حزبوڵای عێراق هەرەشە لە مستەفا كازمی دەكات

  2020-08-01  | 
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق پێشتریش تۆمەتی کوژانی سلێمانیان خستە پاڵ کازمی
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەبوعەلی عەسکەری، سەرکردەی دیاری کەتائیبی حزبولای عێراقی، هەڕەشە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بەوەی تۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو هەهدی موهەندیسی لێدەكاتەوە .

ئەبو عەلی عەسكەری لە تویتێكدا كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پێشكەشی كردووە، نوسیویەتی "ئەم جەژنە لەم چركە ساتەدا بەهیچ شێوەیەك جەژن نییە، ئەكەر بە قەبارەی كوشتنی قاسم سولەمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و شەهیدانی شاری قائیم تۆڵەی تێدا نەكرێتەوە .

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا ئەو سەركردە دیارەی گروپی حزبوڵای عێراق وتوویەتی "ئەوەی پێشتر وتمان دووپاتی دەكەینەوە، بەشداربووانی ناوخۆ لە كازمی تاوانبار و غەدارەوە تا بچوكترین پلە، كە بەشدارییانكردووە لەو تاوانە مێژووییەدا، بەهیچ شێوەیەك لە سزا ڕزگاریان نابێت، باجەكەی هەرچەندە بێت و چەند ماوەشی بەسەردا تێپەڕێت ".

ئەو لێدوانە نوێیەی عەسكەری لە كاتێكدایە، پێشتریش لە كاتی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵدا، ئەبوعەلی عەسكەری و گروپەكەی ڕایانگەیاند، مستەفا كازمی شوێنی ئامانجەكەی بۆ ئەمریكا دەستنیشانكردووە .