چەند راستیەکی پشتی پەردە

هۆشیار عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق
  29/03/2021  |    1750 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بە گفتوگۆکانیی دوێنێی ناو لیژنەی دارایی ..

*دوێنێ لە لیژنەی دارایی لە کوتلە شیعیەکانم پرسی ئێوە بۆ داوای نرخی نەوت دەکەن و لەوە پاشگەزبونەوە کە ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت وەربگرن، لە ناو کۆبونەوە رەسمیەکە بێدەنگ بون و جوابیان پێ نەبوو، پاشان یەکێکیان بەتایبەتی هات بۆلام گوتی جەماعەتی هەرێم پێیان گوتوین نرخی نەوتەکە وەربگرن لە ئێمە بۆ ئێوە زۆر باشترە سبەی بۆریەکەمان تەقێندرایەوە یا وتمان کێشەمان هەیە و کێڵگەنەوتیەکانمان پەکی کەوتوە و ناتوانین نەوت بنێرین، ئێوە چی دەکەن؟ !

*پرسیارێکی ترم لە کۆبونەوەکە ئەوەبو، ئێوە لە مادەی یانزە برگەی ئەلف داوای بەهای نەوت دەکەن، بەهای نەوت هەر دەبێ بە مەقاصە، کەچی لە برگەی (ها) قفڵتان کردوە و مەجالی مەقاصەتان بڕیوە، بۆ نایبەستنەوە بە قانونی ئیدارەی مالییەوە مادەی ۲۷ برگەی ٥، سەرۆکی لیژنەکە گوتی؛ با بەوپەری راشکاوییەوە رونی بکەمەوە ئەو برگەیە بۆیە لابراوە تا وەکو ساڵی ۲٠۱۹ نەبێت، و ئەگەر هەرێم پابەند نەبو بەغدادیش هیچ نەنێرێ .

*پرسیاری سێهەمم ئەوەبو بۆمان ڕون بکەنەوە چۆن هەرێم دەتوانێ بە نرخی سۆمۆ، بەهای ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بداتە حکومەتی عێراق؟ لە کاتێکا خۆتان نرخی گواستنەوە و نرخی نەوتی هەرێم و سروشتی گرێبەستەکانیی دەزانن؟! سەرۆکی لیژنەکە هەولێدا بە ژمارە بیسەلمێنێ کە هەرێم دەتوانێ، کە ژمارەکانمان لەگەڵدا تاوتوێکرد دیسانەوە هاتەوە سەر مەقاصە کە رێگەی لێگیراوە جگە لەوەی پارەیەکی کەم دەمێنیتەوە ئەگەر بە لێبرین و ناردنی باقیاتەکەشی مامەڵە بکرێ، بەوەش سەلما ئەگەر هەرێم نەوتی رادەست بکردایە نەک داهات قازانجی زیاتر بوو و پارەی زیاتر بۆ دەهات .

*ئێمە هەفتەی رابردوو سەرەرای تێبینی زۆرمان لەسەر رێکەوتنەکەی هەرێم و بەغدا، دەنگمان بە رێکەوتنەکە دا چونکە پێمان وابوو لانیکەم لە برگەی ها دا مەجالێکی تێدایە شتێک پارە بۆ هەرێم بێت، کە شیعەکان پەشیمان بونەوە و برگەی ها یان دەسکاریکرد پارتی و یەکێتی هەفتەی رابردوو وتیان رێکەوتنەکە تێکدراوە و رازی نابین، کەچی دوێنێ بێ ئەوەی هیچ گۆرانکارییەک بکەن لەو دەسکاریانەی شیعەکان کردویانە دەنگیان بە رێکەوتنەکە دایەوە و ئێمە دەنگمان نەدا .

دوێنێ لە هەموکات زیاتر دڵنیابوم کە وەفدی هەرێم و پارتی و یەکێتی یەک شتیان لا گرنگە ئەویش ئەوەیە خۆیان بەردەوام بن لە فرۆشتنی نەوت جا موچە چاک دەبێ یان نا، داهات لە بەغداوە دێ یان نا بۆیان گرنگ نیە !

ئەوەش جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوانە و ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە دوێنی ئەوان دەنگیان بە دەسکاریەکانیی شیعەدا و ئێمە دەنگمان نەدا .

زیاتر