توڕهییهكه ببینن
10/01/2023
|
477 جار خوێندراوەتەوە
ئەو روداوانە بونەتە هۆکاری بەردەوامی توڕەبوونی زیاتری خەڵک و نابینا بوونی ئەوان لە ئاست بینینی ئەو راستیانە ،ئەگەر ئاوڕ لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو بدەینەوە ، بەڕوونی ئەو راستیە دەبینین ، هەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی ھەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دەنگەکانیان لە کورتی دەداو ئەوان نایانەوێ بیبینن، لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ەوە هیچ هەڵبژاردنێک نیە بە گوێرەی گەشەی دانیشتوان و زیادبوونی دەنگدەران پارتی و یەکێتی رێژەی دەنگدەرانیان بەرز بووبێتەوە، لە کاتێکا هەر بۆ تۆڵە کردنەوە لەوان بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم هەڵبژاردنی خۆیدا نزیکەی ٥٠٠ هەزار دەنگی هێناو کە خەڵک لەویش نائومێد بوو هەمان سزای ئەوانیشی دا ، پارتی و یەکێتی نایانەوێ ئەم تووڕەییەی خەڵک ببینن، نایانەوێ ئەو راستیە بزانن کە دەنگدەرانی نوێ دەنگیان پێنادەن ، بەڵام هێشتا خۆیان بە نوێنەرو حاکمی کوردستان دەزانن ، لە بەر ئەوەی زۆن و چەک و پارەو میدیایان بە دەستە ، ئەگەر چی ھەموو ئەوانەش دژی یەکتر بە کار دێنن.
لە سەر ئاستی هەرێمایەتی پارتی و یەکێتی چەمینەوە نەماوە بۆ ئێران و تورکیاو تەنانەت ئەو عێراقەشی نەکەن کە لە ٢٠٠٣ خۆیان رۆڵێکی گەورەیان لە بونیاد نانەوەیدا بینی ، پارتی لە سنوری خۆیداو بە ناوی کوردەوە رێکەوتنێکی ژێراو ژێرو شاراوەی ٥٠ ساڵەی بۆ خاوەندارێتی تورکیا لەنەوت و خاکی هەرێمی کوردستان واژووکردووە ، پارتی و یەکێتی ھەردوو لا ملیان لە موو باریک ترە لە بەردەم ئێرانداو هەردوو شینگێڕی قاسمی سولەیمانی و مەهدی موهەندیس دەبێتە کێبڕکێی نێوانیان بۆ نیشاندانی وەلابۆ ئێران ، لە سەر ئاستی عیراقیش گرەوی عیراقی بوونەوەی نێوانیان گەیشتوەتە ئاستێک کە هەموو بانگەشەو پڕوپاگەندەی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و خۆخاوەنی شەرمەزارکردووە ، کەچی هێشتا هیچ یەک لەو سێ وڵاتە بچوکترین رەزامەندیان بەرانبەریان نیشاننەداوەو داوای چەمینەوەی زیاتریان لێدەکەن .
لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی ئەمەریکاو ھاوپەیمانان دەرهەق یەکگرتنەوەی پێشمەرگەو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی بۆ ھەرێمی کوردستان تەواو لێیان نیگەرانن و تا ئێستاش لە چەندین رێگەو کەناڵی جیا جیاوە ئەو نیگەرانیانەیان بە سەرانی پارتی و یەکێتی گەیاندووە ، سەیرەکە لەوەدایە پارتی و یەکێتی وەڵامێکی ئەو تۆیان بۆ توڕەییەکانی هاونیشتمانیانی کوردستان و هاوپەیمانانی دەرەوە نیەو لە بەرانبەردا رۆژ بە رۆژ زیاتر مل بۆ داواکانی ئەوانی تر دەدەن ، ئەمەش وەک نەخوێندنەوەی هەقیقەت و نەبینینی راستی وایە، ئەوەی هەرێم و ئەم دەسەڵاتە دەهێڵێتەوە خەڵکی کوردستان و ئەو ھاوپەیمانانەن، کە کورد دەپارێزن و ناھێڵن دراوسێکان زیانی پێبگەیەنن، بەڵام ئەم دەسەڵاتە دراوسێکانی لە میلەت و هاوپەیمانەکانی پێلە پێشترە ، ئەمە بێبەرنامەیەکی ژیارانەو ئاوەزیانە.
|