لە پاییزدا

  2021-06-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی : ڤاسیلی شوکشین و. لەڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد


فیلیپ تورینی قەیاخەوان گوێی لە پاشماوەی هەواڵەکانی ڕادیۆکە دەگرت و کەمێک بەدەوری مێزەکەدا سووڕایەوە ومۆنییەکی بێدەنگانەی لێنیشت.
_ ناتوانن داسەکنێن!_ بە توڕەییەوە گوتی
_ لە کێ توڕەیت، دیسانەوە ؟ _ ژنەکەی فیلیپ، کە ئافرەتێکی درێژی خاوەن دوو دەستی پیاوانە و دەنگێکی گڕی پیاوانە بوو، لێی پرسی.
_ دیسانەوە بۆمبارانیان دەکەن!_ فیلیپ سەرێکی بەرەو ڕادیۆکە لەقاند. 
_ کێ بۆمباران دەکەن؟
_ ڤێتنامییەکان.

پیرێژنەکەی هاوسەری، ئەو خولیای سیاسەتەی مێردەکەی بەدڵ نەبوو، بەڵکو ڕقی هەڵدەستاند و، چەندین جار ڕوویدابوو کە هەر بەڕاستی لە سەر سیاسەت بوو بوو بە شەڕیان، بەڵام پیرێژن  ئێستا نەیدەویست شەڕ بکات، بە نیاز بوو بچێت بۆ بازاڕ. فیلیپیش بە ڕوخسارێکی جیدیانە وبە ئاگاوە جلوبەرگێکی گەرمی پۆشی و بەرەو لای قەیاخەکە ملی نا. 

فیلیپ دەمێک بوو وەک قەیاخەوان کاری دەکرد، هەر لەسەردەمی جەنگەوە. ئەوکات لە جەنگدا بریندار کرابوو و چیتر نەیدەتوانی سەردانەوێنێ و پیشەی دارتاشییەکەی جارانی بکات، ناچار ڕووی کردبووە قەیاخەوانی.

ئەو ڕۆژە کۆتایی ئەیلول بوو. پاش بارانێکی زۆر، بایەک هەلێکردبوو، سەرما و قوڕولیتاوێکی وای خوڵقاندبوو، کە لە ژێر پێدا شڵقەی دەهات، لە ڕادیۆی تاکە دوکانی دێیەکەوە دەنگی بەرنامەی وەرزشی بەیانیان دەهات. بایەکە، مۆسیقا و دەنگی زوڵالی بێژەرە مۆسکۆییەکەی پچڕ پچڕ دەکرد و سەروپۆتەڵاکی دەکوتانەوە. قووقەی کەڵەشێر و قرووسکەی بەرازی ناو دێیەکە تیژتر و زیاتر بڕیان دەکرد. 

ئەو خەڵکە دێنشینەی بەرەو ڕووی فیلیپ دەهاتن بەسەرلەقاندنێک سڵاوێکیان دەکرد و بە پەلە ڕێگاکەی خۆیان دەبڕی.

فیلیپ ڕاهاتبوو بەیانیان ئەو ڕێگایەی نێوان ماڵەوە و قەیاخەکە بەپێ ببڕێ. بێ بیرکردنەوە ئەو مەودایەی دەبڕی. ڕاستییەکەی هەمیشە بیری لە شتێک هەر دەکردەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک بیری لە قەیاخەکە نەدەکردەوە، یان لەوەی بەدرێژایی ڕۆژ ئەمبەر و ئەوبەر بە کێ دەکات. ئەو شتانە لای ئەم ئاشنا و ئاشکرابوون. ئەوەی ئیستاکە بیری لێدەکردەوە ئەوەبوو چی بکرێت تا ئەو ئەمریکیانە داسەکنێن و شەڕ نەکەن. ئەو سەری سوڕمابوو لەوەی باشە بۆ کەسێک پرسیار ناکات: بۆ لەڕێگای ڕۆکێتەکانمانەوە هەڵیان نەکەنین و بیاندەینەوە دواوە؟ ئاخر خۆ بە دوو ڕۆژ دەکرێ هەموو مەسەلەکە کۆتایی پێبهێنرێت. فیلیپ هەر لە گەنجییەوە زۆر چالاک بوو، چالاکانە کەوتبووە کارکردن لەپێناو ژیانێکی نوێدا و چالاکانەش خزابووە  بزووتنەوەی بە هەرەوەز کردنی کشتوکاڵ، ڕاستە ئەو  خۆی بەشداری لە دەستبەسەراگرتنی  زەوی جوتیارە دەوڵەمەندەکان و دابەشکردنیاندا نەدەکرد ، بەڵام بەردەوام دەکەوتە شەڕەدەمێ و هاوار و هات و هەڵاوە، ئەوانەی قاییلدەکرد کە باوەڕیان لەق بوو، خۆیشی تووڕەیی و نیگەرانی دایدەگرت. فیلیب ئەندامی حیزبیش نەبوو❊،  بەڵام، وەک بڵێی، هەلێکی وا ڕێکنەکەوتبوو، ئەو باسە لە گەڵ هاوڕییانی بەرپرسدا بکاتەوە، هەرچەندە هاوڕییانی بەرپرس بێ ئەم زۆر کاریان پێ مەیسەر نەدەبوو. ئەویش بە دڵ و بەگیان یارمەتی دەدان و لە دڵی خۆیشیدا شانازی بەوەوە دەکرد، کە ئەوان بێ ئەم هیچیان پێهەڵناسوڕێ. بۆنموونە، ئەوەی زۆر بەدڵ بوو کە  لە دەمەدەمی هەڵبژاردنەکاندا بڕیاردرا  لە ئەنجومەنی دێدا و لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی لە ناوەندەوە هاتبوون تاووتۆی ئەوە بکەن ئایا چۆن بکەن باشترە: سندوقی دەنگدانەکە بۆ کام کەسانە ببرێتە ماڵەوە و کام کەسانەش پێویستە خۆیان بێن بۆ دەنگدان، گرنگ ئەوەیە کەسێک بەیانی بەسەر خەلکەکەدا بگەڕێت و بیریان بخاتەوە ...  کەسانێکیش هەبوون دەکەوتنە وڕکگرتن و بیانووهێنانەوە'' ئەی چۆن، پێویستم بە وڵاخێک بوو ، زۆریان دامێ...خۆ من بۆ دارهێنانم دەویست'' فیلیپ لەو جۆرە قسانە دەهری دەبوو و دەیگوت: '' ئیگەر، ئەوە بەڕاست تۆ باسی چی دەکەیت؟_ فیلیپ بە کابرای جووتیاری دەگوت_ ئاخر هەر خۆت بیڵێ، ئەو دوو شتە چۆن لە گەڵ یەکدا بەراورد دەکرێن؟! دە فەرموو دەی! ئێمە لێرە پرسێکی سیاسی باس دەکەین، تۆش شیوەنی وڵاخمان بۆ دەکەیت، ئەمەیە دەڵێن، گۆشتی گوێرەکەی لە گەڵ هیندا لێ تێکچووە...''  دوای ئەوە بە دێکەدا دەگەڕا تا بۆچوونی خۆی بۆ  هەمووان ڕوونکاتەوە و بسەلمێنێ. خەڵکەکەش گۆشەنیگای خۆیان دەسەلماند و بەخۆشییەوە دەکەوتنە دەمەتەقێ لە گەڵیدا و لێی زوویر نەدەبوون، بەڵکو پێیان دەگوت:'' دە تۆ بڕۆ بە هاوڕێیان وا بڵێ...'' ئالێرەدا فیلیپ هەستی بە گرنگی چرکەساتەکە دەکرد، هەموو گیانی دەهەژا:'' دە  وەرە گۆی لەم خەڵکە بگرە!_فیلیپ ئەم قسانەی لە دڵی خۆیدا دەکرد و هەموو گیانی سەرگەرمی ئەو پرسە گەورە وگرانانە دەبوو_ چ شڕەمیللەتێکی خەواڵوومان هەیە''

