چه‌ند ڕاستیه‌ک ده‌رباره‌ی پرساندن

ئومێد خۆشناو

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان
  23/09/2020  |    644 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ کاری په‌رله‌مان یه‌کێک له‌ کاره‌ ئاسایی و یاساییه‌کانه‌، له‌ کوردستانیش ڕێکارو پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیی په‌رله‌مانی ڕێگه‌ی ئسوڵی و ڕێچکه‌ی په‌یڕه‌ویی خۆی هه‌یه‌ .

به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ش وه‌ک زۆر بابه‌تی تری کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌شێوێنرێ !.

فراکسیۆنی پارتی وه‌ک گه‌وره‌ترین فراکسیۆن، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ڕۆڵ بینینی په‌رله‌مان و کارابوونی په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌کانه‌، هه‌ڵبه‌ت که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌وه‌ بکات، فراکسیۆنی زۆرینه‌ به‌شی شێری باشی و خراپیه‌کانی به‌ر ده‌که‌وێ، ئێمه‌ش به‌وه‌ ڕاهاتووین و خه‌ڵکیش شاهێده‌، له‌به‌رپرسیاریه‌تی ڕا ناکه‌ین و تحمولی مه‌سئولیه‌تی خۆمان کردوه‌و ده‌که‌ین .

ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسێ، یان هیچ له‌ مانای هێزی زۆرینه‌ ناگه‌ن، یان ئه‌وه‌تا خۆیان و خه‌ڵک ده‌گه‌وجێنن .

بۆیه ئێمه‌ زۆر ڕاشکاوو ڕاستگۆ بوینه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌کانمان له‌ حکومه‌ت و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش که‌ ئۆپۆزسیۆنن، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌، له‌ پڕۆسه‌ی پرساندن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت پێویست به‌ ٧٤ده‌نگ له‌ کۆی ١١١ ده‌نگی په‌رله‌مان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موولایه‌ک ئه‌وه‌ ده‌زانن، ٧٤ ده‌نگ به‌ده‌ستهێنان له‌سه‌رووی موسته‌حیلاته‌ !.

له‌به‌رامبه‌ردا، جگه له‌ سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌ندامانی کابینه‌ پێویستی به‌ ٥٦ ده‌نگ هه‌یه‌، ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌موولایه‌ک ده‌زانن به‌ده‌ستهێنانی ٥٦ ده‌نگ بۆ فراکسیۆنی پارتی یه‌کێک له‌ ساناترین کاره‌کانه‌، به‌ڵام په‌نامان بۆ نه‌بردوه‌و ئه‌گه‌ر ناچاریشمان نه‌که‌ن په‌نای بۆ نابه‌ین !.

هه‌ڵبه‌ت ستراتیژیه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پارتی له‌ پێناو ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و حوکمڕانیه‌کی باش و هاوئاهه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی و کاری باش و باشتر سه‌رفبکرێ و هه‌ر واش ده‌که‌ین .

ئاخر ئه‌وه‌ که‌ی لۆژیکه‌، ئێوه‌ ده‌نگی پێویستان له په‌رله‌مان نه‌بێ و ئێمه‌ زۆرینه‌ بین، که‌چی ئێوه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسن؟ .

ئێوه‌و ئێمه‌و خه‌ڵکیش باش ده‌زانین، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ناترسین و به‌ڵکوو خودانی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن وه‌ک که‌مینه‌ ده‌بێ له‌ شکۆی و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان و ڕاستیه‌کان بترسن که‌، هه‌میشه ترساوان و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ست و په‌نجه‌تان له‌گه‌ڵ چه‌واشه‌کاری نه‌رمکردوه‌ .

که‌ ده‌ڵێین هۆکاره‌کانی ئێوه‌ باسی ده‌که‌ن، ئه‌و هۆکارگه‌لانه‌ن له‌سه‌رووی ئیڕاده‌ی دامه‌زراوه‌کانی کوردستانن و بۆ پڕۆسه‌ی حوکمڕانی و ژین و ژیانی خه‌ڵکی کوردستان خوڵقێنراون و باوه‌ڕیشمان وایه‌، هێزی مه‌نتق به‌سه‌ری زاڵ ده‌بێ و چاره‌سه‌ری به‌شی زۆری گرفته‌کان ده‌کرێ و له‌مه‌په‌ره‌کان تێک ده‌شکێنرێن .

دوێنێ و ئه‌مڕۆو ئاینده‌و خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی نێوانمان ده‌بێ ....

زیاتر