نەوەی ئێستا و مامەڵەیان لەگەڵ دایک و باوک ..

عەبدول محمد

نووسەر و رۆژنامەنووس
  21/02/2023  |    565 جار خوێندراوەتەوە

بەداخەوە بەشێکی بەرچاوی ئەم نەوەیە لەبیری چووەتەوە، کە ڕێزگرتن و بەگوێکردنی باوک و دایک، جگە لەوەی وەک پەرستش و تەقسێکی تایبەت سەیر دەکرێت، وەک جۆرێکیش لەبەهایەکی بەرزی کۆمەڵایەتی سەیردەکرێت لەکۆمەڵگەی شەرقی بە گشتی و کوردەواری بە تایبەتی.

نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت بەگوێکردنی دایک و باوک لەئایینی ئیسلامدا ئەولەویەتێکی تایبەتی پێ درواوە و تەنانەت خوای گەورە ئەو بابەتەی لەپاڵ پەرستشەکاندا داناوە و لە چەندین ئایەتدا بەراشکاوی ئاماژەی بە ڕێزگرتن باشبوون بۆ دایک و باوک کردووە و بە رایەڵێکی بەهێزی و گەورەی لەقەڵەم داوە وەک دەفەرمووێت( ۆقَچَیٰ رَبُّکَ ڕَلَّا تَعْبُدُوٓاْ إِلَّآ إِیَّاەُ ۆبِٱلْۆٰلِدَیْنِ إِحْسَٰنًا ۚ إِمَّا ێبْلُغَنَّ عِندَکَ ٱلْکِبَرَ ڕَحَدُەُمَآ ڕَوْ کِڵاەُمَا فَڵا تَقُل لَّەُمَآ ڕُفٍّۢ ۆڵا تَنْەَرْەُمَا ۆقُل لَّەُمَا قَوْڵا کَڕیمًا)لێرەدا خوا باشبوون و بەگوێکردنی دایک و باوکی وەک عیبادەت و پەرستش حساب کردووە، ئەوەش بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر مەزنی ڕێزگرتن لەدایک و باوک. 

کەمبوونەوەی ڕێزی باوک و دایک لەلای مێردمنداڵان و گەنجە سەرکەشەکان، ئەمڕۆ بووەتە دیاردەیەکی باو و ڕەتیدەکەنەوە بچێنە ژێرباری بەگوێکردنی گەورەکانیان، هەندێک جار کار بەوەوەشەوە ناوەستێت، بەڵکو سەردەکێشێت بۆ توڕەبوون و هەڵشاخان و هاوارکردن بەسەریاندا.

باوک و دایک کاتێک ڕێگری دەکەن لەسەرکێشی ڕۆڵەکانیان و ئامۆژگارییان دەکەن هاوڕێیەتی هەموو کەس نەکەن، متمانە بە هەموو کەس نەکەن، ئیتر زۆر دژی ئەو کۆتووبەندانە دەبن کە بۆیان دیاری دەکرێت، بەڵام کاتێک ئەو تەمەنە تێدەپەڕێینن و دەچنە ماڵوحاڵی خۆیان ، ئەو کاتە تێدەگەن کە دایک و باوک چەند راستگۆبوون لەگەڵیان، بەڵام ئەوکات گەستنی پەنجەی پەشیمانی دادیان نادات  و کەوتووتوونەتە ژێر باری بێڕەحمەییەکانی ژیانەوە.

ئەوەی وایکردووە گەنج دەستبەرداری سەرکێشییەکانی نەبێت و گوێ نەدات بە ڕێزی دایک و باوکی، هۆکاری ئەوەیە هەست بە تاوان ناکات لەسەر ئەو مامەڵەو هەڵسوکەوتانەی کە بەرامبەر دایک و باوکی ئەنجامیان دەدات، جگە لەوەش شانازی دەکات بە هەڵسوکەوتە نابەجێیانەوە کە ئەنجامیان دەدات و نایەوێت کەس هیچی بەسەردا بسەپێنێت، تەنانەت ئامادە نییە گوێبیستی ئەو قسە دووبارانە بێت کە دایک و باوکی ڕۆژانەوە وەک زەنگێک ئاگاداری دەکەنەوە،هەندێک جار بۆ ئەوەی خۆی لە گوێگرتنیان دەرباز بکات ڕەخنە لەو خواردنانەش دەگرێت کە ڕۆژانە بە ئامادەکراوی دەخرێتە بەردەستیان.

راستە ئێستا ڕێگاکان ژیان و گوزەران گۆڕاون ، بەڵام دەبێت نەوەکان بزانن، ڕێزگرتن و بەگوێکردنی دایک و باوک یەکێکن لەمۆرکەکانی بنەمای بەردەوامی ژیان و خێزان و وەچەکان و بەهای نەگۆڕن و قابیلی قسەلەسەرکردن نیین.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵاووبوونی کوڕو کچەکان بە تەکنەلۆژیای نوێ و ڕۆچوون لە هەندێک تایبەتمەندیەکانی کرانەوەی کۆمەڵگە، کەمبوونەوەی تێکەڵاوی ئەندامانی خێزان لەسەر یەک سفرە و شەو مانەوەی گەنج و مێرمنداڵەکان بەدیار تەکنەلۆژیای بێڕەحمی نوێوە تابەیانی، هۆکارگەلێکن بۆ هەرەسھێنانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەو پاڵنەهۆو کارانەوایانکردووە، گەنجەکان نەپەرژێنە سەر بیرکردنەوە بۆ ڕێزگرتن لە باوک و دایک و گەورەی ماڵ، تەنانەت بەشێک لەو گەنجانە کێشەکانی ناوتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هێناوەتە ناو خێزانەکان و بوونەتە مایەی کێشە و لاساری زۆر بۆ خێزانەکانیان.

هەڵسوکەوتی گەنجی ئێستا جۆرێک لە یاخیببونی لە خێزان و دایک و باوک و مامۆستاو ناوەندەکانی خوێندنیشی بەدوای خۆیدا هێناوەتە ئاراوە .

بارودۆخەی ئابورییە خراپە سەپاوەکەی سەر خێزانەکان لە کوردستان، کاریگەریی تەواوی کردووەتە سەر شیرازەی خێزانەکان.
لەگەڵ ئەوەی داواکاری و پێداویستییەکانی ژیان زۆر بووە، لەبەرامبەرشدا باوک و کاسپکاری خێزان ناتوانێت وەک رابردوو یان پێویست پێداویستییەکانی گەنجی ئەمڕۆ دابین بکات، ئەو دۆخەش جۆرێک لە ناکۆکی و چەلەحانێی لەناوخێزانەکاندا دروستکردووە، بە تایبەت ئەو خێزانانەی کە یەک کاسپکاریان هەیە و کوڕ و کچەکانیان بێکارن یان بەهۆی خوێندنەوە ناتوانن هیچ کارێک بکەن یان هەر لە بنەڕەتەوە ئیشیان نەکرەوە و نایەوێت ئیش بکەن.

زیاتر