توركیا جارێكی دیكە سنوری زاخۆی بۆردومان كرد

  2020-07-20  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مێهڤان مەجید
فرۆكە جەنگیەكانی توركیا چیای خامتیر لە سنوری قەزای زاخۆ بۆردومان دەكەن و تا ئێستاش بۆردومانەكە بەردەوامە و زیانی گیانی و مادی نەزانراوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمرو دووشەممە ٢٠ی٧ی٢٠٢٠، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا چەندین جار چیای خامتیر-یان لە سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بۆردومانکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا زیانەکانی ئەو بۆردومانانە بە وردی نەزانراوە بەڵام زەرەر و زیانی ماددی زۆر بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چیای خامتیر لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

زیاتر لە مانگێکە سوپای تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچە سنوریەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دھوک، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی سڤیل و گەریلا شەھیدبوون، هەروەک ژمارەیەکی زوریش سەربازی تورکیا کوژراون و برینداربوون.