پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فەیسڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەدایە.
بەپێی زانیاری میدیا عێراقیەکان لەسەردانەکەدا چەند بابەتێکی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
هەروەها ئامادەکاری دەکرێت بۆ سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و شاندەکەی بۆ سعودیە و واژووکردنی چەند گرێبەستێک.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاربوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لە یەکەم سەردانیدا سەردانی سعودیە بکات و چەند گرێبەستێک لەبواری وزە و کارەبادا واژۆ بکات بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی شا سەلمان پاشای سعودیەوە سەردانەکە ئەنجامنەدرا.
لە چەند رۆژی ڕابردووشدا باڵیۆزی عێراق لە سعودیە ڕایگەیاند سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ سەردانەکە و بڕیارە بەم نزیکانە سەردانەکە بۆ سعودیە ئەنجامبدرێت.