 لە گەڵ بە ساڵاچوونیدا، چالاکییەکەی فیلیپ بەرەو کزی دەڕۆیشت. شتێک لە مێشکی چەسپابوو کە چیتر ناتوانێت وەک جاران چالاک بێت و خۆی بڕەتێنێ. بەڵام هەر وەکوو جاران پرسە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان دەیانجوڵاند و دڵیان دەهەژاند. 

بایەکی نیان سەر ڕووی ڕووبارەکەی دەلاواندەوە. گوریسە مەعدەنییەکانی قەیاخەکە دایانلووراند. بەڵام خۆرەکە بە حاڵ سەری دەرهێنابوو، هەر بەزیادبێت.

فیلیپ چەندین جار ئەمبەر و ئەوبەری بە قەیاخەکەی کرد و چەندین سەرنشینی بە پەلە و نائارامی گواستەوە، دوواتر کارەکە ئاسانتر ڕۆیشت و پێویستی بە دەمارگرژکردنێکی ئەوتۆ نەبوو، بۆیە فیلیپ دیسانەوە کەوتەوە بیرکردنەوە لە ئەمەریکییەکان، بەڵام لە پڕ کاروانی زەماوەندێک پەیدا بوو. زەماوەندی ئەم زەمانە، بە ئوتۆمبێل و قردێلە و میزەڵانەوە. لە دێیەکەی ئەمیشدا ئەم تەرزە زەماوەندە پەیدا بووە. سێ ئوتۆمبێل ، یەکجار، یەکجار خۆپیشاندەرانە و لەخۆڕازییانە هاتنە بەرەوە. ڕاستییەکەی هەرچەندە بووکبردن بە ئوتومبێل و قردیلەوە ببووە باو ، بەڵام هەموو کەس وا بە ئاسانی ئوتومبێلی چنگ نەدەکەوت. 

فیلیپ کەوتە سەرنجدان و لێوردبوونەوە لە زەماوەندەکە. سەرنشینی ئوتۆمبیلەکانی نەدەناسییەوە، دیاربوو خەڵکی ناوچەکە نەبوون و لە دوورەوە هاتبوون و بۆ شوێنێک کەوتبوونە ڕێ . لە ناویاندا پیاوێکی شەپقە بەسەری، کەمێک لە تەمەندا، زۆر خۆی بادەدا  وڕەفتاری سەیری دەنوواند، دیاربوو ئەو ئوتومبێلەکانی پەیداکردبوو. کابرا دەیویست بە زۆر کەیف و زەوق بە زەماوەندەکە بدات و کۆڕ گەرمکات.  بە زۆر کابرای ئۆکۆردیۆنبەدەستی ناچار کرد لە سەر قەیاخەکە مۆسیقا بژەنێ، و خویشی یەکەم کەس کەوتە سەما وخۆبادان ، کەوتە نەعرەتەلێدان و قاچ کوتان بەزەوییدا و وەک هەڵۆیەک سنگی لێدەرپەڕاندبوو. بەڵام مرۆڤ تەنانەت بەسەیرکردنیشی شەرمی دەهاتێ. بووک و زاوا شەرمیان بە کابرا دەهات. ئەوان لە خەڵکەکەی تر کەمتریان خواردبووە و و سەنگین و سەلارتربوون. کابرای شەپقە بەسەریش، هەرچەند کردی و کۆشای، بەو جۆش و خرۆشە ساختەیەی خۆی کەسی بۆ نەهاتە بەربار و کەیفخۆشییەکەی بۆ کەس نەگوازرایەوە... خۆی ماندوو بوو و کۆڵی دا... قەیاخەکە گەیشتە ئەوبەر. ئوتۆمبێلەکان سەر قەیاخەکەیان جێهێشت و زەماوەندەکە ڕێی خۆی گرتەبەر.

