هاوپەیمانی فەتح: ڕێگە نادەین هەرێم ناز بکات بەسەر پارێزگاکانی دیکەدا

  2021-03-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن سالم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، ڕەخنەی گرت لە شێوازی دابەشکردنی داهاتەکان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن کوردستان ناز بکات بەسەر ناوەراستی و باشوردا.

لە بەیاننامەیەکدا حەسەن سالح لە هاوپەیمانی فەتح بڵاویکردەوە، زوڵم و نادادییەکی زۆر هەیە لە دابەشکردنی داهاتەکان، بەشێوەیەک ١١ تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانبکرێت، لە بەرامبەردا بۆ پارێزگایەکی وەک بەسرە یەک تریلیۆن دینار تەرخانبکرێت، کە دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسە و بە سەرچاوەی سەرەکی ئابوری عێراقیش دادەنرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشکرد، سەردەمی موجامەرات بەسەرچوو، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن کوردستان ناز بکات لەسەر حسابی ناوەڕاست و باشور.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا حەسەن سالم ڕوونیکردەوە، دەروازەکانی بەسرە سەرچاوەی بودجەی دەولەتن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان دارهاتی نەوتی بەسرە و دەروازە سنورییەکانی خۆشی دەبات و یەک دیناریش ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات و قەرزەکانی حکومەتیش نابژێرێتەوە.

حەسەن سالم داواوی لە پەرلەمان کرد، بە وریاییەوە و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە داهاتەکان دابەش بکاتن با هەموو پارێزگایەک شایستەی خۆی بەربکەوێت، بە هیچ شێوەیەک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت، تا ئەو کاتەی پابەندبوونەکانی جێبەجێ دەکات، لەڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە بە ڕێگای سۆمۆو رادەستکردنی قەرزی بانکی بازرگانی عێراقی و رادەستکردنی داهاتی خاڵە سنورییەکان و ڕێگەش بدرێت بە دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بکات لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، پیویست لەسەر هەموو کەسانی خەمخۆر چاودێری دەستور بکەن و دادپەروەریی بەدی بهێنن لە دابەشکردنی داهاتەکان لە نیوان عێراقییەکاندا، چونکە مەعقول نییە هەرێمی کوردستان ١٠ هیندەی بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ببات.

ئەو وتانەی حەسەن سالم لە کاتێکدایە، تا ئێستاش بەهۆی ناکۆکییەکانەوە، نەتوانراوە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میانی گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجە، لایەنە شیعەکان ئەو دەقە دەستکاریکراوەیان سەپاند و دەنگی پێدرا،بەپێی ئەو دەقە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نانێردرێت.



ڕیکلام