دەوڵەتانی کەنداو ترسیان هەیە لە بردنەوەی جۆ بایدن

  2020-11-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوە ئیماراتی و بەحرەینییەکان هیوادارن جارێکی تر دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەی بمێنتەوە و هانی ڕەوەندی موسڵمانەکانیش دەدەن لە ئەمریکا لە بەرژەوەندی ترەمپ دەنگ بدەن.

ڕۆژنامەی "یسرائیل هایۆم"ی ڕاستەڕاوی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئیماراتییەوە بڵاویکردەوە، هەموویان چاویان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە و هیواداریش ترەمپ بیباتەوە، بەڵام ئامادەشیان کردووە، بۆ ئەگەری چوونی سەرۆکێکی نوێ بۆ ژووری هێلکەیی کۆشکی سپی.

ئەو لێدوانەی دیپلۆماتکارە ئیماراتییەکە لە کاتێکدایە، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ توانیویەتی بە ملیۆنان دۆلار کۆمەک لەو موسڵمانانە کۆبکاتەوە، کە پشتیوانی لە سیاستەکانی ترەمپ دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دەسەڵاتدارتنی سعودیە و ئیمارات و بەحرەینەوە ڕایگەیاندووە، وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت وڵاتانی کەنداو ترسیان هەیە لە دۆڕانی ترەمپ، چونکە چاوەڕواندەکرێت گەر جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بیباتەوە، سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

ئەو سەرچاوە بەحرەینییە ئاشکرایکردووە، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاانی دیکەی عەرەبی بەردەوامە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە چاوەڕواندەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕێککەوتنی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل بێتە ئاراوە لەناوچەکە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەگەر جارێکی تر ترەمپ سەرکەوتووبێت، ئەوا ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی ئامادەن بەشداری لەو پرۆسەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن، ئەگەر بایدنیش بیباتەوە چاوەڕواندەکرێت دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و دووچاری پاشەکشە ببێت.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە لەزاری ئەو سەرچاوە باڵایەی بەحرەینەوە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا ئیسرائیل و ئەمریکا وەک ناوبژیوان کاردەکەن لە نێوان قەتەر لە لایەک و سعودیە و میسر و بەحرەین و ئیمارات و چەند دەوڵەتێکی تر لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و کۆتایی بێت بەو دابڕانەی کە هاتووەتە ئاراوە.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا  هەریەکە لە ئیمارات و بەحرەین و سودان بە ناوبژیوانی ئەمریکا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.



ڕیکلام