سستمی دارایی هەر وڵاتێک دەستەبەرە بۆ سەقامگیری ژیانی هاوڵاتیانی، بەڵام لە عێراقدا، ئەم سستمە ساڵانێکە کراوەتە بارمتەی بەرژەوەندییە تایبەتەکان و ململانێی نفووز و دەسەڵات.
یەکێک لە گەورەترین ئەو گورزانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیری بازاڕ دراوە، پرسی شاردنەوەی بڕە پارەیەکی زەبەلاحی نەختینەیی (کاش) بوو لە ژێر زەوی و لە حەشارگە تایبەتەکاندا، کارێک کە ئامانجەکەی تەنها کۆکردنەوەی سەروەت نەبوو، بەڵکو لێدان بوو لە پایەکانی دارایی وڵات.
تاوانبارکردنی هاوڵاتیان و حەقیقەتی چاپکردنی پارە
بۆ ماوەیەکی درێژ، کاتێک بازاڕەکانی عێراق تووشی قەیرانی نەبوونی پارەی نەختینە دەبوون، بەرپرسان و میدیاکانیان پەنجەی تاوانیان بۆ هاوڵاتیان ڕادەکێشا. دەیانوت بەهۆی نەبوونی سستمێکی پێشکەوتووی بانکی و متمانەنەکردنی خەڵک بە بانکەکان وایکردووە پارە لە ماڵەکاندا کۆبکرێتەوە، وە حکومەت ئەم بیانووەی دەقۆستەوە بۆ چاپکردنی بڕە پارەی نوێ.
بەڵام لە ڕاستیدا چاپکردنی بێبەرامبەری پارە، یان ھەر بڕە پارەیەکی نوێ کە چاپ دەکرێت بەبێ پشتگیرییەکی بەھێزی ئابووری، ڕاستەوخۆ بەھای کڕینی دینار دادەبەزێنێت و ھەڵاوسان دروست دەکات.
دواتر دەرکەوت کە ئەو پارە نەختینە زەبەلاحە لای ھاوڵاتیی ئاسایی نەبووە، بەڵکو لێشاوێک بووە لە دینار و دۆلار کە لەلایەن بەشێک لەو بەرپرسانەوە شاردرابوونەوە کە گوایە وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەوان ئامادە بوون بۆ پاراستنی نفووزی خۆیان، ژیانی ٤٥ ملیۆن ھاوڵاتی عێراقی ڕووبەڕووی ھەژاری و داڕمان بکەنەوە و ووڵات بەرەو ئیفلاسبوون ببەن.
ــ "لیستی تۆم باراک" و ھیوای گەڕانەوەی پارە دزراوەکان
لە نێوان ئەم قەیرانە قووڵانەدا، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لیستێکی گرنگ لەلایەن دۆسیە نێودەوڵەتییەکانەوە (کە بە لیستی تۆم باراک دەناسرێت) ئامادەکراوە، کە ناوی ١٠٠١ بەرپرسی باڵای عێراقی تێدایە (لە پلەی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا سەرەوە).
ئەگەر ئەم لێکۆڵینەوە و گوشارانە بە جددی بەردەوام بن، ئاسۆیەکی ڕوون ھەیە بۆ گەڕانەوەی ملیارەھا دینار و دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت. ھاوکات بەھۆی چاودێرییە توندەکانی ئەمریکا بەسەر گواستنەوەیدۆلاردا، دەکرێت ئەو دۆلارانەش کە بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، بە ئاسانی پێوەر بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.
ــ لە پۆپۆلیزمەوە بۆ کورسی دەسەڵات: محمد شیاع سودانی خراپترین سەرۆک وەزیرانە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ وە ھەتا ئێستا، وە کاتێک سەیری مێژووی سیاسی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەکەین، جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان دروشمەکانی ڕابردوو و واقیعی ئێستادا دەبینین. لە سەردەمی پەرلەمانتارییدا، ئەو بە لێدوانە پۆپۆلیستییەکانی، ھەمیشە خۆی وەک پارێزەری دەستپاکی و نەزاھەت نیشان دەدا و ڕەخنەی توندی لە گەندەڵی دەگرت. بەڵام لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، قۆناغی سەرۆکایەتییەکەی زیانێکی گەورەی بە ئابووری و دارایی عێراق گەیاند، بەھۆی:
١_ پاشەکشەی سستمی دارایی: قووڵبوونەوەی قەیرانی بەھای دینار و کۆنترۆڵنەکردنی بازاڕی ڕەش.
٢_ تۆڕە سێبەرەکان: دەرکەوتنی زانیاری لەسەر پێکھێنانی تۆڕی ئەلیکترۆنی ناتەندروست و گروپە سێبەرەکان کە ئامانجیان لێدان، ناو زڕاندن و لاوازکردنی نەیارە سیاسییەکانی بووە لە پێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا.
دەرەنجام
تاوانی شاردنەوەی پارە و سوتاندنیان، تاوانێکە ھاوشێوەی شوشتنەوەی پارە (غسیل الاموال) سزایەکی توندی ھەیە کە لەسێدارەدانە، چونکە ئامانج لێی داڕمانی سستمی ئابوری و دارایی و نەختینەییەی عێراقە، لێخۆشبوون یان چاوپۆشیکردن لەم تاوانە دەچێتە قاڵبی ھاودەستی گەندەڵکارانەوە. وە لە ئێستادا عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، ڕزگاربوونی ئابووری وڵاتەکە بەندە بە گۆڕینی ڕیشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن، کۆتاییھێنان بە شاردنەوەی سەروەتی گشتی لەلایەن بەرپرسانەوە، و گۆڕینی دروشمە پۆپۆلیستییەکان بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە کە بتوانێت پارێزگاری لە قووت و بژێوی ملیۆنان ھاوڵاتی بکات.