بێباكی میدیا و نائامادەیی كولتوور

داستان بەرزان

نووسەر و چیرۆکنووس
  13/09/2020  |    591 جار خوێندراوەتەوە
میدیای كوردی تابێت زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەریی جۆرێك لە میدیای سەرگەرمكەری وەها كە هیچ مانایەكی بۆ زانیاریی و تێگەیشتن تێدا نییە، ئەمەش پەیوەندی بەو شەڕەوە هەیە كە لە ئەمڕۆدا دەكرێت لە پێناو ڤیو و لایك و ڕێژەی بینەردا، كە هیچ كام لەمانە لە قوڵاییدا پێوەرنین بۆ باشی و خراپی بەرهەمێك، بەڵام بەو پێیەی میدیا بەدەست سیستمێكەوەیەوە كە ناوی سەرمایەدارییە و ئەم سیستمەش بەردەوام خەونی بەدەسهێنانی قازانج و بەرژەوەندی هەیە، لەوێدا میدیا خۆی لە هەموو بەهایەكی مرۆیی و مۆڕاڵی دادەماڵێت و خۆی دەداتە دەست ئارەزووی خەڵكی گشتی، لە ئەنجامدا بەو دۆخە دەچێت كە ماوەی چەند ساڵێكە لە كەناڵە جیاوازەكانی میدیای كوردییەوە دەیبینین.

میدیا هەم ژەهرە، هەمیش هەتوان، بەڵام ئەوەی لە زۆرینەی میدیای كوردییدا بەرچاو دەكەوێت یەكەمیانە و كەمترین ڕووبەری ئەم میدیایە كار دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ئەم كۆمەڵگایە، بۆ سەلماندنی ئەمەش پێویستە بپرسین لە میدیای كوردیدا ڕێژەی بەرنامەكانی چۆنێتی خواردن دروستكردنن زۆرن یاخود ئەو بەرنامانەی كار دەكەن بۆ ناساندنی كولتوورێكی ئاستبەرزی خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەی لە ڕێگەی خۆراكەوە تووشمان دەبن، یاخود كامە میدیای كوردی لە خەمی مێژوو، ئێستا و ئایندەی نەوەیەكدایە كە كەمترین زانیای لەسەر خۆی هەیە؟
 
ئەم نابەرپرسیارێتییەی میدیا گەیشتۆتە ئاستێك كە هەستناكەیت لە وڵاتێكدای كولتووری هەیە! ئەگەر خۆت نەگەڕێیت و سێرچ نەكەی ناڵێی ئەمە میدیای نەتەوەیەكە كە زیاتر لە هەر نەتەوەیەكی ناوچەكە پێویستی بە خۆناسین هەیە، بەپێچەوانەوە كاتێك لە میدیاوە سەیری ئەم كۆمەڵگایە بكەیت دەڵێی هەمووان خەریكی دروستكردنی خواردن و جلوبەرگ و مۆدێلی قژبڕین و جۆرەكانی جوانكاریین هەموو كێشەیان ئەوەیە بزانن كامە هونەرمەند لەگەڵ كامەی دیكە پەیوەندی هەیە و كامیان لە هاوسەرەكەی جیابۆوە و كامە ڕەنگ و تام و جۆری سەیارەی پێخۆشە..

لەنجامدا ئەوەی سەرنجە نائامادەیی كولتوورە، نائامادەیی هونەری ئاستبەرز و ئەدەبی ئاستبەرزە، بایەخنەدانە بە دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار لەبەرامبەر خۆی و زمان و نەتەوەكەییدا، بۆیە ئاكامەكانی ئەم جۆرە لە میدیا لە داهاتوودا دەردەكەوێت و كاریگەرییەكی ترسناك دەكاتە سەر تەواوی جومگەكانی كۆمەڵگا

زیاتر