فیلیپ کەوتە بیرکردنەوە لە ژیانی خۆی و بەسەرهاتی ژنهێنانەکەی. لە دێیەکەیاندا کیژێک دەژیا بە ناوی ماریا یەرمۆڵەڤا ، کیژێکی یەکجار جوان و سووروسپی، ڕووخۆش، تێرت نەدەخوارد لە سەیرکردنی. دەزگیرانێک بوو، کە  پیاو هەر دەبوو  لێی ڕاکشایە و خەوی پێوەببینێ. فیلیپ بێ ئەندازە خۆشیدەویست، ماریاش ئەمی خۆشدەویست، کار گەیشتە زەماوەند و هاوسەرگیری. بەڵام فیلیپ لەو کاتەدا تێکەڵ بە کەمسەمۆڵەکان❊❊ ببوو. لە مەشدا بە هەمان شێوە: خۆی کەمسەمۆڵ نەبوو، بەڵام پێ بە پێی ئەوان هاواری دەکرد و وەک ئەوان هەرچی هەبوو و نەبوو دەیخستە ژێر پرسیارەوە و ڕەتی دەکردەوە. ئەوەی زۆر بەدڵ بوو کە کەمسەمۆڵەکان بە ڕووی گەورەساڵانی دێیەکەدا دەچوونەوە و ڕاسەپاندنەکانی ئەوانیان ڕەتدەکردەوە. وا ڕێککەوت کە سەرجەم لاوانی هۆشمەندی دێیەکە دژی مارەبڕینی ناو کڵێسە وەستانەوە و ڕەتیاندەکردەوە. دۆخێکی نەبیستراو و نەبینراو خوڵقابوو لە ناو دێدا. پیر و بەساڵاچووەکان هیچیان پێنەدەکرا، توڕەدەبوون و بیریان دەکردەوە دەست بدەنە قامچی و، ئەگەر بە بیرازکردنیش بووە، ئەو هەرزەکارانەی هێشتا بۆنی شیری خاو لە دەمیان دەهات بهێننەوە سەر ڕێ، بەڵام لەوەش دەپرینگانەوە کە ڕەنگە کارێکی وا پاڵنەرێکی زیاتریان بێت بۆ سەرسەختی و ملنەدان. سەردەمێکی پڕ گۆڵمەز بوو. فیلیپیش وەک پیشەی هەموو کاتێکی، ڕایگەیاند کە ئەمیش دژی مارەبڕینە، هەرچی ماریاش بوو،  بە پێچەوانەوە، دەیویست مارەبڕینەکە ئەنجامبدرێت. دایک و باوکی ماریا هێشتا بەبەریانەوە مابوو و توانای بڕیاردانیان مابوو، خودی  ماریاش هەر بەجارێک خۆی لە ڕیزەکانی لاوانی پێشەنگ جیاکردبووەوە و، پێداگریی لەسەر مارەبڕینەکەی دەکرد. فیلیپ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا ماریا قاییل بکات (ڕاستییەکەی ئەو لە قسەکردن و قاییلکردندا بە توانابوو، ڕەنگە ماریا هەر لە بەر ئەوەش حەزی لێکردبێت، بەو پێیەی ئەو جۆرە هونەر و توانایە لە لادێدا دەگمەنە) ئیتر قسەی بۆ دەکرد، نەفامیی ناو دێیەکەی بە نەفرەت دەکرد، وتاری جۆراوجۆر و تەنانەت گاڵتەئامێزی بۆ دەخوێندەوە، بە دەم ژانی دڵەوە دانی جیڕ دەکردەوە، بەڵام هیچ شتێک لەوانە کاری لە ماریا نەدەکرد: دەبێ مارەمکەیت و تەواو.

ئێستا، کە ئاور لە ژیانی پێشووی خۆی دەداتەوە، فیلیپ تێدەگات کە ئەو دەم بێمێشکییەکی لە ڕاستکردنەوە نەهاتووی قەوماندبوو. هەردووکیان دەستبەرداری یەک بوون و جیابوونەوە، بەڵام فیلیپ دواتریش هەر نەگوڕرا و لەوە پەشیمان نەبوو کە بە هەموو هیمەتی خۆی بەشداری کردبوو لە سەرلەنوێ بنیاتنانی ژیانێکی تازەدا، ئەگەرچی بەداخیش بوو  بۆ لە دەستدانی ماریا. هەموو ژیانی خۆین لە دڵی دەتکا و ژانی دەکرد. تاکە ڕوژێکیش تێنەپەریبوو، تیایدا ماریای بیرنەکەوتبێتەوە. لە سەرەتاوە دۆخەکەی هێندە  لا ناهەموار بوو، کە خەریک بوو دەستی بچێتە خۆی و کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. بە تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵەش ئەو ئازارەی هەر نەدەبڕایەوە. هەرچەندە ژنیشی هێنابوو، ژنهێنانکی مەدەنی❊❊❊ ، ببووە خاوەن ماڵ و مناڵی خۆی،  بەڵام ئازاری لە دەستدانی ماریا بەسەرنەدەچوو. دڵی بەردەوام  بۆ ماریا ژانی دەکرد و دەکولایەوە.  فێکڵا کوزەڤنیکای هاوسەریشی، کە ئەو پەژارە قووڵ و بەسەرنەچووەی تیا بەدیکردبوو، ئیترڕقی لێ هەڵگرتبوو . ڕقێکی قووڵ و بیدەنگ کە بەردەوام لە ناخیدا دەژیا. هەرچی فیلیپیش بوو ڕقی لە فێکڵا نەبوو. بەڵام هەموو جارێک، کە لە کاتی جەنگدا کۆییان دەکردنەوە و وتاریان بۆدەدان و پێیان دەگوتن:'' ئێوە داکۆکی  لە دایک و ژنی خۆتان دەکەن...'' فیلیپ لە بری ئەوەی ڕوخساری فیکڵا بێتەوە بەرچاوی ، تەنیا ڕوخساری ماریای دەدی، خۆ ئەگەر بشکوژرایە ئەوا پێش ئەوەی بو دواجار چاولێکبنێ هەر ماریای لە خەیاڵدا دەبوو. نەخێر، ژانی لەدەستدانی ماریا بە تیپەڕبوونی ڕۆژان و ساڵان بەسەرنەچووبوو، بەڵام چیتر، وەک ساڵەکانی سەرەتای هاوسەرگیرییەکەی، کسپەی لە دڵییەوە نەدەهێنا. فیلیپ ئەو دەمە قسەکردنیشی کەم ببووەوە. ڕاستە وەک جاران چالاک بوو، قسەی بۆ خەڵک دەکرد، چونکە دەبووایە چاویان بکاتەوە، بەڵام هەموو جارێک وەک ئەوە وابوو بەو قسەکردنانەی  خۆی لە یادەوەرییەکی زەبەندی  پڕ تاڵاو بدزێتەوە. ڕوویدەدا کە خەیاڵ دەهێنا و دەیبرد، لەپڕ بە ئاگا دەهاتەوە و دەکەوتەوە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، چاوکردنەوەیان لە ئاست شتە تازە و دیاردە پەیپێنەبراوەکاندا.
  
هەرچی ماریاش بوو ، هەر ئەو دەمە لە دێکەوە گوازرایەوە. دۆستایەتی لە گەڵ کابرایەکدا پەیدا کردبوو( ئەو کابرایە چیتر نەناسراو نەبوو، چونکە فیلیپ دواتر چەندجارێک بەو کابرایە گەیشتبوو) گەنجێکی دارای خەڵکی کرایوشکینا بوو. لە گەڵ کەسوکارەکەیدا هاتبوونە خوازبێنی ماریا و لە گەڵ خۆیاندا گواستبوویانەوە، بێگومان پاش مارەبڕینی لە کڵێسەدا. فیلیپ ساڵێک دواتر لە پاڤڵی میردی ماریای پرسیبوو:'' دەی باشە پێت شەرم نەبوو؟ هەڵتەک هەڵتەک بچیتە کڵێسە '' پاڤڵ سەرەتا خۆی وا پیشاندابوو کە سەری سوڕماوە لە پرسیارەکە و دواتر  گوتبووی:'' لە پای چی و لەچ شتێک شەرمەزار بوومایە؟''  فیلیپ وەڵامی دابووەوە : '' شەرمەزاری ئەوەی کە ملت دا بۆ خواستی خەڵکە بەساڵاچووەکاندا'' پاڤڵ لە وەڵامی ئەوەدا گوتبووی:'' من ملم بۆ کەس نەداوە ، من خۆم دەمویست مارەبڕینمان هەبێت''  لێرەدا فیلیپ بە کەمێک پەشۆکانەوە گوتبووی:'' ئاخر منیش پرسیاری ئەوە دەکەم، شەرمت بەخۆت نەدەهات؟  بە ساڵاچووەکان ، بە هەر حاڵ، پیاو دەتوانێ لێیان  تێبگات، ئەی ئێوەی لاو چی؟ ئاخر کار بەم شێوەیەی ئێوە بڕوات ، ئێمە هەرگیز لەم تاریکی و نەفامییە قورتارمان نابێت. لە وەڵامی ئەوەدا پاڤڵ جنێوێکی پیسی پێدا بوو: '' دە وەرە سەر....''  و چیتر گفتۆگۆکەی لە گەڵ تەواو نەکردبوو.

