گولـلە تەقێنەكان ئازادیی ناپارێزن

ئەحمەد میرە

مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس
  04/05/2021  |    747 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دۆخی ڕۆژنامەنووسیی كوردیی لە هەموو كاتێك خراپتر و دژوارترە. هەموو ئەو ڕێگایانەی، كە دەمانبەنەوە سەر ماڵی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، وێران و خاپوركراون. ئەو ڕەوتە ئازادییەی بیست ساڵ پێش ئێستا لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی كوردیدا سەریهەڵدا، بەرەو پوكانەوە دەچێت. ڕەنگە ئێمە تاكە نەتەوە بین لەمێژوی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی جیهانیدا، هێندە خێرا بەرەو دواوە بگەڕێینەوە. نەتەوەیەكین بە سروشتمان دژی كەلتور و نوسیین و بەرەوپێشەوەچوونین. ئالودەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر و خۆسەپێنین. ئەوەی دەیبینین ئەوەی، هەموومان پێكەوە بەشداریین لە قایمكردنی پایەكانی دیكتاتۆرییەت و تاكڕەویی سیاسیی. هەندێكمان ڕاستەوخۆ بەردەكانی كۆشكی دیكتاتۆرییەت دادەنێین و هەندێكی تریشمان ناڕاستەوخۆ حوكمی بنەماڵە و خێزانەكان ئارایشتدەكەین. پێمانوایە ئەم كردەوانەمان بەشێكن لە بەدیهێنانی دیموكراسییەت و سیستەمی ڕاستەقینەی حوكمڕانیی، لە كاتێكدا تەواو مەترسیدارە. چۆن دەكرێت باس لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بكرێت و ڕۆژنامەنووس زیندانیی و تیرۆربكرێت؟! دەستگاكانی ڕاگەیاندن بەتەواوەتیی ببنە موڵكی كەسانی سیاسیی و هەواڵگریی. كە بەرەو ساڵیادی تیرۆركردنی یەكێك لە پێنووسە لاوەكانی ناو دونیای خەونی ئازادیی دەڕۆین، تابلۆكە بەتەواوەتیی لێڵ و تاریكە. هەمان ئەو ڕۆژانەمان بەخراپتر و ناشیرینتر پیشاندەدات، كە سەردەشت عوسمانی تێدا تیرۆركرا. بەتەواوی بڕوامەوە ئەوە دەڵێم، ئەو ڕۆژانە ڕۆژنامەگەریی كوردیی جوانتربوو. ئامانجەكان ڕوونبوون. هیوا هەبوو بۆ بەدیهێنانی دونیایەكی باشتر. بەشی زۆرمان لەسەر ئەو شاڕێگەیەبووین، كە ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە، ئازادیی و دیموكراسییەتی ڕاستەقینە بەرهەمدێنێت؛ بەڵام ئێستا تیرۆر و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان، بەیاسایی كراوە. ڕێكخراو و چالاكوان و ڕۆژنامەنووسەكان بێدەنگكراون. ئەوانەی، كە دەروێشی دیموكراتییەت بوون، یان نائومێدن، یاخود خۆیان بێدەنگكردووە و لەو بڕوایەدان، كە وڵاتێكی بێ_ڕۆژنامە و بێ_وتن و بێ_دەنگهەڵبڕین، زۆرباشترە لە وڵاتێك، كە هەراوهۆریای سیاسیی و گۆڕانكاریی تەنیبێتی. ئێستا ئەو پرسیارە دەكرێت، ئایا لەم وڵاتەی ئێمەدا هەرگیز دیموكراسیەت و ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی بەسەر پشتی كیسەڵی دیكتاتۆرییەت دەگاتە مەنزڵی دونیایەكی جوانتر؟ !

وەڵامەكە ڕوونە. ئێستا كەس وەك سۆران و سەردەشت و كاوە و ویداد، بۆ قەڵەمەكان شەهید نابن. ئێستا ڕۆژنامەنووسەكانی ئێمە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی بە خوێنی خۆیان نانووسنەوە. ئێستا دۆخەكە تەواو لێڵبووە. ماسكداریی بەهۆی كۆرۆنا و ساختەچییەتی هەواڵگرییەوە بووەتە باوی سیاسیی. لەم ڕۆژەدا تەواو نیگەرانم. نیگەرانم بۆ تیرۆری هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەكانمان. نیگەرانم بۆ زیندانیكردنی چالاكوان و سیاسییە سەربەخۆكان. نیگەرانم بۆ دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی. نیگەرانم بەوەی لە وڵاتێكی كپكراودا دەژیم. نیگەرانم لەوەی حكومەت ڕۆژنامەنووس دەگرێت و لێیدەدات و دەیكوژێت، كەچی باس لە پێویستییەكانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەكات .

دەپرسم لەكوێی دونیادا كەسانێك گوللە_تەقێن بن دەتوانن ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەستەبەربكەن؟


زیاتر