لاى ئێمە وەک پێشکەوتن وێناى کراوە .

فۆرمى کارەکتەرو کاریکاتۆر* لە چەرخ و فەلەک :

جیاواز لە هەموو کارە درامییەکان، شێوازى بونیادنانى کارەکتەر لەم درامایە تایبەتمەندى خۆى هەیەو دەکرێ هەڵوەستەى لەسەر بکرێت، بەشێک لە کارەکتەرەکانى ئەم درامایە سنوورى کارەکتەرى ئاسایی دەبەزێنن و دەچنە رووبەرێکى تر کە دەتوانین بە کاریکاتۆر ناوى ببەین، کاریکاتۆر فۆرمێکى گاڵتەئامێزە بەکاردێت بۆ داماڵینى کارەکتەر لە رەهەندە ئاساییەکانى بۆ شێوازێکى تر کە زیاتر گوزارشت لە  بیرکردنەوە و ڕوانین دەکات، بەو مانایەى کاریکاتۆر بەشێوەیەکى گشتى بریتییە لە بیرکردنەوەو روانینى مرۆڤەکان بۆ کۆى پرسە گرنگەکانى ژیان و بازدانە بەسەر بیرکردنەوەى تاک و تاکگەرایی بۆ بیرکردنەوەى دەستەجەمعى، بۆ نمونە کارەکتەرى (پاشا-سەربەست ئەحمەد)، کارەکتەرێکى ئاسایی تاک نییە و گوزارشت لە جۆرێک بیرکردنەوەو روانین دەکات کە رەهەندى ئەخلاقى و فەلسەفی هەیە و دەکرێت وەک پرۆسەیەکى ریفۆرمسازى مامەڵەى لەگەڵ بکەین، داواکردنى ئەوەى کە ئەو کارەکتەرە رەهەندێکى تەقلیدى و ئاسایی هەبێت، بە بڕواى من تێنەگەیشتنە لە تەرزى دراماکەو فۆرمى بنەڕەتى بەشێک لە کارەکتەرەکانى دراماکە، بۆیە ئاساییە کارەکتەرى پاشا هاوشێوەى کارەکتەرى تارمایی باوک لە هاملێت یا دێوەکەى نێو قۆرییەکەى عەلائەدین مامەڵەى لەگەل بکرێت، رووتکردنەوەى ئەم کارەکتەرە بۆ رەهەندە تەقلیدییەکان زیانى گەورە بە بونیادى ئەو کارەکتەرە دەگەیەنێت کە خاوەنى کۆمەلێک بونیادى زۆر تایبەتە، وەک ئەوەى ئەو تاکە کەسە کە توانیویەتى لە دوو ساڵى کۆتایی بێ هۆشى ئاسۆ کۆنتاکتى لەگەل بکات و کۆمەڵێک بنەما و پڕەنسیبى ئەخلاقى و مرۆیی لە مێشک و بیرکردنەوەى زەرع بکات، ئەم توانایە تەواو جیاوازە لە تواناى هەموو کارەکتەرەکانى تر، چونکە ئەم کارەکتەرە رەهەندێکى میتۆلۆژى بەهێزى هەیە و دەتوانێت لە سنوورى ئەودیو عەقڵ و ئیدراک کار بکات و کۆنتاکتى هەبێت، بۆیە ئەم کارەکتەرە دەکرا ئاوێتەیەک بێت لە تارمایی و راستەقینە و دەرهێنەر زیاتر لەسەر ئەو رەهەندە میتۆلۆژییەى کار بکات و پانتایی زیاتر لە دراماکە داگیر بکات، چونکە هەر ئەو رەهەندە میتۆلۆژییە واى لەو کارەکتەرە کردووە کە بتوانێت زاڵ بێت بەسەر بیرکردنەوەو ڕوانینەکانى ئاسۆ و ئاراستەى ئەو شوێنەى بکات کە خزمەت بە مرۆڤایەتى و ئاشتەوایی و پێکەوەیی و وڵاتپارێزى بکات .

