بێبایەخكردنی په‌رلەمان بۆچی

  27/04/2026  |    432 جار خوێندراوەتەوە
ئەگەر زۆر بەسادەی هەڵوەستە لەسەر ئەو بێبایەخكردن و نابوتكردنەی پارلەمانی كوردستان بوەستین، دەبێت بڵێین ئەمە ڕێك خزمەتە بە هەموو ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان سوك و ڕسوا بكەن و ئەوەی هەیە لە دەستی بدەین، بەرپرسی یەكەمی ئەم كارەش ئەو حزبانەن كە زۆرینەی دەنگەكانیان هێناوەو حكومەت و دەسەڵات و پێشمەرگەو ئاسایش و دەزگای نهێنی و ڕاپۆرتنووسین لە بندەستی ئەواندایە، شكاندنی شكۆی پارلەمان شكاندنی شكۆی حكومەت و دواتر كوردیشە، كارێكە بۆ  هەڵوەشانەوەی ئەوەی كەهەیە، دوو بارە كردنەوەی وەك و سواربون و دابەزینی ئەسپەكەیە، بە بڕوای من هەموو ئەوانەی كورسیان لە پارلەمانی كوردستان هەیە بەرپرسیارن لەو دۆخە، دەركەوت نەبوونی دەزگایەكی دادوەری هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی زۆر كێشە یەكێكە لە كێماسیە گەورەكانی ئەم هەرێمۆكە بارمتەكراوە.

هەروەها ئەوەشمان بیرنەچێت بۆ كۆبوونەوەی پارلەمان و دیاری كردنی كەمتەرخەم پەنا نەبردن بۆ دادگای فیدراڵی ئەویش كەم و كوڕیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی هەمووان، لە ڕاستیدا بەم جۆرە بێبایەخكردنی پارلەمان هەمان ئەو كارەیە كە توركیاو ئێران و عێراقیش دەیانەوێت، بە میر نشینكردنی هەرێمەكەو بوونی دوو میر نشینی زەردو سەوز و بەردەوام پاشقولدان لە یەكترو هەمیشە دانانی داوو تەڵە بۆ یەك ئەركی میت و ئیتڵاعات و نەیارانی كوردی زۆر ئاسانكردوەو چیرۆكی سەگی ڕەش و سەگی سپیمان بیر دەخاتەوە گوایە دوژمن وتویەتی،  دوژمنیش ئەوەی نەگوتبێت زۆر ڕێی تێدەچێت.

لە ماوەی ڕابردودا ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆردومانەكانی سەر هەرێم، دیار نەمان و دزینی ئەو چەكانەی گوایە ترەمپ دەڵێت ناردومن و نەماون ،سەیر ئەوەیە لە دزینی چەكەكاندا بافڵ تاڵەبانی ڕاستەو خۆ گوتی لای ئێمە نیە ، كەچی ئەوی تر لە بری وەڵام دانەوە سیناریۆی ئەوە دەكات كە گوایە میر نشینی سەوز فەوتاندویەتی، یانی هەردوو لا لە بری پێكەوە بڵێن نەگەیشتوە یان گەیشتوەو لەفڵان شوێنە كەچی هەرێمی تیا ناشرین و نابود دەكەن و بە هەردوولاش یەكتری تیا ڕسوا دەكەن، راستی ئەگەر پارلەمان لە ماوەی ڕابردودا كارا بوایە دەكرا لە سەر هەموو ئەو بابەتە هەستیارانە هەڵوەستەی بكردایەو ڕۆڵی نوێنەرایەتی خەڵكی ببینیایە " نەیبنی " بۆ میرنشینەكان، بۆ پارتی و یەكێتی ، بۆ حزبەكانی دیكە، بۆ پرلەمانتارە سەركەوتوەكان شەرمێكی گەورەیە ئەو بارو دۆخە ببینن و خۆیان بكەن بە كەڕەی شەربەت.

بۆ ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەلی كورد وێنەیەكی یەكجار جوانی نیشاندا، پەیامی یەكەكەی گەلی كورد گەیشتە گوێی هەموو دنیاو لە ڕوی دیبلۆماسی و كاری پێكەوەییەوە دۆخێك دەركەوت تەنانەت دنیاش دەرگا بە ڕووی كوردا بكاتەوە، بەڵام هەڵوێستی ناكوردانەو نامرۆییانەی داخستنی دەرگای پارلەمان و كۆنەبوونەوەی پارلەمان و سوككردنی ئەو دەزگایە لە دەرەوە وێنەی كوردی زۆر ناشرین كردوە، كە دەڵێم لە دەرەوە مەبەستم ناوەندە سیاسی و بڕیاردەرەكانی دەرەوەیە، دەبێت پرسیاری مكوڕانەو یەكلاكەرەوە بكرێت كە كێ‌ لەم شكۆشكاندنەی پارلەمان بەرپرسە، كێ‌ قازانجی لێدەكات بۆ ئەوەی بوێری ئەوە هەبێت لە قاو بدرێت.

پەكخستن و داخستنی پارلەمان خۆ دەستیەو خزمەتە بە ئەوانی تر، ئەمە هەرچی ناو بنەیت لە تاوان گەورە ترە كێشە ئەوەیە هەلاهەلا كردنی كۆمەڵگەو شەت و پەت كردنی وای كردوە هیچ وتارێك بابەتێك بە جۆرێك لە هاوارو چارەسەر ناخوێنرێتەوەو خوێنەرە بڕیاربەدەست و سیاسیەكانی ئێمە، ئەگەر بخوێننەوە، سەرەتا بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن ئەم وتارە چەند لە خزمەت یان دژی ئەوانە، بۆیە زۆر جار ئەم دادو هاوارەش دەڕوات و تێدەپەڕێت و هیچ شتێك بەئاراستەی باشبوون ڕوونادات.
زیاتر