دەمیرتاش: ئێستا لە توركیا رژێمێكی تاكڕەوانە دروستدەكرێت

  2020-08-06  | 
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)
فۆتۆ: evrensel
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپە لە زیندانەوە رایگەیاند، بەڵگەی بەهێز هەیە كە دەیسەلمێنێت دەستگیركردنەكەی بە بڕیاری پێكهاتەیەكی نهێنی نێو حكومەتی توركیا بووە كە میدیا و هێزی سیاسی خۆیان هەیە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە شەش تویتدا  ئاماژەی بە دوا گۆڕانكاریەكانی توركیاداوە و دەڵێت: لە ناو دەوڵەتی توركیا پێكهاتەیەكی نهێنی هەیە، لە چوارچێوەی ئەجێندایەكدا پلانی خۆیان جێبەجێدەكەن.

ئەو كە لە ئێستادا لە زیندانە  ئاماژەی بەوەش كردووە، ماوەیەكە سیستمی دەستوری لە توركیا بەردەوام گۆڕانی بەسەردادێت، لەجیاتی ئەو سیستمەی ئێستا هەیە رژێمیێكی تاكڕەوانە دروستدەكرێت، ئەمەش بەتەنیا بە رێگایەكی یاسایی ناكرێت.

دەمیرتاش روونیكردووەتەوە، لە ناو دەوڵەتی توركیا پێكهاتەیەكی نهێنی هەیە، لە چوارچێوەی ئەجێندایەكدا پلانی خۆیان جێبەجێدەكەن، دادگا و میدیا و كۆڵكەی سیاسی و كۆڵكەی ئابووری خۆی هەیە. 

هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو ئۆپەراسیۆنەی دژ بە خۆی ئەنجامدراوە، بە هەمان مەبەست بووە  بۆ دروستكردنی رژێمێكی تاكڕەوانە بووە، لەبارەی ئەو كەس و لایەنانەی بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەی دژی ئەو ئەنجامدراوە بەڵگەی یاسایی بەهێز لەبەردەستدا هەیە. 

لە تویتەكانیدا باسی لەوەش كردووە كە خەڵك و گەلانی توركیا یەكبگرن باوەڕ بە یەكتریش بكەن، ئەو دەشڵێت: وەرن ئێمە دەست بەدەینە دەستی یەكتری بۆ ئەوەی بتوانین توركیا بخەینە سەر رێگە راستەكە لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە، بە هەموومانەوە دیموكراسیەكی بەهێز دروست بكەین و لەسایەیدا بە ئاشتی بژین. 

ئەو سەركردە سیاسیەی باكوری كوردستان لە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016 لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەی پارتەكەی دەستگیر كراو بە گوێرەی ئەو داوا یاساییەنەی بۆی كرابویەوە داوای 150 ساڵ زیندانی بۆ دەكرا. 


ڕیکلام