کوڕ و کچی ئەمڕۆ..

عەبدول محمد

نووسەر و رۆژنامەنووس
  08/01/2023  |    605 جار خوێندراوەتەوە

باسی ئەوانە دەکەم کە باوک و دایکیان بەھۆی تەمەوە ناتوانێت باش خواردنەکە بخوات و کەوچەکە بەرێت بۆ دەمی، لە بری ئەوەی لە خەمیدا بن، بەڵام بە تیلەی چاو سەیری یەکتری دەکەن وەک ئاشکراکردنی عەیبەیەک لێیان.

ئێستا کوڕەکان تەنھا لەو کاتەدا کۆکن و نزیکن کە بە گریانەوە دەچنە ژێر تەرمی باوکیان یان دایکیان بۆ گۆڕستان.

کچەکان تەنھا لەو کاتەدا بە تەواوەتی سەیری ناوچەوانی یەکتر دەکەن، بزانن کامیان فرمێسک زیاتر دەڕژێت بۆ لە دەستدانی باوکیان یان دایکیان.

کوڕەکان تەنھا لەو کاتەدا لە پاڵ یەکەوە دەوەستن کە ڕاوەستاون بۆ سەرەخۆشی لە باوک و دایکیان.

کچەکانیش لەو کاتەدا ھەست بە بوونیان دەکرێت، کە لە پرسەکەدا بە جلی ڕەشەوە و دەست بە سنگەوە دەگرن بۆ میوانەکان و منداڵەکانیشیان ئاو و خواردن دەگێڕن.

کوڕەکان تەنھا لەو کاتەدا ھەناسەیان دەچێت بەسەر یەکدا بۆنی عارەقی یەکتر دەکەن، کە لە ڕیزی پرسەکەدا دەچرپێنن بە گوێی یەکدا و سەرنجی ھەموو دەووروبەر بۆخۆیان دەبەن.

کچەکانیش تەنھا لەو کاتەدا باش لە یەکتری ورد دەبنەوە،  کە بۆ خاڵێکی لاواز دەگەڕێن لە جل و بەرگ و قسە و ھەڵسوکەوتی خۆیان  و نەوەکانیان.

کوڕەکان ئەو کاتە فرمێسکی ڕاستەقینە و گەرم دەڕێژن، کاتێک عەشاماتێک سەرەخۆشیان لێ دەکات و بە پێوە بۆیان وەستاون بۆ لەدەستدانی باوک یان دایکیان، بەڵام  لە ناخەوە ھەست دەکەن خۆیان شایانی ئەو ڕێزە نین.


کچەکان کاتێک بە توندی ھاوار دەکەن و سەرو پۆتەڵەکانی خۆیان دەڕننەوە، کە دەزانن چوار دەوریان سەیریان دەکات و سەرنجیان لەسەریانە، بەڵام کاتێک باوک و دایکیان نەخۆش بوون وەک پێویست لایان لێ نەکردوونەتەوە و بە تەنگیانەوە نەھاتوون.

کوڕەکان لەو کاتەدا بە گوێی دڵ گوێ لە قسەی یەکتر دەگرن، کاتێک میراتییەکە بەش دەکرێت و ھەرکەس بزانێت چەندی بەردەکەوێت.

کچەکانیش تەنھا لەو کاتانەدا بە برا گەورەکانیان دەڵێن کاکە، کە بزانن دڵیان نەرم بووە و بەشی میراتییەکەی خۆیان وەردەگرن.

ئەم دۆخە بە ڕاھایی و نائومێد بوون نییە، ھێندەی گواستنەوەی دۆخێکی ڕاستەقینەی ئەمڕۆی خێزانەکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوڕ و کچیش ھەیە لەئاست پێچەوانەی ھەموو ئەم نووسینەدایە.

بەو ھیوای دنیا ویستی وامان لێ نەکات حەقیقەتی خوشک و برایەتی و مافی دایک و باوکمان لە بیر بچێتەوە، بۆیە ھەموومان پێویستمان بە ھەڵوێستە و بەخۆداچوونەوەیە.

عەبدول محمد
زیاتر