وەزیری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق؛ وەک ئەوەی بینیوومە و دەیناسم.

هۆشیار عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق
  16/05/2026  |    1777 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە فالح ساری دەناسم، یەکەمجار لە سەردانێکی سەید عەمار حەکیم بەیەکتری ئاشنابووین، دواتر وەک یەکێک لە هەڵۆکانی شیعە لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت و زیاتر ناسیم، لە ٢٠١٨ ەشەوە تا ساڵی ٢٠٢١ پێکەوە لە لیژنەی دارایی بوین. 

فالح کەسێکی لە سەرخۆیە بەڵام زۆر رژدە لەسەر هەڵوێست و تێگەیشتنەکانی، لەوانەیە کە ڕای خۆی بە ئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام حزبییەکی تەواو پابەندە و لە قسەی سەید عەممار دەرنەدەچوو. 

ئەو لە نێو شیعەدا بە دەستپاکی و پاکی ناسراوە، خاکیانە دەژی و هیچ مەلەف و قسەیەکی گەندەڵی لەسەر نییە. 

بە درێژایی ماوەی مامەڵەم لەگەڵیدا قەت هەستم نەکردووە یان لێی دەرنەکەوتووە بەرامبەر کورد شۆڤێنی بێت یان قسەیەک دژی کورد وەک نەتەوە بکات، بەڵام بەڕوونی زۆر دژی سیاسەتی دارایی و نەوتی ھەرێمی کوردستان بووە و نەیشاردۆتەوە. 
دەگوترێت لە گیف توندترە، ھیچ کات بەراوردی نێوان ئەو دوانە دروست نییە چونکە گیف ھەم توند بوو ھەم نالۆژیکی و لاواز لەبەردەم ھێزەکانی شیعەدا، فالح لۆژیکیترە و لاوازیش نییە بەرامبەر ئەوانیتر، گیف مەرجەعی ڕوونی نەبوو جگە لە سودانی، فالح ھەیەتی و وەک وتم سەرکردەیەکی سیاسی و حزبییەکی پابەندە. 

ھێندەی بیرم بێت کەمجار ھەبووە لەسەر پینە و پەڕۆکانی نێو لیژنەی دارایی لە یاسای موازەنەدا بۆ چارەسەرەکانی گرفتی مووچە و پشکی ھەرێم ڕازی بووبێت بەڵام کە دەبوو بە رێکەوتنی سیاسیی پابەند دەبوو لەکاتێکدا نەشیدەشاردەوە کە لەگەڵیدا نییە و وەک ئیلتیزامێکی سیاسیی و حزبی دەنگ دەدات یان بێدەنگ دەبێت لێی. 

فالح لە دیوانی چاودێری دارایی بووە پێشتر، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، لە لیژنەی مالیە بووە چوار خول، ھەموو سیستمی دارایی عێراقی بە گەندەڵی و وردەکارییەکانەوە لەبەرە، پیاوێکی گیرە لە سەرفکردنی پارەدا بەڵام وەک وتم لەنێو سیستمێکی پڕ لە گەندەڵییدا پێم وانییە ئەویش وەک زۆرێک لە وەزیرەکانی پێشووی دارایی ھیچی پێ بکرێت. 

لە ئێستاوە سەنگەرگرتن لە فالح و بە دوژمنکردنی کارێکی ھەڵەیە، لەبری ھەڵواسینی ئومێد بەوەی کێ وەزیری داراییە و وەک شەخێ چی بۆ ھەرێم دەکات، چارەسەر ئەوەیە سیستمی دارایی پڕ لە چەتەیی گەندەڵیی ھەرێم چارەسەر بکرێت ئەوسا فالح بێت یان گالح ھەرێم لێی بێمنەت دەبێت.

زیاتر