کەرکوک.. بکوژی پۆلیسە کوردەکە دەستگیرکرا

  2020-07-25  | 
کەرکوک
بەتۆمەتی کوشتنی پۆلیسە کوردەکەی کەرکوک کەسێک دەستگیرکرا
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
بەتۆمەتی کوشتنی بەهجەت ئەنوەر پۆلیس لەبەڕێوبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، تیمێکی پۆلیسی ڕوبەڕووبونەوەی تاوان لە کەرکوک بەسەرپەرشتی عەمید قەیس عامر بەڕێوبەری پۆلیسی ڕوبەڕووبونەوەی تاوان، توانیویانە تۆمەتباری هەڵهاتوو ( ف – أ -  د ) دەستگیر بکەن، کە تاوانی کوشتن و سەربڕینی موفەوەز بەهجەت ئەنوەر پۆلیس لەبەڕێوبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی ئەنجامداوە.

لەوبارەیەشەوە قەیس عامر بەڕێوبەری پۆلیسی ڕوبەڕووبونەوەی تاوان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە دوای دوو مانگ لەهەڵهاتنی دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و پاش دەستگیرکردنی، وتەی لێ وەرگیراوە و براوەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ئاشکراکردنی زیاتری بەڵگەکان.

 بەهجەت ئەنوەر کە پێشتر لە پۆلیسی فریاکەون دەوامیدەکرد، لەگەڕەکی عروبەی کەرکوک لەلایەن پیاو و ژنێک بە شوشەی نێرگەلە کوژرا و دواتر سەربڕدرا.

ئەو ژنەی دەستی لەوتاوانەکەدا هەبوو، پێشتر دەستگیركراوە و دانیناوە بەوەی كه‌ مێرده‌كه‌ی و دوو كه‌سی تر، له‌ خانوویەکی گه‌ڕه‌كی عروبه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مفه‌وه‌زه‌ی پۆلیس بووەته‌ ده‌مه‌قاڵێیان، دواتر مێرده‌كه‌ی به‌ شوشه‌ی نێرگه‌له‌ كێشاویه‌تی به‌سه‌ریدا و كه‌وتووه‌، پاشان سه‌ریان بڕیوه‌ و ته‌رمه‌كه‌یان له‌نێو بۆدی ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا داناوه‌ له‌ شه‌قامی حەی عەسکەری لەکەرکوک.

بەهجەت ئەنوەر، مفەوەزی پۆلیس بوو، کاتژمێر ۱۱ی پێشنیوەڕۆی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی رەمەزانی رابردوو تەرمه‌كه‌ی دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری كرا، ئەوەش دوای 24 كاتژمێر لەدیارنەمانی هات .



ڕیکلام