بە هەمان شێوە کارەکتەرى (خونچە-تەلار هیرانى) رەهەندێکى کاریکاتۆرى هەیە، بەڵام جیاواز لەو ڕەهەندە میتۆلۆژییەى کە کارەکتەرى پادشا هەیەتى، رەهەندى کاریکاتۆرى ئەم کارەکتەرە بریتییە لە بیرکردنەوەى سادەو تەقلیدى ژنە کوردێکى لادێی کە ژیان تەنها لە چەند چەمک و کردارێکى تایبەت دەبینێت، وەک ئەوەى پیاو زۆر بە تایبەت دەبینێت و پێیوایە دەتوانێت هەموو شتێک بکات، لە کاتێکدا ئەوە بۆ ژن بە قەدەغەو بڤە دەزانێت، ئەمەش لەو مامەڵەیە ڕەنگدەداتەوە کە لەنێوان ئاسۆو نازەنین پیادەى دەکات، ئەو هەموو کردارو کردەوەیەکى ئاسۆو داخوازییەکانى بە ڕەوا دەزانێت و پشتگیرى دەکات، لە کاتێکدا دژى هەموو داخوازییەکانى نازەنین دەوەستێتەوە، هەمیشە ئەو ئیحساسە بە نازەنین دەدات کە ئەو وەک جێندەر پرسی پلەبەندى لە خوار پیاوەوەیە، بۆیە هەمیشە نازەنین گلەیی ئەوە دەکات کە ئەوان ئاسۆیان لەو خۆشتر دەوێت، لە لایەکى تر ئەم کارەکتەرە رەهەندێکى ترى سایکۆلۆژى هەیە، کە هەمیشە دەیەوێت نواندن لەنێو نواندن بکات، هەمیشە دەیەوێت هەستەوەرەکانى لە قەبارەى خۆى گەورەتر و باڵاتر نیشانبدات، زۆر کات نواندنى دایکێکى زۆر بە پەرۆش دەکات، ئەوە ماناى ئەوە نییە کە ئەو دایکێکى دلسۆز نییە بۆ مناڵەکانى، بە پێچەوانەوە، بەڵام ویستى هەمیشەیی ئەوەى بۆ ئەوەى وەک دایکێکى نمونەیی ببینرێت و لە کاتێکدا کەڵتوورى ئەو دایکە نمونەییەى نییە، وادەکات بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ نیشاندانى ئەو فۆرمە و تەئکیدکردنەوە لەسەر ئەم وێنەیە، نواندن لەنێو نواندن بکات، واتە بۆ ئەو ئەوەى وەک دایکێکى زۆر تایبەت ببینرێت هەڵدەستێت موبالەغەو زیادەڕۆیی دەکات لە نیشاندان و وێناکردنى کارو کاردانەوەکانى بۆ ئەوەى قەناعەت بە دەوربەر بکات کە چەند دایکێکى تایبەتە، چونکە ئاستى مەعریفە و رۆشنبیرییەکەى وای لێدەکات کە ئەو وێنەیە بۆ دایک بە پەسەند دەبینێت کە لە بنەڕەتەوە هەست دەکات لاى ئەو لاوازە، بۆیە هەمیشە پەنا دەباتە بەر موبالەغە و زیادەڕۆیی، بۆیە دەبینین لە هەندێ دیمەندا بۆ ئەوەى پەرۆشى خۆى بۆ ئەوانى تر نیشان بدات، وەک بەفرگرى کارەبایی لەگەڵ هەر هەواڵێکى ناخۆش تۆماتیک دەکات و لە هۆش خۆى دەچێت، دواتر نازە بە پڕژاندنى تۆزێک ئاو دەیخاتەوە کار .

