لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، لە رووداوێکی تەقەکردندا چوار کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە شاری ئۆرەنج کە ٣٠ میل لە ناوەندی شاری لۆس ئەنجلێسەوە دوورە، رووداوێکی تەقەکردن روویداوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵە.
ئاماژەیان بەوەشکردەوە، هەر لە ئەنجامی ئەو رووداوە تەقەکەرەکە و کەسێکی دیکە برینداربوون.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە رووداوەکە لە ناو باڵەخانەیەکی ئیداریی روویداوە.
پۆلیسی شاری ئۆرەنج رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هۆکار و پاڵنەری رووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.
لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ئەوە سێیەمین رووداوی تەقەکردنە کە لە ئەمریکا روودەدات و کەمتر لە دوو هەفتە پێش ئێستاش، لە شاری بۆڵدر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ ١٠ کەس کە رووداوێکی تەقەکردندا کوژران کە یەکێکیان پۆلیس بوو.