بڕیارێکی ئیسڕائیل مەترسی بۆ سەر ژیانی دەیان منداڵی کورد دروستکردووە

  2021-03-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەپێی ڕاپۆرتێکی 'تایمس ئۆف ئیسرائیل' کە ٢٢ی ئەم مانگە بڵاوی کردۆتەوە، بەهۆی ئەو ڕا جیاوازیەی لە ناو حکومەتدا هەیە، منداڵە نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە کاتێکدا پزیشکە ئیسرائیلیەکان لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتەوە ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەر کردنیان ڕاگەیاندووە.

هینا منداڵێکی ساوای یەزیدی خەڵکی شەنگالە، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک چاوەڕێی ڕێگە پێدانی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییەکی گەورەی دڵی بۆ بکەن.

سێ هەفتە لەمەوبەر پزیشکانی نەخۆشخانەی شیبا لە ئیسرائیلەوە بە خێزانی هینایان گوت کە پێویستە لە ماوەی ٢ هەفتەدا منداڵەکەیان بهێنن بۆ ئیسرائیل چونکە کچەکەیان خوێن ناگات بە سییەکانی و ئەگەر نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت مەترسی لەدەستدانییان هەیە.

هەرچەندە پزیشکەکان تا ئێستا هینای بچکۆلەیان نەدیوە کە ٢١ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە کوردستان لە دایکببووە، بەڵام بەتەواوی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئامادە کردووە.  

بەڵام هینا بۆ ئەوەی بگات بە نەخۆشخانە بۆ ئەو چارەسەرە گرنگ و هەستیارە، دەبێت ٢ ڕێگری گەورە تێبپەڕێنێت کە ژیانی ئەو و چەندەها نەخۆشی دیکەیان خستۆتە مەترسیەوە، ئەوانیش ڕێگرییەکانی حکومەتی ئیسرائیل و ڕێکارە توندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنان لەو وڵاتەدا.

باوکی هینا لە کەمپی ئاوارەکانی دهۆکەوە بە 'تایمس ئۆف ئیسرائیل'ی ڕاگەیاند " ڕۆژانێکی زۆر سەختن بۆ من کە کچەکەم دەبینم ئاوا نەخۆشە و ناتوانم هیچی بۆ بکەم. پێیان گوتوین کە دەبێت بیبەینە دەرەوەی وڵات، ڕۆشتن بۆ دەرەوەی وڵات زۆر قورسە، بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل."

هینا یەکێکە لەو نۆ منداڵەی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ٢ هەفتەی ڕابردوودا داواکارییەکانیان بۆ ڕۆشتن بۆ وڵاتی ئیسرائیل ڕەتکراوەتەوە  بەهۆی ئەو دەست بە دەست کردنەی پەڕاوەکانیان لە نێوان بەرپرس و فەرمانگەکانی ناو حکومەتدا. چوار لەو منداڵانە بەدەست گۆڕانی ڕێڕەوی خوێنیانەوە دەناڵێنن و لە گەر ئانوساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە گیان لە دەستبدەن لە کاتێکدا چارەسەریان هەیە.

ڕێکخراوی 'شیڤیت ئەکیم' کە ڕێکخراوێکی هاریکاری کریستیانییە زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئەرکی گواستنەوەی منداڵانی نەخۆشی لە وڵاتانی عەرەبیەوە بۆ ئیسرائیل  بۆ چارەسەری پزیشکی لە ئەستۆ گرتووە و سەدان منداڵی لە فەڵەستین و ئەردەن و عێراق و سوریاوە بردۆتە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل.

بەڵام لە ٢٥ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل ڕێکارەکانی ڤیزا پێدانی زۆر توند کردووە بە بیانووی ڕێگەگرتن لە جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ناو وڵاتەکەیان کارەکانی ئەم ڕێکخراوەش کێشەیان بۆ دروستبووە و ژیانی چەندین منداڵی کورد کە لە کوردستان چارەسەری پزیشکییان بۆ دابیننەکراوە لە مەترسیدایە.



ڕیکلام