وەزیری تەندروستی: گەرمیان كێشەی كەمی دەرمانی كۆرۆنای نیە

  2020-07-20  | 
دۆسیە:  کۆرۆنا
 هێمن میروەیس
وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، لە گەرمیان كێشەی دابینكردنی دەرمانی تایبەت بە كۆرۆنا نیە، بۆ لابردنی قەدەغەی هاتوچۆش چەند پێشنیارێكیان داوەتە وەزارەتەكان.

دوای سەردانی بۆ ئیدارەی گەرمیان و بەسەركردنەوەی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆنا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، بە رۆژنامەوانانی رایگەیاند، هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی كۆرۆنا لە گەرمیان كرد تایبەت بە شێوازی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا کۆبونەوەشمان لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی و ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدا.

سامان بەرزنجی، رایگەیاند: ئیدارەی گەرمیان وەك شوێنەكانی دیكە كێشەی پێداویستی و دەرمانیان تایبەت بە كۆرۆنا نیە هەر پێداویستیەكیشیان هەبێت بەزوترین كات هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین. 

ئەو وتیشی ئێمە لە لوتكەی نەخۆشیەكەداین و بەرەو هەڵكشان دەچێت، بۆیە پێویستمان بە ئارامگرتنی هاوڵاتیان هەیە بۆ ئەوەی ریژەی تووشبوون كەم ببێتەوە. 

وتیشی: بڕیاریشە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و لایەنە پێوەندییدارەكانی دیكە، سەبارەت بە قەدەغەی ھاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی كوردستان كۆببینەوە.

وەزیری تەندروستی وتیشی: كۆمەڵێك پێشنیازمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و خەریكی شیكردنەوەی دۆخەكەین، بۆئەوەی بڕیاری نوێ دەربكرێن".