دەبێ داوای راگرتنی پرۆژە یاسای (میدیای ئەلکترۆنی) بکەین
16/08/2020
|
424 جار خوێندراوەتەوە
قسەو باسی زۆر لەسەر ناوەرۆکی پرۆژە یاسای "رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی" دەکرێت.
ئێمەیش لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ (رۆژی ١٣ی ئەم مانگە) لە بەیاننامەیەکدا هەندێ لە تێبینی و سەرنجەکانی خۆمان بڵاوکردەوەو داوای راگرتنی یاساکەمان کرد. بەڵام هەندێ دۆست و برادەر و لەوانەش هەندێک هاوڕێی خۆم کە دڵنیام لەوەی نووسەری جدی و لایەنگری ئازادین، ئەگەرچی رەنگە هەمان رەخنەو تێبێنیی ئێمەیان لەسەر پرۆژەکە هەبێ، بەڵام بەوپێیەی بوونی یاسایەک بۆ میدیای ئەلکترۆنی بە پێویست دەزانن، داوای بەردەوامبوون و دەستکاریکردنی یاساکە دەکەن، نەک راگرتنی .
بەو هاوڕێیانە دەڵێم: کێشەکە تەنها لە دەق و بڕگەکانی یاساکەدا نیە تا چاک بکرێن و چارەسەر بکرێت، بەڵکو ئەو پەرلەمانەی ئەمڕۆ هەر خۆی کێشەیە. پەرلەمانێک بە ئاماژەیەکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەو شێوە کاریکاتێرییەی بینیمان، پارێزبەندی لەسەر ئەندامی خۆی لا ببات (ئەویش لەسەرچی؟ لەسەر قسەکردن!).
پەرلەمانێک ئەندامەکانی لە خۆپیشاندانەکاندا پەلاماربدرێن و توانای ئەوەی نەبێ داکۆکییان لێبکاو لیپێچینەوە لەگەڵ پەلاماردەران بکات (کە رەنگە لە خوارترین پلەی وەزیفیی ئەمنیدا بن).
بە کورتی پەرلەمانێک کە نەتوانێ داکۆکی لە ماف و ئازادی رادەربڕینی ئەندامەکانی خۆی بکات، چۆن متمانەی پێدەکرێ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان بکات؟
پێم وایە ئەگەر باشترین و ئازادیخوازترین پرۆژە یاسایش بخرێتە بەردەست ئەم پەرلەمانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، بەو پێکهاتەو ئەداو کارکردەوە کە لێمان بینوە، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بین کارەسات بەرهەم بێنێ.
بۆیە سەلامەتترین داواکاری ئەوەیە بڵێین تکایە یاساکە راگرن و میدیای ئەلکترۆنی "رێک" مەخەن، با لەوە زیاتر "تێک" نەچێت
|