فیلیپ سەرنجی ئەوەی دابوو کە هەر جارێک بە پاڤڵ دەگەیشت، پاڤڵ بە قینێکی حەشاردراوەوە سەیری ئەمی دەکرد، بە جۆرە ئازارێکەوە، وەک ئەوەی بیەوێ لەشتێک تێبگات و نەتوانێت تێیبگات. دواتر هەواڵی ئەوەی بەرگوێ کەوتەوە کە ژیانی هاوبەشیان لە گەڵ ماریادا هێندەش خۆش نییە و ماریا لە پەژارەدا دەژی . وەک بڵێی فیلیپ هەر ئەوەی کەم بووبێت، ئیتر لە داخا سەری کردە خواردنەوە، پاشان وازی لە خواردنەوەش هێنا و ژیانەکەی خۆی دەژیا،  بەڵام ماری ئەو ئازارە  لە هەناویدا هەر گینگڵی دەدا و، تاوە ناتاوێک، دەیگەزت و ئەمیش هەر دانی بەخوێدا دەگرت. 

ئەو زەماوەندەی ئەمڕۆ، بە ئوتۆمبێلەکانەوە، ئەم بیر و خەیاڵاتە غەمگینانەی لە گەڵ خۆیدا هێنا. هەر بەوخەیاڵاتانەوە فیلیپ چەند ئەمبەر و ئەوبەرێکی تری بە قەیاخەکەی کرد و بیری لەوە دەکردەوە ڕەنگە خراپ نەبێت لە گەڵ نانی نیوەڕۆدا پەرداخێک ڤۆدکا بخواتەوە. سەرماکەی دەخزایە ئێسقانەوە و شتێکیش لە ڕۆحی ئەمدا هەر دەکروزایەوە. ڕۆحی وا دەیناڵاند کە نیگەرانیی سەراپای گیانی تەنیبووەوە. فیلیپ بڕیاری دا دووجاری تر بپەڕێتەوە ئەوبەر و کە گەڕایەوە بچێتەوە ماڵەوە بۆ نانی نیوەڕۆ.

کاتێک فیلیپ بە قەیاخەکەیەوە لە کەنارە نامۆکەی ئەوبەرنزیک بووەوە ( فیلیپ کەناری خۆی هەبوو، ئەو کەنارەی دێیەکەی خۆی لێیە، کەناری ئەوبەریش کەنارە نامۆکە بوو بۆی) ئوتۆمبێلیکی بارهەڵگری سەرگیراوی بینی کە چەند کەسێک لە دەوری وەستابوون. چاوی ڕاهاتووی فیلیپ یەکسەر  دۆخەکەی لێکدایەوە وتێگەیشت کە ئەو خەڵکە چیین و چییان هەڵگرتووە. ئەوە  مردوویەکیان پێیە. خەڵک فێرن، بە هەمان شێوە مردوو بە ڕێدەکەن: کە دەگەنە ئاستی قەیاخەکە، لە ئوتۆمبێلەکە دادەبەزن و تابووتەکە  لە ناو ئوتۆمبێلەکەدا جێدەهێڵن  و چاو دەبڕنە ڕووبارەکە و بە بێدەنگی دەوەستن، ئیتر یەکسەر هەموو شت ڕوون و ئاشکرایە:
'' بڵێی ئەوە کێ بێت  بەڕێی دەکەن ؟_ فیلیپ پرسیاری لە خۆی کرد و کەوتە وردبوونەوە لە خەڵکەکە_ دیارە کەسێکە خەڵکی لای سەرووی ڕووبارەکەوەیە، چونکە نەیبستبوو کەسێک لەم نزیکانەوە مردبێت. بەڵام بۆ هێناویانە بۆ ئێرە؟ چییە لە زێدی خۆی نەمردووە و ئێستا  بە مەبەستی بەخاکسپاردنی هێناویانەتەوە بۆ زێدی خۆی؟''

كاتێک قەیاخەکە  تەواو لە کەناری ڕووبارەکە نزیکبووەوە. فیلیپ لە ناو خەڵکەکەدا چاوی بە پاڤڵی مێردی  ماریا کەوت. ئیتر فیلیپ یەکسەر تێگەیشت تەرمی کێیان پێیە، ئەوە تەرمی ماریایان هێناوەتەوە. بیری کەوتەوە کە ماریا لە سەرەتای هاویندا بە مەبەستی سەردانی کچەکەی لە شار بە قەیاخەکەی ئەم پەریبوەوە و، لە کاتی پەڕینەوەکەدا کەوتبوونە قسەو باس و، ماریا گوتبووی کە کچەکەی لە شار منداڵی بووە و، ئەم دەبێ ماوەیەک بچێت بۆ یارمەتیدانی. گفتوگۆیەکی خۆش لە نێوانیادا  دامەزرابوو. ماریا بۆی باسکردبوو، کە ژیانیان خراپ نییە و هەر سێ منداڵەکانیان گەورە بوون و خاوەن حاڵ و ماڵی خۆیانن، کە ماریا خۆی ئێستا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت، پاڤڵی مێردیشی خانەنشینە بەڵام بە دەمیشییەوە وردە ئیشێکی تەختەسازی لە ماڵەوە دەکات. ئاژەڵدارییەکی هێندە گەورەیان نییە ، بەڵام وەک بڵێی لە هیچیشییان کەم نییە. ئێستا کەوتوونەتە سەر سەمتی ئەوەی قەلەموون بەخێوکەن. ساڵی پار دەستیکیان هێنابوو بە خانووەکەیاندا و کوڕەکان هاتبوونەوە و یارمەتییان دابوون. فیلیپیش باسی ئەوەی بۆ کردبوو کە هەموو شتێک تا ئێستا  باشە و خانەنشینیی وەردەگرێت و تەندروستیشی باشە، هەرچەندە جاروبار، بە پێی کەش و هەواکە، تووشی ژانەسەر دەبێت. ماریاش گوتبووی کە ئەویش  هەندێ جار دڵی ژان دەکات، ماوەیەکی زۆر بێدەنگە بەڵام لە پڕ لێی دێتە ژان و وا دێتەوە یەک و دەگوشرێ، کە جاری وا هەیە  ئازارەکە بە شەوان  وا گرمۆڵەی دەکات قەستە دەستکاتە گریان.

