کاتێک دەوترێت: کورد نەتەوەیەکی قارەمانن؛ چیرۆکی بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاڤات دێتەبیر

ئەحمەد میرە

مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس
  10/01/2026  |    151 جار خوێندراوەتەوە
کاتێک دەوترێت: کورد نەتەوەیەکی قارەمانن؛ چیرۆکی بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاڤات دێتەبیر و شانازی بەکوردبوونەوە دەکەیت و تامەزرۆییت بۆ بەرەنگاریی نیشتمانی دەگاتە ترۆپک.

کاتێکیش باسی خیانەت و کورد_فرۆشی و بازرگانیکردن بەخاک و نەتەوەی کوردەوە دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئەو بۆرەکوردانەت دێنە بیر، کە بەناوی ئایدۆلۆژیا و هەراوهۆریای نالۆژیکییەوە دەچنە بەرەی ئەحمەدشەرع و هاوشێوەکانییەوە.

تێناگەم لەم وڵاتەی ئێمەدا یاسا و داواکاریی گشتی و ئەم شتانە لەکوێن؟! بۆچی بەهیچ جۆرێک لە ئەو دەنگە دژە_مرۆڤ و دژە_کوردانە، ناپرسنەوە، کە بە ئاشکرا بانگەوازیان بۆ شەرع و ڕژێمەکەی دەکرد.

بەشێک لەم بونەوەرانە لە هەرێم بە یاسا حیزبۆکەیان هەیە و کاریان هەموو شتێکە جگە لە کوردبوون و ژیانی مەدەنی.
ئاخر نەتەوە چۆن بەهێزدەبێت؟ چۆن دەمێنێتەوە؟ چۆن دەبێتە دەوڵەت؟ هەتا ئەم تایپە لە مەخلوقی ترسناک و دژە_نەتەوە و دژە_مرۆڤی تێدابێت؟! هەمیشە دژی خراپی حکومڕانیی کوردم و لە بەرەی دەسەڵاتێکی باش و خزمەتکارم و دەمەوێت نیشتیمان هی هەمووان بێت.

وەستانەوە دژی خراپیی سیستەم، واتای وەستانەوە نییە دژی نەتەوە و نیشتیمان و مرۆڤبوون. وەک ماغوت دەڵێت: ئەوەی بەم نیشتیمانەوە دەمبەستێتەوە، تەنها پێڵاوەکانمن؛ بەڵام ئەوەی دەست لەگوڵێکی بدات، وەک ئەوەیە دەست لە دڵم بدات.

چەندە شەرمدەکەم لە بوونی ئەم مەخلوقە زەبوون و بەدبینانە، کە لە وڵاتدا هەن، ھێندە شانازیدەکەم، کە هاونەتەوەی پاڵەوانەکانی ڕۆژئاڤام.
زیاتر