بانکی ناوەندیی ئێران: بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنان پارەمان چاپکردووە

  2021-03-30  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرایکرد، حکومەتی وڵاتەکەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا پەنای بۆ چاپکردنی دراو بردووە، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە بودجەدا دروستبووە.

عەبدولناسر هیمەتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتدا نەمابۆوە، جگە لە هەنگاوی چاپکردنی پارە، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتدا.

هیمەتی ئاشکرایکرد، ١١ کەس تۆمەتبارکراون بەوەی بڕی ٩٠ ملیار تمەنیان لە بانکەکان وەرگرتووە، بەڵام تەنها برێ ٣٠ ملیار تمەنیان گەڕاندووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەککردنی زۆری بانکی لە ئێران ئەگەری ئەوەی هەیە گەندەڵی بەرهەم بهێنێت، بە دڵنیایشەوە هەندێک کەس هەیە دەیانەوێت ئەو بابەتە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن.

ئەو وتانەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، تەواو پێچەوانەی لێدانەکانی لەوەبەری حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانە، کە تا ئێستا چەندجارێک ڕایگەیاندووە، حکومەت بە هیچ شێوەیەک پەنا نابات بۆ چاپکردنی پارە و پارەش لە بانکی ناوەندیی قەرز ناکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی وڵات.



ڕیکلام