دەست بەسەر بڕی زیاتر لە پێنج تۆن شەربەتدا دەگیرێت

  2020-10-13  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر شەربەتی لە قوتونراودا دەگرن كە شیاوی خواردنەوە نەبووە و كۆگاكە پابەند نەبووە بە مەرجەكانی تەندروستیەوە.

لیژنەی كۆگاكانی قائیمقامیەت، لە كۆگاكانی (غەریب) لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی دەست بەسەر پێنج تۆن و (16) كیلۆگرام شەربەتی قۆخی سروشتی (خوخ التبیعی)دا دەگرێت كە گومانی خراپبونی لێدەكرا. 

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە دوای پشكنینی تەندروستی سلێمانی بۆ ئەو شەربەتە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی وەڵامەكەی بە نەشیاو بۆ خواردنەوە راگەیاندووە و بەو هۆیەشەوە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی شەربەتەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

قایمقامیەت ئەوەشی روونكردووەتەوە "یەكێك لە سەرپێچییەكانی كۆگاكانی عەمباركردنی خواردەمەنی (غەریب) گەرمی شوێنەكەیە ئەمەش وادەكات ئەو خواردن و خواردنەوانەی تیایدا عەمباردەكرێت پێش ماوەی دیاریكراوی خۆی خراپ بێت، هەروەها جێبەجێ نەكردنی مەرجەكانی تەندروستی لە شوێنەكەیدا، سەرپێچییەكی دیكەیە". 


ڕیکلام