نێچیرڤان بارزانی: تائێستاش پێویستمان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە

  2020-08-27  | 
هەولێر
کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش هەرێمی کوردستان پێویستی بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە .

دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند، سەردانی وەزیری بەرگری فەڕەنسا لەکاتێکی هەستیاردایە کە تاوەکو ئێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پشتگیری و پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە، هەروەک پێویستیشمان بە پشتیوانی سیاسی و ئابورییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا ئەندامێکی کاریگەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، پشتیوانی و هاوکاری زۆری پێشکەش بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

وتیشی،  "بەپێزانین و بایەخەوە لە سەردانی وەزیری بەرگری فەڕەنسا دەڕوانین، کە لەمکاتە هەستیارەدا نیشانەی پشتیوانی ئەو وڵاتەیە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، فەڕەنسا لە زۆر وێستگە و قۆناغی دژواردا پشتگیری لە هەرێمی کوردستان کردووە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "دووبارە سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک ماکرۆن دەکەم کە لە ئاڵۆزییەکانی پاییزی ساڵی 2017 دەستپێشخەری کرد و گەمارۆی سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر هەرێمی کوردستان شکاند".

لای خۆشیەوە فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، سەردانەکی بۆ بەغدا و هەولێر بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و عێراقە.

وتیشی، شانازی بەوە دەکەن کە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە شەڕی دژ بەداعش دەکەن و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی٨ی٢٠٢٠، فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی فەڕەنسا لە هەولێر پێشوازی لێكرا.




ڕیکلام