راوێژكاری مستەفا کازمی مەرجەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئاشكراكرد

  2020-07-29  | 
هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک لە گرێکوێرەکانی عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەبدولحسین هەنداوی ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن مەرجە سەرەكییەكانی ئاشكرا كرد بۆ ئەوەی بتوانرێت هەلبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت .

هەنداوی بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت چەند مەرجێك هەبن لەوانە، تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و ئامادەكاری كۆمسیۆنی هەلبژاردن و كۆنترۆڵكردنی چەك و دارایی، دواتریش ئامادەكردنی جەماوەر بۆ هەڵبژاردن .

ئەو لێدوانانەی راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی عێراق لە كاتێكدایە، ڕۆژنامەی " میدل ئیست ئۆنلاین" لە ڕاپۆرتێكدا ڕۆژی 26ی ئەم مانگە بڵاویكردەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بەدوور دەزانرێت .

راپۆرتەکە باس لەوە دەكات، تەنانەت ئەگەر قەوارە سیاسییەكان ڕێكبكەون لەسەر هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنەكان و وادەیەكیش دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی، جگە لەوەش ئەو ملیار دۆلارەش دابین بكرێت كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوایكردووە، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هیچ شێوەیەك بەلای كەمەوە لەمساڵ و نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتووشدا ئەنجام نادرێت .



ڕیکلام