کەرکوک.. لە٢٤ کاتژمێردا ١١ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

  2020-07-19  | 
کەرکوک
لە٢٤ کاتژمێردا ١١ تووشبووی کۆرۆنا لە کەرکوک گیانیان لەدەستداوە
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١١ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە.

سەباح نامیق یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی کەرکوک بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، لە٢٤ کاتژمێری رابردودا 96 تووشبووى نوێی کۆڕۆنا لەپارێزگاکە تۆمارکراون، هەروەک 36 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 11 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە .

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆناوە تاوەکو ئەمڕۆ، سێ هەزار و ١٧٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگای کەرکوک تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە هەزار و ٤٨٨ تووشبوو ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا  چالاکە و هێشتا نەخۆشخانەکانیان جێنەهێشتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هەزار و ٥٢٤ تووشبووی کۆرۆنا لە کەرکوک چاکبوونەتەوە، ئەوەش دەریدەخات کە ڕێژەی چاکبووان لەڕێژەی تووشبووان زیاترە.

ئاشکراشیکرد، بەگشتی تاوەکو ئەمڕۆ، 166 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای کەرکوک گیانیان لەدەستداوە.

یاردەدەری بەڕێوبەری تەندروستی کەرکوک راشیگەیاند، بەهۆی بەرزی ڕێژەی تووشبووان بەکۆڕۆنا لەشارەکە، شانەی قەیران بڕیاریداوە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاریش بۆ لەخۆگرتنی تووشبووان بەکۆڕۆنا لەپاڵ نەخۆشخانەکانی کەرکوکی گشتی و نەسڕ دیاریبکات .



ڕیکلام