مانا و لێکەوتەکانی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێڕاق
نوسەر و مامۆستا لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا
28/09/2020
|
2251 جار خوێندراوەتەوە
زۆربەی سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن ئەمریکا بە عێڕاقی راگەیاندووە کە لە ماوەی ٩٠ رۆژدا باڵوێزخانەکەی دادەخات، ئەگەر عێڕاق نەتوانێت جڵەوی میلیشیا شیعەکان بکات و هێرشەکانییان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا رانەگرن.
مانای ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چییە؟
ئیفلاسی ستراتیژی ئەمریکا لە عێڕاق. سەردەمێک ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد عێڕاق دەکەنە باڵەکۆنەیەکی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پێگەیەکی بەهێزی ئەمریکا و فاکتەرێکی بەهێز بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز. بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانە، مانای وایە لە ئێستادا ئەمریکا دەسبەرداری ئەم پرسانە و تەنانەت پرسی عێڕاقێکی نیمچە دیموکرات و سەقامگیریش بووە.
مەرجی ئەمریکا بۆ دانەخستنی باڵوێزخانەکەی ئەوەیە کە هەموو میلیشیاکانی حەشدی شیعی لە ناوچەی سەوز و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەربکات. ئەمەش، سازش و ئاڵوگۆڕێکی گەورەیە لە خواستی چەند رۆژ پێشتری ئەمریکا کە داوای کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی میلیشیاکانی حەشد و سنوردارکردنی رۆڵی ئێرانە.
دابەزینی ئاستی داخوازییەکانی ئەمریکا لە حکومەتەکەی کازمی، بەتایبەتیش کە هێشتا چلەی دیدارەکەی ترەمپ-کازمی تێنەپەڕیوە، بەمانای دەسبەرداربوونی ئەمریکا دێت لە کازمی.
لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چین؟
چاودێران پێیان وایە لەحاڵەتێکدا داخستنی باڵوێزخانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمریکا کۆمەڵێک ئیجرائات دژی عێڕاق دەکات لەوانەش:
گورز وەشاندن لە دامەزراوەی حەشد و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانییان
گەمارۆخستنە سەر بەرپرس و دامەزراوە عێڕاقییەکان، لەوانەش بانکی ناوەندی عێڕاقی.
هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چاوپۆشیکردن لە عێڕاق لە کڕینی غازی ئێرانی. هەفتەی رابردوو ئەمریکا ٦٠ رۆژی تری بۆ کڕینی غازی ئێرانی درێژ کردەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسی کەرتی کارەبای عێڕاقی.
ئەمریکا چیتر پشتیوانی فرۆشتنی نەوتی عێڕاق ناکات. بەواتایەکی تر، عێڕاق بواری دەبێت کەمتر لەو بڕە نەوتەی ئێستا بفرۆشێت.
ئەمریکا پشتیوانی ئاسمانی و هەواڵگری بۆ عێڕاق لە شەڕی دژە داعشا رادەگرێت یان سنووردار دەکاتەوە. ئەوەی ئێستا داعشی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵەوە، هێزی حەشد و سوپای عێڕاقی نییە، هێزی ئاسمانی و هەواڵگری ئەلەکترۆنی ئەمریکایە.
هێزی ئاسمانی عێڕاقی توانای جەنگی دژە تیرۆری نییە. بەگوێرەی چاودێران، لەو ٢٠ فرۆکەی ئێف ١٦ی عێڕاق هەیەتی، تەنها ٧ فرۆکە توانای کاریان هەیە و ئەمیش تەنها ٣ تا ٤ جار فرین لەرۆژێکدا. جگە لەوە، عێڕاق کۆنتراکتی تەزوید کردنی ئەم فرۆکانەی بە تەقەمەنی لەگەڵ ئەمریکا نییە. ئەمەش بەواتای زەمینە رەخسان بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دێت.
لەحاڵەتی بەردەوامبوونی عێڕاق لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەت لەبواری گازدا، ئەمریکا سزا دەخاتە سەر عێڕاق.
راستە ئێران براوەی سەرەکی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا دەبێت و گۆڕەپانەکەی بۆ ئاوەڵا دەبێت. بەڵام بەهۆی سزا قورسەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێڕان، عێڕاق شادەماری زیندوومانەوەی ئابووری ئێرانە و پاشەکشەی ئەمریکا و سزای سیاسی و ئابووری بۆ سەر عێڕاق بەمانای بڕینی ئەو شادەمارەیە. نهێنی رازیبوونی ئێرانیش بەوەی کازمی ببێتە سەرەک وەزیری عێڕاق نەبڕینی ئەم شادەمارەی ئابووری ئێران بوو.
بەکورتی، دۆخی عێڕاق و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێڕاق هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێڕاق.
|