ئەوەتا، ئێستاش دیارە کە ژیانی ماریا بە کۆتا گەیشتووە. فیلیپ هەر کە پاڤڵی ناسییەوە، هاوارێک  لە هەناویدا بەرزبووەوە. تایەک هەموو گیانی تەنیییەوە. قەیاخەکە خۆی دا بە لەنگەرگا لەق و ناجێگیرەکەدا، خێرا زنجیری قەیاخەکە لە ئەڵقەکانی لەنگەرگاکە توند کرا و بە نوێل دایانگرتەوە و قایمیان کرد.  بارهەڵگرە سەرگیراوەکە خەریکبوو بەچەرخەکانی پێشەوەی دەچووە سەر لەنگەرگاکە وبڕەداری لەنگەرگاکە جیڕە و ناڵەی پێکەوت...
فیلیپ هەر وەک سیحری لێکرابێت لە پاڵ سەوڵەکەیدا وەستابوو و لە ئوتۆمبێلەکەی دەڕوانی.

ئای خوایە گیان، خوایە، ئەوە ماریایە دەیبەن، ماریا... فیلیپ دەبووایە ڕێنمایی شۆفێرەکە بکات لە کوێدا ئوتۆمبێلەکەی ڕاگرێ، چونکە دوو ئوتومبێلی تر بە دوایەوە بوون و، دەبووا ئەوانیش شوێنیان بۆ بکرێتەوە لەسەر قەیاخەکە، بەڵام فیلیپ وەک ئەوەی لە شوێنی خۆی ڕووابێت، تەنیا سەیری ئوتومبێلکەی یەکەم و پێشەکەی دەکرد.
_ لە کوێدا ڕایگرم؟_ شۆفێرەکە پرسی
_ ها؟
_ لە کوێدا بیوەستێنم ؟
_ دە لەوێدا_ فیلیپ بە شێوەیەکی ناڕوون دەستێکی بۆ لایەک ڕاوەشاند.

ئەو، بەهیچ شێوەیەک نەدەچوو بەمێشکیدا، کە ئەوە ماریایە دەیبەن بە خاکی بسپێرن. 
بیرۆکەکانی ناوسەری لە گێژاوێکدابوون و لە بازنەی کۆستی کەوتوویدا بۆی کۆنەدەکرانەوە.
دەمێک ماریای دەهاتەوە یاد کە ئا لەسەر ئەم قەیاخە  ئەوەی بۆ باسکردبوو کە ژیانیان باشە، دەمێک یادی سەردەمی لاوێتیی دەکردەوە .. ئای خوایە، خوایە گیان ...هەر بەڕاست ئەوە تۆییت ماریا؟ 

فیلیپ سەرەنجام قاچی لە شوێنەکە هەڵکەند  و لە پاڤڵ نزیکبووەوە. دیار بوو ژیان پاڤڵیشی پروواندبوو. ڕاستە ڕوخساری هیشتا پاراو دەهاتە بەرچاو و، چاوەکانی زیرەک و گەشبوون، بەڵام ئەوەی پێی بگوترێ شان و شەوکەت و قەد و باڵا نەیمابوو. غەمێکی قووڵ و ئارامیش لە چاوە زیرەک و زیتەڵەکانییەوە دزەیان دەکردە دەرێ .

_ چییە، پاڤڵ؟ _ فیلیپ پرسیاری لێکرد.
پاڤڵ نیگایەکی خێرای لە فیلیپ کرد و، وەک بڵێی تێنەگەشتبێت پرسیاری چییان لێکردووە، سەری شۆڕکردەوە و چاوی بڕییە تەختەکانی قەیاخەکە. فیلیپ ڕووی نەهات  جارێکی تر پرسیار بکاتەوە.... دیسان گەڕایەوە لای سەوڵەکەی،  بەدەم ڕویشتنەوە بەلای بارهەڵگرە پشت کراوەکەدا تێپەڕی وچاوی بە تابووتەکە کەوت. ژان چووە دڵییەوە و، ئیتر هەموو بیرو هۆشی لە یەک ناودا کۆببووەوە: ماریا. 

قەیاخەکە ڕێی گەڕانەوەی گرتەبەر. فیلیپ، بە شێوەیەکی میکانیکی و بێ گیان، سەوڵەکەی دەوەشاند و هەموو کاتەکەش  لە دڵی خۆیدا دەیگوت:'' ماریوشکا...ماریا'' ئازیزترین کەسی لەم دنیایەدا، بۆ دوایەمین جار، لە گەڵ ئەمدا بە ئاوەکەدا دەپەڕێتەوە. ئەو بەژماردە دەیتوانی هەموو ئەو جارانە بێنێتەوە یادی خۆی،  کە بە درێژایی ئەم سی ساڵەی قەیاخەوان بووە، ماریا لە گەڵیدا پەریبووەوە. بە زۆری بە هۆی مناڵەکانییەوە سەفەری دەکرد، دەمێک خوێندنیان لە شوێنێک دەکرد، دەمێک دادەمەزران و ماڵیان پێکەوە دەنا، یان منداڵیان لە دایکدەبوو، وا ئێستاش ماریا چیتر لە ژیاندا نییە. 

قەیاخەکە لە کەنارەکەی خۆیان نزیک دەبووەوە. دیسانەوە زرنگەی زنجیرەکان و وڕە وڕی ماتۆڕەکان بەرزبووەوە . فیلیپ دیسانەوە لای سەوڵەکەیەوە وەستایەوە و سەیری بارهەڵگرە سەرگیراوەکەی دەکردەوە.
ئای چەند کارێکی سەیر و بەمێشکانەچووە...

