مەرگی فاروق ڕەفیق، پێی وتین: شەیتانێکی زۆر ناشیرین لە کۆنەستی ئێمەدا بوونی هەیە.

ئەحمەد میرە

مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس
  29/04/2026  |    824 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێک زۆری بە دونیای پڕئازاری ئێمە بەخشی و دەنگی وشەکانی لە سەرتاسەری بواری ھزر و بیرکردنەوە و نەریتی ئەم کۆمەڵگایە دێت.

کاتێک ئەو ھەموو پەلامارە دەبینم شۆک دەبم، ھێشتا ئێمە لە کوێ و لە چ قۆناغێکی لێوانلێو لە مەترسیدا دەژین.

فاروق ڕەفیق چی وتووە و چی نووسیوە، بەشێکی دانەبڕاوی کۆی بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە.

سەرەڕای جیاوازییەکان لە بیرکردنەوە و تێڕوانینمان، دەبێت بە شکۆوە لە نووسینەکانی بڕوانین و ڕێگە نەدەین جەستەی بکرێتە کەرەستەی شکاندنی مرۆڤ و جیاوازیی بیرکردنەوە.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زەنگی ئەو مەترسییە قووڵە نەریتییەیە کە دەکرێ دوای مردنی ھەریەکەمان لێ بدرێت.

لە مێژە دەوترێ کە مرۆڤ دەمرێت، شەیتانیش وازی لێ دێنێت، بەڵام دیارە شەیتان لە ناخی جنێوفرۆشەکاندا نامرێت.

مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ گەنجێکی سۆشیاڵ میدیا گفتوگۆم دەکرد و پێی وتم: چاڵێنجی کەسێکی دی بکەم بۆ گفتوگۆ. بە ئەوپەڕی ڕاشکاوییەوە پێم وت: با کاک فاروق ڕەفیق بێت و بە زمان و شێوازی خۆی پێمان بڵێت: لە گەمژەیی خۆتاندا بژین.

بەڕاستی کاتێک ئەم ھەموو جنێوە دەبینم، دەگەمە ئەو بڕوایەی کە لە گەمژەییەکی قووڵدا دەژین.

گیانی فاروق ڕەفیقی دونیای نووسین و فەلسەفە و کتێب و دەنگھەڵبڕینەکان شاد بێت و دەست و بیری جنێوفرۆشەکان خامۆش بێت.
زیاتر