كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد

  2020-07-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری سەرجەم فراكسیۆنەكان جگە لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی دەستیپێكرد و پێنج وەزیری حكومەتیش بەشداری تێدا دەكەن.

هەرچەندە پێشتر رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداری دوو كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نەكرد، بەڵام بە پشتبەستن نوسراوی پێشتری سەرۆكی پەرلەمان بۆ حكومەت دەستەی سەرۆكایەتی بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی كرد بۆ كۆبوونەوە، بەڵام دوێنێ كۆبوونەوەكە بە ئامانجی بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمان و  تیمی حكومەتی یەكێتی دواخرا بۆ ئەمڕۆ. 

دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەن لەبەر ئەوەی لەسەر كێشەی ئێٍستای خەڵكی هەرێمی كوردستان نیە، هەر بەوهۆیەوە دوێ،ێش فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەن، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ چونە ناو هۆڵی پەرلەمان و دواتر بایكۆتیان كرد و هاتنە دەرەوە لە دانیشتنەكە. 

شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، میوانداریی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "رێككەوتن لەسەر دانانی بەرنامەیەكی نیشتمانیی هاوبەش بە بەشداری پێكردنی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراوە بۆ روبەرووبوونەوەی ئەو قۆناغەی كە هاتووەتە پێش، بە تایبەت ئەو تەنگژە جیاوازانەی كە ئەمڕۆ لە بواری ئەمنی، دارایی و تەندروستی رووی لە وڵاتەكەمان كردووە".

كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بۆ بڕیاردان بووە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، دوای ئەو كۆبوونەوەیەش فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی رزگاركردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەكەن. 

پێشتر لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتی كە بە فەرمی رانەگەیەندرا بڕیاردرا بوو فراكسیۆن و سەرۆكی پەرلەمان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەت تا ئەو كاتەی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە، شەوی رابردووش ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامدرا و ئەمڕۆش فراكسیۆن و سەرۆكی پەرلەمان بەشداری كۆبوونەوەكەیان كرد. 

ژمارەیەك لیژنەی پەرلەمانی ماوەیەك بەدواداچوونیان بۆ رەوشی ناوچە سنوورییەكان و بۆردوومان و تۆپبارانیان لەلایەن توركیاوە، هەروەها رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

بۆ ئەو مەبەستە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بۆ وەڵامی وەڵامی پەرلەمانتاران بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن كە هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری دانوستانەكانی ھەولێر وبەغدا و ڤاڵە فەرید، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و حكومەت و وەك سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان بەشداری دەكەن. 

دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە تەوەرێكی دیكەیدا خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی تەندروستی دەكرێت سەبارەت بەڤایرۆسی كۆرۆنا و وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی ئامادەی دەبن.