یان ئۆینەرەم یان زیفلەرەم
لێپرسراوی مهڵبهندی دیراساتی گشتی یهكێتی
21/11/2025
|
459 جار خوێندراوەتەوە
کە منداڵ بوین، لەشاری کەرکوک چەندین ماڵی تورکمانی هاوسێمان بون، کە یاریمان دەکرد هەندێ منداڵی تورکمان قسەیەکی تورکمانییان بەکار دەهێنا و ئەیانوت:
(یان ئۆینەرەم یان زیفلەرەم)
ئەمەش بەو واتایەی ((یان یاری ئەکەم یان تێکی ئەدەم)) دیارە ئێمەش ئەو لۆجیکەمان دەزانی و وەکو ئەوانیش باسمان دەکرد، دیاریش بوو لە ناوەڕۆکدا ئەوان ئەیانویست یارییەک بکەن بەپێی یاساو حەزی خۆیان بێت، دەنا تێکی دەدەن و ناهێڵن ئێمەش یاری بکەین.
ئێستا هەندێ کەسایەتی سیاسی لە هەرێمەکەمان هەمان لۆجیک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم پیادە دەکەن و، ئەڵێن یان دەبێ بە یارییەکەی ئێمە رازی بن و حکومەت دروست بکەین، یان تێکی ئەدەین و لەسەرەتاوە دەس پێ دەکەینەوە و هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام دەدەین !!!
مەغروریەتی سیاسی هیچکات یەکڕیزی نیشتمانی دروست ناکات، گەر یەکڕیزیتان دەوێت پێویستە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتتان بەو ئاراستەیە بێت.
ئەگەر ئێوە ئەتانەوێ رێساو یاساکانی یاریکردن بگۆڕن بۆچی پێتان سەیرە بەرامبەرەکەشتان بەهەمان شێوە بیربکاتەوە، یەکێتیش خەمخۆری سەرەکی مافەکانی خەڵکە، بەهەڵبژاردنیشەوە، چونکە هیچ کاتێک سڵی نەکردۆتەوە لە هەڵبژاردن بەتایبەت -بە پێچەوانەی لایەنی تر- لەم سێ ساڵەدا دەنگ و کورسی زیاد کردوە.
|