هیچ کاتێک، بە درێژایی ژیانی، بیری لەوە نەکردبووەوە : ئەی ئەگەر ماریا مرد، چۆن؟ بۆ تەنیا جارێکیش وا بیری نەکردبووەوە. تاکە شتێک کە ئەو خۆی بۆ ئامادە نەکردبوو، مەرگی ماریا بوو. کە بارهەڵگرە سەرگیراوەکە قەیاخەکەی جێهێشت، فیلیپ هەستی بە ئازارێکی ناهەموار کرد لە سنگیدا. نائارامیی گیانی تەنییەوە: دەبێت شتێک بکات! ئاخر وا دەیبەن! بە یەکجارەکی و بۆ هەتاهەتایە.
ئاخر خۆ ناکرێت هەموو شتێک هەروا کۆتایی بێت: چاوێک بە تابووتەکەدا بخشێنێت و تەواو. ئاخر چۆن وا دەبێت؟
نئەو نائارامییە تا دەهات زیاتر بە گیانیدا تەشەنەی دەکرد، لێ ئەو نەیدەتوانی لە جێی خۆی ببزوێ، ئەوەش زیاتر پەرێشانی دەکرد.
'' کوڕە خۆ دەبوو هیچ نەبێت ماڵئاواییەکی لێ بکەم_ فیلیپ، ئەو کاتەی بارهەڵگرەکە گوڕی دایە خۆی تا  لە بەرزایی لەنگەرگاکە  تێپێەڕێ، لەوە گەیشت_ هیچ نەبێ ماڵئاواییەکم لێبکردایە! هیچ نەبێ بۆ دوایەمین جار چاوم پێی بکەوتایە. خۆ سەری تابووتەکە هێشتا بزمارڕێژنەکراوە، خۆ دەکرێ سەیرێکی بکەم!'' فیلیپ وا هات بەمێشکیا کە ئەو خەڵکەی، بە پاڵ ئەمدا، خەریکن  ماریا بەرن،  مافی ئەوەیان نییە کارێکی وا بکەن...هەروا بیبەن و بڕۆن وتەواو. ئاخر ئەگەر ئەم کۆستە هی کەسێک بێت ئەوا پێش هەرکەسێکی تر کۆستی ئەمە. ئاخرئەوەی لە تابووتەکەدایە ماریایە. بۆ کوێی دەبەن؟ ئیتر سەراپای ژیانی ڕابردووی، هەموو ئەوساتەنای لە بنەبڕکردن نایەن ، گشت ئەوەی لەیادنەکراو وتا ئاستی ئازار، بەدڵ ئازیزبوو، داڕمایە سەر گیانی . گشت ئەوەی ،  لەو ژیانە دوورودرێژەیدا گرنگترین و پێویستترین بوو، گشت ئەوەی ئەم پێی دەژیا، ڕێک لە بەردەمیدا ڕاستبووەوە. خۆی سەرنجی ئەوەی نەدا کە وا وەستاوە و دەگری. چاوی بڕیبووە  ئەو بارهەڵگرە نەفرەتییەی  بە تابووتەکەوە  خەریکبوو دووردەکەوتەوە

بارهەڵگرەکە بە بەرزایی لەنگەرگاکەدا سەرکەوت و گەیشتە ناو شەقامەکە و لەچاودیار نەما.
ئیتر، ئا لەم ساتەوە، ژیان سەمتێکی تر وەردەگرێ: ئەو پێشتر دەیزانی و، بەوە ڕاهاتبوو، کە لەم سەر زەوییە ماریایەک هەیە. ژیان سەخت بووبێت ، ناهەموار بووبێت، ئەم ماریای بیردەکەوتە و چیتر خۆی بە بێکەس و بێ پەنا نەدەزانی. باشە لەومەودوا چۆن؟ ئای خوایە گیان، خوایە، چ ئازارێکە ئەمە!
فیلیپ خێرا لە قەیاخەکە دابەزی، دوایەمین ئوتۆمبێل، کە تازە قەیاخەکەی جێهێشتبوو، کەمێک ماتڵ بوو. فیلیپ شانبەشانی شوفێری ئوتۆمبێلەکە بووەوە  و پێی گوت:
_ بمگەیەنەرە ئەو بارهەڵگرە سەرداپۆشراوەی تابووتەکەی تیابوو.
_ بۆچی؟چی ڕوویداوە؟
_ پێویستمە.
شۆفێرەکە سەیرێکی فیلیپی کرد و چیتر پرسیاری تری نەکرد. فیلیپی هەڵگرت و پێی پیانا. لەو ماوەیەی بە ناو دێیەکەدا لێیاندەخوڕی، شوفێرەکە بەلایەکی چاو چەند جارێک لە فیلیپ وردبووەوە.

_ چییە، ئەوانە خەڵکی کرایوشکینن؟ شوفێرەکە، بەسەر،  ئاماژەی بۆ بارهەڵگرە داپۆشراوەکەی پێشەوەیان کرد. فیلیپ بە بێدەنگ سەرێکی ئەرێی بۆ لەقاند.
_ خزمتن، یان چی؟_ شۆفێرەکە دیسانەوە پرسیاری کرد. 
فیلیپ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هیچی نەگوت. ئەو تەواو چاوی بڕیبووە بارهەڵگرە پشتداپۆشراوەکە. لێرەوە تابووتەکە، کە  لە ناوەڕاستی پشتی بارهەڵگرەکەدا دانرابوو، دەبینرا.  لە پڕ ئەو خەڵکەی بەم دیو و ئەودیوی تابووتەکەدا، لەپشتی بارهەڵگرەکەدا، دانیشتبوون، وەک کەسانێکی نامۆ و غەریبە هاتنە پێش چاوی فیلیپ. ئەوانە بەم و بەو تابووتەش غەریبەبوون. ئاخر بۆ دەبێ ئەوانە لەوێدا بن؟ خۆ ئەوەی لە تابووتەکەدایە ماریاکەی ئەمە.

_ پێشیان بدەمەوە، یان چی؟_ شۆفێرەکە پرسی .
_ پێشیان بدەرەوە و ئەوسا من دابەزێنە. 

پێش بارهەڵگرەکە کەوتنەوە. فیلیپ دەستی لێ بەرزکردنەوە. ئا لەو ساتەدا دڵی فیلیپ تەکانێکی وای دا، وەک بڵێیت ئا ئێستاکە شتێک ڕوودەدا کە بۆ هەمووان، بەفیلیپ خۆیشییەوە، ڕوون و ئاشکرا دەبێت کە ماریا کێ بووە بۆ ئەم . کاتێک بارهەڵگرەکەی تابوتەکەی هەڵگرتبوو وەستا، فیلیپ خۆیشی نەیدەزانی چی ڕوودەدات، چ جۆرە وشەیەک لە دەمی دێتە دەر.
بێ ئەندازە ئارەزووی دەکرد ماریا ببینێ، بێ ئەندازەە کارێکی پێویست و گرنگ بوو بۆی. ئاخر خۆ  ناکرێ هەروا ڕی بگرێتە بەر و بڕوا ، خۆ ژیانی ئەمیش هەمووی بەسەرچووە، چیتر کەسێکی نابێت. بارهەڵگرەکە وەستا.

