دەزگای کوردڕاوم کۆمەڵەچیرۆکێک چاپ و بڵاودەکاتەوە.
دەزگای کوردڕاوم بۆ هزر و ئەدەب کۆمەڵەچیرۆکیكی نووسەر ڕامیار محەمەد لە کتێبێکدا چاپ و بڵاودەکاتەوە، کە هاودەم هەرسێ نووسەری کورد (بەکر عەلی، هەندرێن، ڕامیار مەحمود) پێشەکییان بۆ کتێبەکە نووسیووە، سەبارەت بە کتێەکەی نووسەر ڕامیار محەمەد تایبەت بە ژیان وتی: ئەم کتێبەم بە ناوی (درزێك لە پشت سەرمەوەیە) ژانری چیرۆکە، چوار چیرۆك لەخۆ دەگرێت بە ناونیشانەکانی (چەقۆکەی ئەویتر-شەوی کوژانەوەی ڤینۆس-جگەرەکێشانێك لە دەرەوەی ئاهەنەگەکە-لە چاوەڕوانی پاسی پارادایسدا). ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی منە کە بەردەست خوێنەران دەکەوێت و بەم نزیکانە لە بۆنەیەکی ناساندندا بڵاودەبێتەوە.
پاشان سەبارەت بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکان ئەو نووسەرە وتی: ناوەڕۆکی چیرۆکەکان بە گشتی دەربارەی پرسی ئازادی و نامۆبوونە. تیایدا کارەکتەرەکان لە هەوڵی ئازادبووندان، وێڕای ئەوەی نامۆن بە دونیاکەی خۆیان و لە زۆربەی ئەو ڕووداوانە تێناگەن کە ڕوودەدات لە چواردەوریان.
پاشان دەربارەی شێوازی چیرۆکەکانی ڕایگەیاند: چیرۆکەکان بە شێوازی مۆنۆلۆگ نووسراون، واتە خوددواندن، ئەمەش بۆ دەربڕینی لایەنی سایکۆلۆژی کارەکتەرەکانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دایالۆگی زۆریشی تێدایە و چیرۆکەکان (فیکشنەڵ نارەیتڤە) واتە ئەو دونیایەی کارەکتەرەکانی تێدان پشتبەستوو نییە بە دونیای واقعی خۆمان، بەڵکوو جیهانێکی تەواو خەیاڵی و درووستکراوە.
لە کۆتایشدا سەبارەت بە ڕەگەزی بایەخداری ئەو لە چیرۆکدا نووسەری ئەم چیرۆکانە وتی: لە نووسینی ئەم چیرۆکانەدا زیاتر بایەخ بە لایەنی دەروونی کارەکتەرەکان دراوە، وەسفکردنی ئەو دونیا خەیاڵییەش (فیکشنەش) گرنگی زۆری پێدراوە، واتە وەسفکردنی ئۆبجێکت و سپەیس. مێتافۆڕ بە مانایەکی جیا لەو مانا باوەی لە چیرۆکنووسی دیکەدا دەیبینین، بایەخێکی زۆری پێدراوە، تیایدا هەوڵمداوە بە دوور بم لەو شێوازە وەسفییە کلاسیکە.
شایەنی ئاماژەیە دەزگای کوردڕاوم دەزگایەکی تەیبەتە بە هزر و ئەدەب و لە ماوەی ڕابردوودا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەلایەن چەند نووسەرێکەوە لا شاری سلێمانی دامەزراوە.