کەشتییە گیرخواردووەکەی نۆکەندی سوێس کەوتەسەر ڕێڕەوی خۆی

  2021-03-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو کەشتییەی ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە نۆکەندی سوێس گیریخواردبوو، بۆ دواجار کەوتەسەر رێڕەوی خۆی.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کەشتی (ئێڤەرگیڤن) ی ژاپۆنی، لە نۆکەندی سوێس کەوتووەتەسەر رێڕەوی خۆی و رێگاکەی کردووەتەوە.

کۆمپانیای ئینچ کەیپ (Inchcape) بۆ خزمەتگوزاری بارکردنی دەریایی لە تویتێکدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانراوە بە سەرکەوتوویی کەشتیی ئێڤەرگیڤن سەر ئاو بخرێتەوە و ئێستا کەشتییەکە سەلامەتە.

لە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردووەوە کەشتی (ئێڤەرگیڤن) ی ژاپۆنی، کە ئاڵای پەنامای هەڵکردووە  و کەلوپەل لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە، نۆکەندی سویسی داخستبوو.

رۆژی رابردووش کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە وڵاتی روسیا،  پێشنیازی کردنەوەی هێڵێکی گواستنەوەی کرد لەبری کەنداوی سوێس، کە بە ئێراندا تێپەڕدەبێت.

جەلالی رایگەیاند، "لە ژێر روناکی پەککەوتنکی کەنداوی سوێس، گرنگی چالاککردنی رێڕەوی باکور- باشور کە بەئێراندا تێدەپەڕێت و وڵاتی هیندستان دەبەستێتەوە بە روسیا، زیاتر دەردەکەوێت، پێویستە پەلە بکەین لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک."



ڕیکلام