نووسەر و وەرگێڕی کورد (بەکر عەلی) سێ کتێب بڵاوەدەکاتەوە

  2021-03-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کتێبەکان لە بواری فەلسەفەدان

نووسەر و وەرگێڕی کورد (بەکر عەلی) لە ماوەی ڕابردوودا سێ کتێبی نوێی بە چاپ گەیاند، بۆ ئەو مەبەستەش تایبەت بە تٶڕی هەواڵی ژیان لە میانی لێدوانەی نووسەر خۆیەوە بە کورتی ئاشنای هەریەک لەو کتێبانە دەبن :

لە سەرەتادا نووسەر وەرگێڕ بەکر عەلی سەبارە بە کتێبی یەکەم بە ناوی (ڕەوشە فەلسەفییەکان) وتی: ئەم هەڵبژاردەی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی فەلسەفی و بابەتی ئەدەبی چەند نووسەرێکی ئەوروپین، لەوانە: مارتن هایدێگەر، پیتەر سلۆتەردایک، سلاڤۆی ژیژەک، ڤیلەم فلوسەر، بۆریس گرۆیس و فرانز کافکا.  کۆی بابەتەکانی ئەم کتێبە لەزمانی ئەڵمانییەوە وەرمگێڕدراون و لەبڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە .

پاشان بەڕێزیان سەبارەت بە کتێبی دووەم بە ناوی (گوشار و ئازادیی) وتی: کتێبەکە لە نووسینی فیلۆسۆفی ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک.  ئەم کتێبە بریتییە لە هەوڵی تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی لەمیانەی مێژووی دەرکەوتەکانی خۆیەوە بەدرێژایی دوو هەزار وپێنج سەدساڵ تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ. سەرەتا ئازادی بریتی بووە لەوەی ژێردەستی بێگانە نەبیت، وە هەوڵی ڕزگاربوون لە داگیرکراوی بدرێت، دواتر ئازادی بریتی بووە لەوەی مرۆڤ شکۆی لەلایەن دەسەڵاتدارەوە نەشکێت، دواتر ئازادی دەگۆڕێت بۆ خەونێکی تاکەکەسی و ڕۆمانتیکییانە بۆ ڕزگاربوون لەکۆت وبەندە کۆمەڵایەتییەکان وەک لە تێگەیشتنی ڕۆسۆدا، دواتر ئازادی دەبێتە ئەوەی مرۆڤ پابەندی کۆمەڵگا بێت وەک لای کانت و هیگڵ ومارکس، پاشان لە مۆدێرنەدا ئازادی دەبەسترێتەوە  بە ڕزگاربوونی تاک لە بێهوودەیی سیستەم گوشارهێنەکانی دەروبەری، وەک لای بیکێت.. دواتر ئازادی خۆی دەخزێنێتە ناو ئابووری و بازاڕەوە و ئیتر لە لیبرالیتێتەوە دەبێتە نیولیبرالیزم ومرۆڤەکان بەرەو چنۆکی دەبات.  سلۆتەردایک دوای نەخشاندنی ئەم وێنە جۆراوجۆرانەی ئازادی ڕەخنە لە فۆرمە نیولیبرالیزمییەکەی دەگرێت و ئەو دێت ئازادی دەبەستێتەوە بە گیانی بەخشندەیی مرۆڤەوە و سەربەستبوونی مرۆڤ لەو شکۆیەدا بەرجەستە دەکات کە بدات نەک ببات. ئەمەش دیدێکی ئیتیکیانەیە بۆ ئازادی کەوا لە تاک دەکات وابەستەی پرینسیپە مۆرالییەکان بێت و تاک لە ئیگۆی چنۆکانە ڕزگار بکات. کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی (دەزگای کوردڕاوم)ە .

هەرچی سەبارەت بە کتێبی سێیەمە بە ناوی (شۆڕش و ئازادی) ئەو وەرگێڕ و نووسەرە وتی: کتێبەکە لە نووسینی هانا ئارێنت، لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرمگێڕاوە، لەم کتێبەدا ئارێنت مۆدێلەکانی شۆڕشمان بۆ دەهێنێتەوە، ئەوانەی بوونەتە مایەی سەربەستبوونی وئازادبوونی هاوڵاتی و ئەوانەشی بەناو شکستدا تێپەڕین. ئەو پتر خۆی دەرگیری مۆدێلی شۆڕشی ئەمەریکی و فەرەنسی دەکات. ئەم دوو مۆدێلەش لێکجودا دەکاتەوە لەڕووی هۆکارەکانی ولەڕووی دەرەنجامەکانیانەوە. شۆڕشی ئەمەریکی بریتی بوو لە خەباتکردن بۆ ڕزگاربوون لە کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی. کەچی شۆڕشی فەرەنسی بریتی بوو لە خەباتکردن بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی مۆنارشی.  ئارەێنت ماف دەدات بەهەموو ئەو گەلانەی کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە هۆشیاری ناسیۆنالیزمییان بۆ سەربەخۆبوون وبۆ ئازادی سیاسی تێدا دروست بووە و بەمافێکی سروشتی هەموو گەلانی دەزانێت قەوارەی سیاسی خۆیان هەبێت و هاوڵاتییەکانیان لەو قەوارانەدا ئازاد وسەربەست بژین. هانا ئارێنت پییوایە شۆڕش ئەگەرچی بریتییە لەگەڕانەوە کەچی نابێت بمانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، بەڵکو شۆڕش واتە دەستپێک و سەرەتایەکی تەواو تازە. شۆڕش ئەو سەرەتایەیە کە لەدایکبووی نوێ دەهێنێتە ئاراوە، بۆیە هەموو شۆڕشێک دەبێت دۆخێک تەواو نوێ و جیاواز لەدۆخی پێش شۆڕش بهێنێتە کایەوە.  کتێبەکە لەبڵاوکراوەکانی (دەزگای کوردڕاومە)ە .

 بەکر عەلی :

* لەدایکبووی شاری سلێمانییە .

* لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە  نووسینەکانی بڵاوکردۆتەوە وبدامەزرێنەری گۆڤاری (بوون) بووە .

* لەزۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بابەتی نووسین و وەرگێڕانی بڵاوکردۆتەوە .

* ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری بەرلین دەژی .

* لە کتێبە چاپکراوەکانی (پانتایی کۆجیتۆ بەسەر هێڵە فەلسەفییەکانەوە. ساڵی ١٩٩٣. نووسین..  دێریدای میسری.. نووسینی سلۆتەردایک . وەرگێڕان.. سلۆتەردایک لە نزیکەوە نووسین وەرگێڕان لە سێ بەرگدا.. خود، کۆمەڵگە و دژەکانیان. نووسین ساڵی ٢٠٢٠ چاپخانەی سەردەم.. ڕەوشە فەلسەفییەکان ٢٠٢٠ وەرگێڕان چاپخانەی سەردەم. شۆڕش وئازادی وەرگێڕان.. گوشار وئازادی . سلۆتەردایک. دەگای کوردڕاوم ٢٠٢١ )

* کتێبی پێشەکی بۆ کتێبی (نان وشەراب) نووسیووە هاودەم پێیداچۆتەوە، کە شیعرە بە ناوبانگەکەی هۆڵدەرلین لە خۆی دەگرێت، بە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ (دلاوەر قەراغی).

بەرگی کتێبە نوێیەکانی نووسەر و وەرگێڕ (بەکر عەلی):



ڕیکلام