تەندروستی جیهانی شێوازی بڵاوكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنای راگەیاند

  2020-09-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێكخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاند نابێت بەرهەمهێنانی ڤاكسین بە نەتەوەیی بكرێت و ئەو كەسانەشی ئاشكراكرد كە یەكەمجار ڤاكسین وەردەگرن.

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی،  رایگەیاند: نابێت بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا بە نەتەوەیی بكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو جیهان سوودی لێببینن. 

ئەو لە دواین لێدوانیدا لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەوە، بە بێ ئەوەی ناوی هیچ ڤاكسین و وڵاتێك بەڕێت دژایەتی خۆی بۆ ڤاكسینەكانی هەریەكە لە چین و رووسیا راگەیاند وتیشی: پشتگیری لە بەكارهێنانی ڤاكسینی سەلامەت و كاریگەر دەكەین.

 بەڕِێوەبەری رێكخراوەكە رای خۆی لە بارەی چۆنیەتی بڵاوكردنەوەی ڤاكسین دەربڕی و وتی: دەبێت لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، پێش هەموو كەسێك، ڤاكسینەكە بە كارمەندانی تەندروستی بدرێت.

ئەدهانۆم وتیشی: باشترە لە هەر وڵاتێك هەندێ كەس بكوترێن لە بری ئەوەی لە هەندێ وڵاتی كەم، هەموو كەسێك بكوترێت، ئەو راشیگەیاند لە ئێستادا "ژمارەیەك لە ڤاكسینی هیوابەخشمان هەیە. بەڵام تەنها ئەو كاتە بەكاردەهێنرێن كە بسەلمێنرێت سەلامەت و كاریگەرن".