مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم‌و هه‌ندێ راستی تاڵ...

  28/06/2020  |    540 جار خوێندراوەتەوە
چه‌ند رۆژێكه‌ قسه‌‌و باس گه‌رمه‌ به‌دوو ئاراسته‌ له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، ئاراسته‌یه‌ك پشتگیری لێدوان‌و به‌شێك له‌په‌رله‌مانتار‌و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات، كه‌به‌هۆی شكستی حكومه‌ت له‌دابینكردنی موچه‌‌و بژێوی موچه‌خۆران‌و داته‌پینی گوزه‌رانی هاوڵاتیان داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌ ده‌كه‌ن،
 ئاراسته‌ی دووه‌م دژی ئه‌م بۆچوونه‌یه‌‌و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیی‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی نیری داگیركه‌ر‌و خۆماڵیی حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی كوردی باشتر ده‌بینێ، بۆئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ئه‌و وته‌یه‌ی نوسه‌ری تورك‌و دۆستی تورك( ئیسماعیل بێشكچی) یان به‌رجه‌سته‌ كردبێته‌وه‌، كه‌ده‌بێژێت:"خراپترین ئیداره‌ی كورد باشتره‌ له‌چاكترین ئیداره‌ی بێگانه‌ بۆیان".  
له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی ونه‌ ئاراسته‌ی سێیه‌مه‌، كه‌ئاراسته‌یه‌كی بابه‌تیه‌‌و هه‌ردوولای ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بینێت‌و شیده‌كاته‌وه‌. ئاراسته‌ی یه‌كه‌م‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌...
ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی پێیوایه‌ پێویسته‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، بیانوو‌و پاساوی سه‌ره‌كی ته‌نها نه‌بوونی موچه‌‌و شكستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه‌ له‌ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان‌و بێتوانایی له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌و دزی‌و تاڵانی سامان‌و داهاتی میلله‌ت‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی...تاد. 
ئه‌م هۆكار‌و پاساوانه‌ راست‌و دروستن‌و نیشانه‌ كۆتاییه‌كانی هه‌ره‌سی ئه‌م ئه‌زمونه‌ن‌و سه‌رباری ده‌یان ره‌خنه‌ی بابه‌تی‌و خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی چین‌و توێژه‌كان‌و ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت به‌ئاگا نه‌هاتوونه‌ته‌وه‌،
به‌ڵام له‌روانگه‌ مێژوییه‌كه‌‌و له‌روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی میلله‌ت‌و چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ نه‌ك چینی ده‌سه‌ڵاتدار‌و مشۆخۆران، بۆ ئێمه‌ی كورد هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ هه‌ر ته‌نها ئه‌و میلله‌ته‌ ره‌شو روته‌ زیانی به‌رده‌كه‌وێت، كه‌سوته‌مه‌نی شۆڕشه‌كانی كورد بووه‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران.  ئه‌وه‌ی تائێستا ئه‌م ئه‌زمونه‌ی هێشتۆته‌وه‌ ئیداره‌ی جوانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و هۆشیارییه‌ی خه‌ڵكه‌، كه‌خۆی به‌خاوه‌نی ئازادی‌و خوێنی شه‌هیدان‌و ئارامی ده‌زانێت، نه‌ك ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵ‌و داوه‌شاو‌و داڕزاوه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌و هه‌موو میرخاس‌و جوامێرانه‌ی تێیدا هه‌ڵكه‌وتن‌و به‌شی زۆریان شه‌هید بوون ته‌خت‌و تاراجی به‌عسیان راماڵی، هێشتا له‌توانایدایه‌ ئه‌مانه‌ش رابماڵێت. بۆیه‌ ئه‌زمونی له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك‌و شێخان‌و زومار له‌(16‌و 17ی ئۆكتۆبه‌ر)ه‌وه‌ به‌رئه‌نجامی نابابه‌تی ئه‌م ئاراسته‌یه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و ناوچانه‌ قوربانیه‌ هه‌ر چینی ره‌شو روته‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران. ئاراسته‌ی دووه‌م‌ و پشتیوانی...  هه‌رچی ئاراسته‌ی دووه‌مه‌ له‌پاڵ به‌كارهێنانی پێدراوه‌ واقیعی‌و مێژووییه‌كاندا، شه‌ڕێكی له‌رواڵه‌تدا به‌حساب نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا ئایدۆلۆجی‌و نه‌بینی واقیع. