(32) ساڵ لەمەوبەر.. شاخی قەندیل، بەخوێنی ئازاد هەورامی.. شاگوڵێكی سوری لـێ ڕووا.. بۆیە، لەوساوە، هەڵۆ سورەكانی قەندیل.. لە دەوری ئەو شاگوڵەدا، دەسوڕێنەوە و دڵییان نایەت، لەسەر هیچ لوتكەیەكی قەندیل دا، بنیشنەوە، چونكە دەزانن، هیچ لوتكەیەك، ناگاتە لوتكە بەرزەكەی ئازاد هەورامی!
منیش.. دڵی، تەزیووم، لەو ساوە، ناسۆریی بەری ناداو كسپەی لەدەستدانی ئازاد.. وەكو پشكۆیەك، دەچزێتە ناخم و ئەو پشكۆیە، چركە بەچركەی رۆژگارە نالەبارەكەی دوای ئازاد.. هەتا دێت، نەك ناخم.. بەڵكو ویژدانیشم چز چز داخ دەكات.
كە بیر لە ئازاد دەكەمەوە.. شانازیەكانی رۆژانی سەختی خەباتی نهێنی.. رۆژانە ئازارم دەدەن..
كە بیر لە ئازاد دەكەمەوە.. پێكەوەنانی مەفرەزە سەرەتاییەكانی چەمی رێزان و دەشتی عەسكەر.. سزام دەدەن..
كە بیر لە ئازاد دەكەمەوە.. رەوشتە سیاسییە بەرزەكەی.. بێڕەوشتی سیاسەتی ئێستام لێدەكەنە.. دۆزەخی نائومێدی..
كە بیر لە ئازاد دەكەمەوە.. ژیرییەكەیو دوربینیەكەی و رقە پیرۆزەكەی.. لە بەرامبەر پیلان گێڕان، بەردەوام رام دەچڵەكێنن..
كە بیر لە ئازاد دەكەمەوە.. رەخنە راشكاوەكانی.. دەمامكە سواوەكانی ئێستام لێدەكەنە.. سیما دزێوەكانی پاوانخوازی..
كاتێك.. ویژدان و گیرفانی ئازادم دێتەوە بیر.. ئەوكاتەی لە نەبونیدا یان ئەو چەند دینارێكی دەدامێ، یان من چەند دینارێكم دەدایە.. قافڵەی دزراوی نەوتی ئێستاو كاروانە گومرگ نەكراوەكان.. دادگاییم دەكەن.
ئازاد گیان!
كوا.. روخسارە جوانەكەت.. كوا گیتارەكەت. كوا.. نوكتەكانت.. كوا.. شنە شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و پەشێو و مەحمود دەروێش و سەمیح قاسمت؛ لە گەڕانی پێشمەرگایەتی و لەپەنای سوپای بارەگاكاندا، بە ورەیەكی بەرزەوە، دەتخوێندنەوە؟
ئازاد گیان!
كوا.. شریتی گۆرانیەكانی مەرزیە و فەیروز و ماملـێ و مەزهەری خالقی و جار جارەش چڕینی سرودەكانت؟
بڕوا بكە.. ئارامگەكەی تۆ.. ئێستا، بۆ رەوشتە بێگەردەكەت.. بۆ راستگۆیەتیەكەت.. ئاسودەترە.. لەم گەندەڵستانەی ئێستا..
ئازاد..
ئاخر تۆ نازانی.. كەركوك.. چۆن كرایە دۆزەخی دڵسۆزان؟!
ئاخ و داخ نازانی.. پۆل پۆل تەعریبی نوێ لە كەركوك بەلای پەیكەری پێشمەرگەی شارەكەدا دێننەوەو هێزە سیاسیەكانیش.. چاوەڕێی قەدەری تری خراپتر دەكەن!
ئازاد گیان!
كورد سەد ساڵ بۆ نەوتی كەركوك قوربانی داوە، ئێستا بەشێكی نەوتەكە هەر كورد تاڵانی دەكات!
ئازاد گیان!
جاران.. تاقە سەركردەیەكی كەركوكی بووی و هەموو كەركوك. ئومێدیان پێت بوو.. كەچی ئێستا زیاتر لە (34) سەركردەی كەركوكمان هەیەو كەركوكیەكان.. رۆژانە.. خەم دایگرتون!
ئازاد گیان.. چیترت بۆ بگێڕمەوە.. باوەڕ بكە، هەزاران زووخاوی تر هەیە.. بەڵام با لەوە زیاتر ساڵڕۆژەكەت خەمڕێژ نەكەم. با لەوە زیاتر.. گڵگۆ شكۆمەندەكەت پەژارە باران نەكەم..
هۆن هۆن فرمێسك دەپرژێنمە سەر كێلە بەرزەكەت.. دڵنیات دەكەم.. چۆنت ناسیوم لە خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتی دا.. هەروا ماوم و هەرواش دەمێنمەوە!
هەرگیز كارێك ناكەم.. ببمە هاورەفتاری ئەوانەی رۆژگاریان گەیاندۆتە نائومێدی.. هەرگیز لە گۆڕەكەشدا.. گلەیی تۆی ئازاد، شەهید ئارام، شەهید شیهاب و شەهید عەلی عەسكەری و د. خالیدو هاو كێلە بەرزەكانتان ناهێنمە سەر خۆم.. چش، با سەگە گولەكانیش.. فەیسبوك بەزەلكاوی هەلپەرستی.. بۆگەن بكەن!