کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و کونسوڵی تورکیا لە هەرێم
فۆتۆ: پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی
لاھور شێخ جەنگی ڕایگەیاند لەبارەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ھێرشەکەی کونەماسی، نیگەرانییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی گەیاندووەتە کونسوڵی تورکیا.
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازی کرد لە ھاکان کاراچای کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
لاھور شێخ جەنگی کە بە جلی کوردییەوە پێشوازی کرد لە کونسوڵی تورکیا، ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانییەکانی یەکێتی گەیاندووە بە کونسوڵی تورکیا لەبارەی ئەو لەشکرکێشی و پەلامارەی دەکرێتە سەرسنورەکانی ھەرێمی کوردستان.
ڕاشیگەیاندووە لەبارەی ھێرشەکەی مانگی ڕابردووی کونەماسی نیگەرانی یەکێتی گەیاندووە بە کونسوڵی تورکیا کە ھێرشێکی ئاسمانی بوو بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەکاتێکدا ناوچەیەکی گەشتیارییە و جێگای ھیچ چالاکییەکی سەربازی و مەیدانی سیاسی نییە.
لاھور شێخ جەنگی دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسم لەوە کرد کە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا ھەرێمێکی فیدرالییە و دەبێت ئەو پێگە دەستورییە بپارێزرێت، ئێمەش وەک یەکێتی ڕێز لە سنوری ھاوبەش و بنەمای درواسێیەتی باش دەگرین، ئەمەش لەپێناوی بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوولا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە کونسوڵی تورکیا تێگەیشتنی بۆ نیگەرانییەکانی یەکێتیی دەربڕی و بەڵێنیدا لەڕێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانی خۆیانەوە ئەو نیگەرانیانە بگەیەنن.