بەپێی لێدوانی رەسمیی و ئەو ئاماژانەی هەن، هەرێم لەبەردەم دووڕیانێکی پڕ ئالنگارییەو روون نییە چ ئاراستەیەک دەگرێت، بەڵام ئەم دۆخە چەقبەستووەی هەیە تاسەر بەردەوام نابێت.
یەکێتیی و نەوەی نوێ رێککەوتوون ھەرچی توانایان ھەیە خستویانەتەگەڕ بۆ ھەموارکردن و دووبارە سیاغەکردنەوەی دۆخی سیاسی و ھاوکێشەی ھێز لەحوکمڕانیی ھەرێم. لەدوایین دیڕەکانیشدا لەبەردەم رۆژنامەنوسان، شاسوار عەبدولواحێد بەروونی گوتی حکومڕانیەی ھەرێم یان چاکدەکرێت یان ھەرێم نامێنێت. پارتیش کە ئێستا زۆرینەی رەھای جومگەکانی حوکمڕانیی ھەرێمی بەدەستەوەیە ھەوڵدەدات دەستبگرێت بەو دۆخەی ھەیەو ئامادەنییە دەستبەرداری دەسەڵاتدارێتی ھەرێم ببێت.
لەدوو رۆژی رابردوو، پارتی بەدوای دڵنیابوونەوە بووە لەوەی ئەوەی شاسوار عەبدولواحێد لەکۆنگرە رۆژنامەنوسیەکە گوتی، تەنھا بۆچوونی نەوەی نوێیە یان ھی یەکێتییشە؟ بەپێی زانیاریی نارەسمیی، بەپرسێکی باڵای پارتی پەیوەندی بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی کردووەو لەوڵامدا پێی گوتووە بەڵێ ئەمە بۆچوونی یەکێتیشە.
ئەوەی ئێستا دەیبینین، دەرئەنجامی قبوڵنەکردنی یەکترو مانەوەی چەکە لەدەرەوەی ئیرادەی حکومەت و دامەزراوەنەبوونی حوکمڕانییە لەھەرێم. زیاتر لە ٣٥ ساڵە حوکمڕانی ھەرێم لەبازنەیەکی داخراودا بەبێ پێشکەوتن دەخولێتەوە! بەبێ دۆزینەوەی میکانزمێک یان بەدیلێک بۆ بۆ دەربازبوون تێپەڕین لەم دۆخە، مومکین نییە ئەم حوکمڕانیەی ھەرێم بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.
یەکێتیی و نەوەی نوێ خۆیان ئامادەکردووە بەچەند رێگەیەک فشار لەپارتی بکەن و گۆڕان لەحوکمڕانی ھەرێمدا دروستبکەن.
داواکارییەکانی یەکێتیی و نەوەی نوێ وەک خۆیان دەیڵێین بریتییە لە نیوەی پۆستەکانی حکومەت و حوکمڕانیی بەپۆستە باڵاکانیشەوە. دووبارە دابەشکردن و دیاریکردنی دەسەڵاتی جومگەکانی حوکمڕانیی و ھەروەھا فراوانکردنی دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێیەکان کەمەبەست لێی سلێمانی و ھەڵەبجەیە.
جگە لەپەنابردنە بەر دادگای فیدراڵ بۆ بەلاداخستنی چەقبەستنی سیاسی لەھەرێم، رەنگە یەکێتیی و نەوەی نوێ ھەوڵبدەن لەبودجەی نوێی عیراق بڕگەو ماددەی نوێ زیادبکەن کە گرەنتی دەسەڵاتی دارایی بداتە سلێمانی و ھەڵەبجە، ھەروەک لە ٢٠٢١ بڕگەیەک لەپرۆژەی بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق زیادکرا، بەڵام دواتر لادرا.
بیریشمان نەچێت لەداھاتوودا لەبەغدا فشاری نوێ دەکرێتە سەر ھەرێم و زەمینەیەک ھەیە دەسەڵاتەکانی ھەرێم سنوردار بکرێت ھەروەک عەدنان فەیحا جێگری یەکەمی پەرلەمان لەگفتوگۆی ناردنەدەرەوەی نەوت بەڕێگەی سوریاو تورکیا بەروونی گوتی؛ حکومەتی عیراق ھەڵوێستێکی توندی دەبێت بەرامبەر ھەرێم لەدانانی بودجەی ساڵی نوێ و سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی ھەرێم دادەنێین. مەبەست لەو قسەیە سنوردارترکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بوو بەسەر نەوت و سامانی سروشتیی.
لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە نوێیە، لەناو پارتیش ترسێک دروستبووە لەم دۆخە، بۆیە رەنگە لەناوخۆی پارتیش گفتوگۆیەک دروستبووبێت کە ئەم دۆخە بەرەو گرژی زیاترەو لێکەوتەکانی زۆر خراپ دەبن بۆیە باشترە بەدوای رێککەوتننامەیەکی نوێدا بگەڕێن لەگەڵ یەکێتیی ھاوشێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی، بۆئەوەی بتوانن ئەم دۆخە تێپەڕێنن و ئاسانتر دەسەڵاتەکان دابەشبکەن.
نازانم ئەم بۆچوونە تاچەند سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام لەدۆخێکدا کە دیموکراسی نییەو پەرلەمان و دامەزراوەکانی حوکمڕانیی پەکیان کەوتووە، پێویستدەکات لایەنە ناکۆکەکان کەچەک بەدەستن و نفوزی جوگرافی و ئیقلیمیان ھەیە، بەدوای بەدیلدا بگەڕێین بۆ بەیەکەوە حوکمڕانیکردن، نەک فۆرمی دوو ئیدارەیی.
چونکە ھەر فۆرمێکی دیکە جگە پێداچوونەوە بەحوکمڕانی ھەرێم و ساغکردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەو حوکمڕانەکانی، بەدڵنیاییەوە قەوارەی ھەرێم زیاتر دەپوکێتەوەو ھیچ مانایەکیش بۆ ئەو قیچە دیموکراسیەو ئازادییەی کوردستان و حزبایەتیکردن نامێنێتەوەو ئیدی بەواقع کوردستان دەبێتە دوو زۆنی حوکمڕانیی حزبیی.