خودى کارەکتەرى (ئاسۆ-رێشان حەمۆ) رەهەندێکى کاریکاتۆى ڕوونى  هەیەو ئەو کارەکتەرە نمایندەى ئەو بیرکردنەوە سادەو ژیاندۆستە دەکات کە لەگەل گەورەبوونى مرۆڤ لە ناخیدا کاڵدەبێتەوە و دەکوژرێت، ئاسۆ گوزارشت لە قۆناغى مناڵى ناکات، ئەو گوزارشت لەو بەرائەت و جوانییە دەکات کە لەگەل گەورە بوون و پرۆسەى بە مۆدێرن بوونى شار لە دەستمان داو بووین بەکەسێکى ترى ئینتیهازى و بەرژەوەندیخواز،  مناڵى لێرە تەنها سیمبوڵێکە بۆ بەرائەت و جوانى و ژیانە سادەکەى جاران، مناڵى سیمبوڵى پێکەوە ژیان و ڕەتکردنەوەى ڕق و قینە و دوژمنکارى و لەناوبردنى ئەویترە، بۆیە لەم درامایە هەموو هەستەوەرەکانى ئاسۆ گەڕانەوەیە بۆ رەسەنایەتى و مەعدەنى پاکى مرۆڤەکان، ئەم گەڕانەوەش   گەڕانەوەیەکى سایکۆلۆژى نییە بۆ قۆناغى مناڵی و حەزە سادەکانى مناڵ، بۆیە دەبینین هەمیشە ئاسۆ داواى چەک دەکات و دواتریش هەموو چەکەکان دەشکێنێت، مناڵ وەک لاساییکردنەوەى گەورەکان حەز بە چەک دەکات، بەڵام کەمتر چەک دەشکێنێت، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە وەک یارییەک لێی بێزار دەبێت و خواستى یارییەکى تر دەکات، بۆیە ئەو کارەکتەرە ئەوەندەى سیمبوڵە بۆ ویژدانى مرۆڤایەتى و ئەو جوانیانەى کە دەبوو لە مرۆڤ هەبێت و لەگەڵى تەمەن بکات، ئاسۆ ئەو رابردووەیە کە لەنێو پرۆسەى ساختەى بە شاربوون وونمان کردو ناتوانین بیدۆزینەوە، شارە ساختەکانى ئێمە توانى هەموو ئەو کردراو کردەوە جوانەمان لێ بسەنێتەوە بێ ئەوەى بتوانێت فۆمى شارى بوونمان پێ ببەخشێت، چونکە خۆشى ئەو کێشەیەى هەیەو لەنێو دوو رووبەرى گوندێکى گەورەو شارێکى مۆدێرن تیا ماوەو ناتوانێت بەهیچ لایەکدا بکەوێت .

کارەکتەرى (شەماڵ-کەریمۆک غەفوور) بە هەمانشێوە کارەکتەرێکى ئاسایی نییە و سنوورى کارەکتەرى ئاسایی تێپەراندووە، کارەکتەرێکە پڕە لە غوبن و ئیهماڵ کردن، کارەکتەرێکى نەبینراوە تەنها ئەو کاتە دەبینرێت کە دەبێ ئیشێک ڕایی بکات، بۆیە ئەم کارەکتەرە وەک مرۆڤ تەنها ئەرکى پێ ڕەوا دەبینرێت بێ ئەوەى بیر لە ماف و ویستەکانى بکرێتەوە، شەماڵ نمونەى کارەکتەرى چەوسێنراوە، تەنانەت خودى ئەو چەکەى کە هەمیشە هەڵیدەگرێت ناتوانێت ئەو هەستى چەوسانەوەیەى لا بڕەوێنتەوە، تەنانەت بیر لە بەکارهێنانیشى ناکاتەوە ئەو کاتەى لێیدەدرێت، چونکە ئەو هێشتا کەسێکى نەبینراوە، بۆیە هەمیشە بیر لە رێکپۆشى و شیاکەت دەکاتەوە، ئەو وادەزانێت ئەگەر هەمیشە قاتێکى جوانى لەبەر بێت ڕەنگە ببینرێت و هەستى پێبکرێت و وەک مرۆڤێک بایەخى پێبدرێت، خودى سەگسوکە مۆدێرنەکەشى بۆ ئەوەیە ببینرێت، بۆیە مەسەلەى خۆشەویستى (خاتون-شنۆ محەمەد) بۆ ئەو کارەکتەرە پرسی بوون و نەبوونە (پرسێکى ئەنتۆلۆژى-بوونگەرایی)، ئەو ئەوەندە عەوداڵى خۆشەویستى نییە بە قەد ئەوەى عەوداڵى ئەوەیە هەستیپێبکرێت و بخوێندرێتەوە، خۆشەویستى بۆ ئەو ناسنامەى بوونە، هەربۆیە هەمیشە دەست بەو پەیوەندییەوە دەگرێت و گوێ بە ڕەفتارو رەفزەکانى خاتوون نادات، تەنانەت لە ئەڵقەکانى کۆتایی کە فریاد مەرجى ئەوەى بۆ دادەنێت کە بە کوڕى بانگى نەکات، ئەو ناتوانێت ئەوە جێبەجێبکات، چونکە پێویستى بەو بوونە هەیە وەک باوکێک، کەواتە ئەم کارەکتەرەش سنووردى کارەکتەرى شکاندووەو چۆتە نێو ڕووبەرى بیرکردنەوەو لە بوون و فەرامۆش نەکردن.



ڕیکلام