رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكاری پزیشكی گەیاندە شاری دهۆك

  2020-08-30  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆك راگەیاند، رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە گوژمەی 270 ھەزار دۆلار هاوكاری پێشكەشی تەندروستی دهۆك كرد.

ئەمڕۆ ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق سەر‌دانی پارێزگای دھۆك كرد و هاوكاریەكانی رێكخراوەكەی گەیاندە ئەو شارە كە لە ئێستادا بەشێوەیەكی فراوان ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاو دەبێتەوە. 

لەو بارەیەوە نزار عسمەت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە پارێزگای دھۆك راگەیاند: نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق هاوكاری پێشكەشی تەندروستی دھۆك كردووە كە لە كەرەستەی خۆپاراستن و قەرەوێڵە و هاوكاری هەمە جۆر پێكھاتبوون.

بە گوێرەی وتەی بەڕێوەبەری تەندروستی شارەكە ئەو كەرەستانەی رێكخراوەكە گەیاندویەتی پێیان بە بەهای 270 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هەفتەی رابردوو وەزيری تەندروستی لە مەراسیمێكدا ئۆفیسی رێكخراوەكەی لە ناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی لە شاری هەولێر كردەوە و لە مەراسیمەكەدا وەزیر هیوای خواست ئەو رێكخراوە هاوكاریەكانی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتربكات. 


ڕیکلام