فیلیپ بەرەو لای پشتی بارهەڵگرەکە ملی نا و، بە هەردوو دەستی لاشیپانی پشتی بارهەڵگرەکەی گرت و، پێی نایە سەر ئەو پلیکانە کورتەی بە پشتەکەیەوە هەڵواسرابوو.

_ پاڤڵ..._ فیلیپ بە دەنگێکی پڕ لە پاڕانەوەوە گوتی. تەنانەت خۆیشی دەنگەکەی خۆی نەناسییەوە، ئەو نیازی نەبوو بە تۆنێکی وا پارانەوەوە بدوێت_ بهێڵە دوا ماڵئاوایی لێ بکەم، سەری تابووتەکە لاببە، هیچ نەبێت چاوێکم پێی بکەوێت.
پاڤڵ لەپڕ و بە تووندی لەجێی خۆی بەرزبووەوە... فیلیپ هەر فریای ئەوە کەوت ڕوخساری پافڵ ببینێ... ئەو ڕوخسارە تەواو گۆڕاوەی ، ئەو چاوانەی ماوەیەک پێش ئێستا پڕبوون لە غەمباری ، ئێستاکە ڕقییان لێ دەباری...
_ ونبە لە بەرچاوم_ پاڤڵ بەدەنگێکی نزم و پڕ توڕەییەوە بە فیلیپی گوت و پاڵێکی نا بەسنگییەوە.
فیلیپ چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد، هێندەی نەمابوو بکەوێت، خۆی بە لاشیپانی بارهەڵگرەکەوە گرتەوە.
_ بڕۆ لێرە!_ پاڤڵ قیژانی و پالێک و پاڵێکی تریشی نایەوە بە فیلیپەوە.. فیلیپ بە هەموو هێزی دەستی لە بارهەڵگرەکە گیرکردبوو، سەیری پاڤڵی دەکرد و نەیدەناسییەوە. هیچیش تێنەدەگەیشت.
_ هێی، هێی، ئەوە چیتانە؟_ سەرنشینەکانی تری پشتی بارهەڵگرەکە نائارامییان تێکەوت.
پیاوێکی گەنج، ڕەنگە کوڕی پاڤڵ بووبێت، شانی پاڤلێ گرت و ڕایکێشایەوە ناو پشتی بارهەڵگرەکەوە_ بۆ وا دەکەی؟ چیتە ئەوە؟
_ پێی بڵێ با بڕوات لەم ناوە !_ پاڤڵ زۆر بە توڕەییەوە دەدوا_ پێی بڵی با لێرە نەمێنێت ، ون بێت لەم ناوە! ... ئێستا پیشانت دەدەم چاوپێکەوتن چییە! .. خۆی تا ئێرە خشاندووە ... ماری بەدفەڕ، بڕۆ! ونبە لێرە!_ پافڵ لە تورەییدا پێی دەدا بە ئەرزا. وەک بڵێی لە حەسرەتدا هاربووبێت.

فیلیپ لە پشتی بارهەڵگرەکە هاتە خوار. ئێستا تێگەیشت پاڤڵ بۆ وادەکات. ئەمیش لە خوارەوە سەیرێکی ڕقاوی پاڤڵی کرد. ئیتر فیلیپ دەمی کرایەوە، خۆیشی نەیدەزانی چی دەڵێت، بەڵام وا دیاربوو ئەو قسانە دەمێک بوو لە ناخیدا پەنگیان خواردبووەوە.
_ چییە ناخۆشە؟ قەپت کرد بە شتێکدا کە هی تۆ نەبوو، بەڵام خۆش دەرنەچوو، ها ؟ بەڵام ئەوسا دڵت خۆش بوو!
_ وەک بڵێی تۆ خۆت زۆر بەختەوەر بووبیت ! پاڤیل لە پشتی بارهەڵگرەکەوە پێی گوت_ وەک بڵێی نەزانم تۆش چەند خۆشییت دیوە! 
_ ئاکامەکەی هەر وا  دەبێت ، کاتێک بەختەوەری خۆت لە سەر ماڵوێرانی کەسێکی تر بنیات بنێیت_ فیلیپ لە سەر قسەکانی خۆی بەردەوام بوو و گوێ لەو قسانە نەبوو کە لە ناو بارهەڵگرەکەوە پێی دەگوترا، گرنگ ئەوەبوو فریابکەوێت قسەی دڵی خۆی بکات، زۆر گرنگ بوو هەمووی هەڵڕێژێت. _ وات زانی بۆ خۆت بێخەم لێی دەژییت؟ نەخێر! هەرگیز وا ڕوونادات .
_ ئەی تۆ خۆت، زۆر بێخەمانە ژیاویت؟  ئەی خۆت.. سەیری خۆت بکە ، سەیری خۆت کە  چۆن وەکوو کەوان نووشتاویتەوە؟ ئەگەر ژیانی خۆت هێندەش خۆش بووە،  بۆ وا چەماویتەوە؟ خۆ ناڵێیت لە خۆشیدا وات لێ بەسەرهاتووە!
_ ئا، ئەوسا دڵت خۆش بوو؟ فەرموو ... لە خۆشیدا جێت بە خۆت نەدەگرت... سەرسواڵکەر. تۆ سەر سواڵکەری!
_ ئەرێ، بەڕاست ئێوە چیتانە؟- پیاوە گەنجەکە تەواو تووڕەبوو_ شێت بوون یان چی؟ کاتێکی باشتان دۆزیوەتەوە. 
بارهەڵگرەکە کەوتەوە ڕێ.
پاڤڵ لە ناو بارهەڵگرەکەوە فریای ئەوەش کەوت بقیژێنێ:
_ من سەر سواڵکەرم؟  ئەی تۆ خۆت، هەموو ژیانت وەک گەماڵ، لەودیو دەروازەکانەوە، هەر مڕاندووتە! ئەوە من نەبووم  کە سەرسواڵکەربووم ، تۆ خۆت سەرسواڵکەربوویت !

