"ئەو پارەیەی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابینکراوە بەحزبایەتی دابەشکراوە"

  2020-08-09  | 
هەولێر
شایان عەسکەری پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەک یارمەتی بۆ لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە بۆ نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر دابینکراوە، بەحزبایەتی کراوە و بە نادادپەروەری دابەشکراوە.

شایان عەسکەری پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بڕی ٥٠ ھەزار دۆلار وەکو یارمەتی ھاتووە بۆ نەخۆشخانەی رزگاری لە لایەن نوسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، حزبایەتی کراوە بە بنەما بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر ١٠٠ کارمەندی نەخۆشخانە، کە ھەندێکیان پەیوەندیان بە کۆرۆناوە نیە یان بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆشانی کۆڤید-١٩دا نیە .

دەشڵێت، پێویست بوو ئەوانەی لە ھێڵی پێشەوەی بەرگرین دژی کۆرۆنا، لەپێشینە بن بۆ وەرگرتنی یارمەتی، لەوانەی کە دەوام ناکەن و حزبین.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بەڵگە و نموونەی هێناوەتەوە بۆ قسەکانی و رایگەیاندووە، "بۆ نموونە باغەوانێک، تا چەند بەرکەوتنی ھەبووە لە گەل نەخۆشێکی کۆرۆنا، بە بەراورد لەگەڵ پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی، تا لە پێشی ئەوان یارمەتی وەرگرن".

شایان عەسکەری راشیگەیاندووە، پێویستە ئەم پارەیە وەرگیرێتەوە و بە دادپەروەری دابەشبکرێت بەسەر ئەوانەی شیاون، چونکە ئەمە ماڵی خەڵکە و گلدراوەتەوە لای شەخس .

دەشڵێت، "سەرنج بدەن، ٥٠ ھەزار دۆلارت لە کوێ بوو؟ پارە ھەیە بۆ منەت کردن، بەڵام نیە بۆ مووچە ! ، نادادپەروەری ئەم وڵاتەی وێرانکرد . "

لە کۆتایی قسەکانیدا شایان عەسکەری پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، ناوی ھەموو ئەوانەی یارمەتیەکەیان وەرگرتووە، لایان پارێزراوە.



ڕیکلام