عێراق بڕی ١٣ هەزار تۆن گەنم بۆ لوبنان دەنرێت

  2020-08-14  | 
سایلۆیەکی هەڵگرتنی دانەوێڵە لەبەندەری بەیروت کە بەهۆی تەقینەوەکەوە وێرانبووە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی بڕیاریدا بڕی ١٣ هەزار تۆن گەنم وەک کۆمەک ڕەوانەی لوبنان بکات.

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق لەزاری حەیدەر مەجید وتەبێژی ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر پێشکەشکردنی کۆمەک بە حکومەتی لوبنان، کە پێکهاتوون لە گازوایل و گەنم و دەرمان و پێداویستی پزیشکی.

ئاماژەی بەوەشکردن ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە ناردنی بڕی ١٠٠ تانکەر سوتەمەنی گازوایل، کە دەکاتە بڕی ٣هەزار و ٦٠٠ مەتر سێجا لەو مادەیە لەسەر ئەرکی وەزارەتی نەوت.

هاوکات ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ناردنی بڕی ١٣ هەزار و ٣٠٠ تۆن گەنم وەک هاوکاریی بۆ گەلی لوبنان و ئەرکی ناردنەکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.

جەختیشیکردەوە وەزارەتی تەندروستیش ڕاسپێردراوە بۆ پێشکەشکردنی دەرمان و کۆمەکی پزیشکی بە بری ٢٠ تۆن.

بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەریروتەوە، ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان و عەرەبی بڕیاریداوە کۆمەک و هاوکاریی پێشکەش بە گەلی لوبنان بکەن، بە تایبەت کە بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانێکی مادی و گیانی زۆری بەرکەوتووە.



ڕیکلام