دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دامەزراندنی ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكار روونكردنەوە دەدات و دەڵێت ئەو كارە نایاسایی نیە و بەشێوەیەكی یاسایی دایانمەزراندوون.
دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە تیایدا باس لە پلە بەرزكردنەوە و دامەزراندنی فەرمانبەر دەكات و دەڵێت: ئەو نوسراوانەی بڵاوكراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەكی یاساییان تێدا نییە .
ئەوەشی روونكردووەتەوە كە "بە پێی پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران ، هەر یەك لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بە پێی پێویست بۆیان هەیە چەند ڕاوێژكارێك دابمەزرێنن بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان" .
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە كردووە پۆستی ئەو بریكاری وەزیرانەی ناوەكانیان بڵاوكراوەتەوە "لە یاسای وەزارەتەكان و یاساكانی دیكەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ ( شاغر ) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕ بكرێنەوە" ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەم كابینەیەدا دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا بە شێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە. .