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ به‌گژی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌چێته‌وه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئایدۆلۆجی‌و حزبیه‌كانیانه‌وه‌ هێنده‌ به‌شان‌و باڵی ئه‌زمونی ئه‌م قه‌واره‌یه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، كه‌پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 29 ساڵ له‌م هه‌رێمه‌ كراوه‌ له‌زۆر وڵاتی دنیا نه‌كراوه‌، ئێ راست ده‌كه‌ن بۆنموونه‌ له‌و وڵاتانه‌ (سۆماڵ، مۆزه‌مبیق، جیبۆتی).  ئه‌مانه‌ هێنده‌ خۆیان كه‌ڕ‌و كاس كردووه‌، كه‌ نه‌بێبه‌رنامه‌یی حكومه‌ت ده‌بینن، نه‌بێ پرۆژه‌یی، نه‌تێكه‌ڵاوی حزب‌و حكومه‌ت، نه‌كۆمپانیای حزبی، نه‌باندگه‌رایی نه‌وت، نه‌تاڵانی داهات، نه‌شكستی دیپلۆماسیی‌و حساب بۆ نه‌كردنی وه‌ك تورێكی قوڕاوی...تاد. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌‌و ده‌بینن ته‌نها یه‌ك روانگه‌ی حزبی‌و ئایدۆلۆجی‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌، ئیتر مه‌رگ‌و مردن‌و رسوایی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی، كه‌شه‌رعیه‌تی بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌. ئاراسته‌ی سێیه‌م...  ده‌مێكه‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ وه‌ك سه‌روه‌ریی، وه‌ك حوكمی ره‌شید، وه‌ك ئامرازی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی شۆڕش هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ پێی بزانن‌و پێی نه‌زانن، چونكه‌ حكومه‌ت شه‌رعیه‌تی خۆی له‌ناخی به‌شی هه‌ره‌ زۆری تاكی ئه‌م هه‌رێمه‌دا سڕیه‌وه‌ته‌وه‌ به‌هۆی دزی‌و فزیه‌وه‌.  ده‌مێكه‌ هه‌رێم بۆته‌ لانه‌ی سیخوڕان له‌میتی توركیه‌وه‌ بۆ ئیتڵاعاتی ئێرانی‌و مۆسادی ئیسرائیلی‌و سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریكی‌و وڵاتانی عه‌ره‌بیش، مه‌گه‌ر ته‌راتێنكردنی ئه‌م هه‌موو ده‌زگا سیخوڕیانه‌‌و بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم مانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ نیه‌؟! فرۆشتن‌و تاڵانكردنی سه‌رخان‌و ژێرخانی ئه‌م وڵاته‌ به‌توركیا‌و كۆمپانیا جیهانیه‌كانی نه‌وت‌و برسی‌و تینوكردنی میلله‌ت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كرداری ئه‌م قه‌واره‌یه‌ نیه‌؟! له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك‌و شێخان‌و شه‌نگال‌و به‌شی هه‌ره‌ زۆری ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان تانزیكی پردێ‌و راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌ به‌غدا چی ده‌گه‌یه‌نێت جگه‌ له‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم؟!  هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا بۆ زاخۆ‌و بۆردومانی كونه‌ماسی‌و هاتنی سوپای ئێران له‌ولاوه‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ نه‌بێ ئه‌ی چیه‌؟ مه‌گه‌ر هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا بۆ زاخۆ‌و بۆردومانی كونه‌ماسی‌و هاتنی سوپای ئێران له‌ولاوه‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ نه‌بێ ئه‌ی چیه‌؟ بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ وابڕوات ئه‌وه‌ ئێوه‌ن بیانووه‌كان ده‌ده‌نه‌ ده‌ستی داگیركه‌رانی كوردستان ئه‌م قه‌واره‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، بێئاگاییتان له‌پلانی سێقۆڵی (توركیا‌و ئێران‌و عێراق)‌و خه‌وخۆشیتان‌و شاگه‌شكه‌ بوونتان به‌لاوازبوونی نه‌یاره‌كانتان وا رۆژ به‌رۆژ هه‌نگاوی داگیركاریی ئه‌م هه‌رێمه‌‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌ی به‌دوادا دێت. ئه‌وانه‌ش بێئاگا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌ ده‌كه‌ن، بزانن‌و نه‌زانن گه‌ر بكه‌وینه‌ ژێر ده‌ستی تورك، ده‌بێت به‌یانیان به‌وشه‌ی (قارداش)ی توركی خه‌به‌رمان بێته‌وه‌‌و ئێرانیش بێت ده‌بێ خۆتان بۆ سینه‌زه‌نی حه‌سه‌ن‌و حسێن ئاماده‌ بكه‌ن‌و عێراقیش بێت جارێكیتر ده‌بێ به‌سرودی (موگنی موگنی) به‌یانیان به‌ره‌و ئیشوكار بكه‌وینه‌ ڕێ، چونكه‌ هێشتا شه‌قی له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك‌و شه‌نگال‌و خانه‌قین تا نزیكی پردێ به‌قنمانه‌وه‌ ماوه‌.
زیاتر