فیلیپ لە سەر خۆ گەڕایەوە بۆ ناو دێ 
'' ماریا_ پاڤل بیری دەکردەوە_ ئاخ ماریا، ماریا، چۆن ژیانی هەموومانت کەل و کۆم کرد. فەرموو، دوو پیاوی بێمێشک، وەک سەگ، لە یەک کەوتینە وەڕین و بەیەکدا هەڵشاخاین... پێی ناوێ، ئێمە هەردووکمان سەرسواڵکەر بووین ، پاڤڵ، لنگەفرتێی بۆ مەکە، ئەگەر سەرسواڵکەر نەبوویت ئەو توڕەییەت لە چییە؟  تۆ، کووتێک بەختەوەرییت بۆ خۆت قۆستەوە، دە ژیانی خۆت بژیایتایە و شادبوویتایە. بەڵام تۆش شادیت بە خۆتەوە نەبینی. ئاخر ئەو تۆی خۆش نەدەویست، بۆیە وا ئێستا زووخاو لە گەرووتەوە سەر دەکات . بۆیە نەدەبوو ئەو کاتە پڕت پیابکردایە. خۆت و خزمانت هێندەی یەک و دوو پڕتان پیاکرد و دوای خۆتان دا و بردتان! زۆر دڵتان خۆش بوو''
فیلیپ تاڵاو لە لووتی دەهاتە دەرەوە، بەڵام ئێستا هەستی زویری و گلەییش لە ماریا تێکەڵی ئەو تاڵاوە ببوو.
'' تۆش، خوا هەڵناگرێت، قسوورت نەکرد: لە بری ئەوەی کەمێک چاوەڕێت بکردایە، کێچ کەوتە کەوڵت، خۆت بگەێنیتە کرایوشکینا، بەجارێک سەبرت پسابوو. ئێ چی لێ سەوزبوو ... فەرموو دەی ئێستا چی؟ ..'' 
_ ئێستا چی... _ فیلیپ بێ ئەملاولا  وەڵامی خۆی دایەوە_ ئێستا ئیتر هیچ... هەر دەبێ بە هەر شێوەیەک بووە  ژیانەکە بەڕێکەم و منیش خۆم ئامادەکەم و بەدواتا بێم ، تازە هیچ شتێکم پێ ناگەڕێنرێتەوە.

بایەکە تەواو کزی کردبوو. بەری ئاسمان هەوری پێوە نەمابوو. خۆرەکە تەواو دەرکەوتبوو، بەڵام هەواکەی هەر سارد بوو، هەموو ئەو دەور وبەرە ڕووتەڵە و سارد و سڕ دەینواند. وەرزەکەی وەرزی پاییزبوو، ئیتر گەرمی لە کوێیەوە بێت؟ 

پەراوێزەکان:
❊ مەبەست ئەندامێتی حیزبی کۆمونیستی یەکێتی سوڤێتی
❊❊ کەمسەمۆڵەکان، بە ئەندامانی ڕێکخراوەی لاوانی کۆمونیستی دەگووترا کە ڕێکخراوەیەک بۆ پێگەیاندن و ئامادەکردنی لاوان وەک هێزێکی یەدەگیی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤێتی
❊❊❊ مارەکردنی مەدەنی، لە دامەزراوەیەکی حکوومی و لە لایەن فەرمانبەرێکەوە ئەنجام دەدرا و دوور لە هەر کاریگەرییەکی کڵێسە و ئاین بە گشتی


ڤاسیلی شوکشین(١٩٢٩-١٩٧٤): یەکێک لە ناودارترین چیرۆکنووسە ڕووسەکانی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابووردوو بوو . کەسێکی فرەبەهرە وخاوەن توانایەکی خۆڕسکانە لە بوارەکانی نووسین و نوواندن و سیناریۆسازی و دەرهێنانی فیلمدا. لە خێزانێکی جووتیاردا لە دایک بوو، بەڵام ساڵی ١٩٣٣ باوکی دەگیرێ و بەتاوانی بەرهەڵستکردنی بزووتنەوەی بەهەرەوەزکردنی کشتوکاڵ مەحکوم دەکرێت و گوللەباران دەکرێت. دایکە ٢٢ ساڵەکەی جارێکی تر شوودەکاتەوە بە پیاوێکی تر ، کە ساڵی ١٩٤٢ لە بەرەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەویش دەکوژرێ. پاش تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی  شوکشین دەچێتە قوتابخانەیەکی پیشەیی و هەر زوو دەست بەکارکردن دەکات بۆدەستەبەرکردنی بژێوی خێزانەکەی. دوای ئەوە بۆ ماوەی چوارساڵ (١٩٤٩-١٩٥٣) لە هێزەکانی دەریاوانیدا خزمەتی سەربازی دەکات. دوای ئەوەش چەندین پیشەی تر تاقیدەکاتەوە و ساڵی ١٩٦٠کۆلیژی دەرهێنان، لە یەکێک لە بەناوبانگترین پەیمانگاکانی سینەماو شانۆی سوڤێتیدا، تەواو دەکات. هەر لە ساڵی ١٩٥٦ ەوە دەست دەکات  بەکاری نواندن و لە ژمارەیەکی زۆری فیلمەکانی شەستەکان و حەفتاکاندا بەشداری دەکات. لەپاڵ ئەو کارانەشیدا بەردەوام خەریکی نووسین دەبێت، بەتایبەتی  کورتەچیرۆک لە سەر واقیىعی ژیانی ڕوژانەی هاووڵاتیانی ڕووس . ئەو چیرۆکانەی توانایەکی بەرزی هونەری و لێزانین و ڕووچوونەخوارەوەیەکی قووڵی نووسەر پیشاندەدات بە ناو هەست و نەست و ئازار و ئاواتەکانی مرۆڤە سادەکانی ڕووسیای ئەوسادا. ئەزموونی کارکردنی هەمەچەشنە و دوورودرێژی شوکشین لە ناوخەڵکدا توانایەکی مرۆڤناسیی قووڵی پبەخشیبوو، کە وای دەکرد کەسایەتی چیرۆکەکانی زیندوو و ڕاستەقینە خۆیان نمایش بکەن و خەیاڵ و بیرکردنەوەی خوێنەر ببزوێنن .

ڤاسیلی شوکشین تەنیا ٤٥ ساڵ ژیا بەڵام لەو ماوە کورتەدا ٢ ڕومان، ٣ شانۆگەری و ٣ کورتە ڕومان و زیاتر لە ١٢٠ کورتەچیرۆکی نووسی، ئەمە سەرباری بەشداریکردنی لە نوواندنی ٢٧ فیلم، سیناریۆ نووسینی ٩ فیلم و دەرهینانی ٦ فیلمی تر. 

١٩ لە بەرهەمەکانی ڤاسیلی شوکشین بوونەتە بابەتی فیلمی سینەمایی یان کورتە فیلم .
شوکشین تا لە ژیاندا بوو چەندین پاداشتی ئەدەبی و هونەری پێبەخشرا و ئیستاش، نزیکەی ٥٠ ساڵ پاش کوچی دوایی، بەرهەمەکانی بابەتی لێکۆلینەوە و ستایشیکی زۆرن چ لە لایەن پسپۆڕانی بوارەئەدەبی و هونەرییەکانەوە و چ لەلایەن بینەر و خوێنەری عادەتییەوە.  


ڕیکلام