سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم دوو پەیامی جیاوازیان بڵاوكردەوە

  2020-07-30  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەكە لەسەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم دوو پەیامی جیاوازیان بڵاوكردەوە و هیواخوازن ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسەكان كۆتایی پێبێت و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدرێت.

مەسرور بارزانی،  سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هەموو هەوڵێكمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم قەیرانە، لە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانمان سنوردار بێت، قەیرانەكە زۆر لە توانا داراییەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم گەورەترە. 

ئەو لە پەیامەكەیدا هیوای خواستووە هاوڵاتیان "متمانەیان بە حكومەتی هەرێم هەبێت كە لە هەوڵێكی بەردەوامدایە بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

مەسرور بارزانی وتوشیەتی هیوادارم "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوسەنگ كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت" .

هاوكات هەر لە پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمدا وێڕای پیرۆزبایی جەژن دەڵێت، هیواخوازم هەوڵەكانی هەموو لایەكیشمان بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان بگاتە سەركەوتنی یەكجاری. كوردستانیان دڵنیا دەكەمەوە لەم پێناوەدا بەردەوام دەبین.

لەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانیدا ئاماژە بەوەشكراوە "دەبێ هەموو لایەك تواناكانمان یەك بخەین و پێكەوە كار بكەین بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیران و گرفتەكان و مسۆگەركردنی ماف و شایستە دەستوورییەكان و پاراستنی پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان".