بەر لە حەشد، پارتی ڕابگرن

سەرکەوت شەمسەدین

ئەندامی پەرلەمانی عێراق
  01/10/2020  |    1944 جار خوێندراوەتەوە
ئیدانەكردن بەس نییە، لە ریشەی كێشەكان بكۆڵنەوە، بەر لە حەشد، پارتی ڕابگرن

گروپە لە یاسا دەرچوەكانی ناو حەشد مەترسین، سودلە هەر دەرفەتێك وەردەگرن، بەڵام رەفتارەكانی پارتی ترسناكترن.

با ڕوونیبكەمەوە چۆن؟

یەكێك لەو ستراتیژانەی وایكردوە ئەمریكا و تارادەیەك ئێران براوەی ململانێكان بێت، ئەوەیە كە هەردووكیان ململانێكان لە سنورەكانی خۆیان دوردەخەنەوە، لە نزیك سنوری نەیارەكانیان ململانێ دەكەن.

تەواوی ململانێكانی ئەمریكا لەگەڵ روسیا لە بەرلووتی مۆسكۆ دایە لە ئەوروپای شەرقی، لەگەڵ چین و كۆریای باكور لە بەر لووتیاندایە و سنورداریكردوون.

ئێران ترسی زۆری لەوەیە ئەمریكا شەڕەكەی لەگەڵ بگوازێتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆیە هەوڵی هەراسانكردنی ئەدا، تا ئەمریكا سوپاكەی لە عێراق بكێشێتەوە و ئەو بەڵایە لە خۆی دوربخاتەوە.

هەرێمی كوردستان بەو لاوازییەی خۆیی ئێران نایەوێت كێشەی لەگەڵ دروست بكات و یەكەمین وڵاتی دراوسێ بوو دانی بە هەرێمی كوردستاندا ناوە، بەشی زۆری بۆ ئەوەیە لەو سنورە كورد كێشەی بۆ دروست نەكات و سنورەكەی ئارام بێت.

بەڵام بەهۆی سیاسەتەكانی پارتی و دەستوەردان لە كاروباری پێكهاتەكان، شەڕی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ هەندێ هۆزی كورد، كارێكی كردووە شەبەك ببنە حەشدی شەعبی و حاشا لە "كورد" بونی خۆیان بكەن، (فەرماندەی لیوای ۳٠ حەشد شەبەكن)، یەزیدییەكان هێندە لە كورد و سیاسەتی پارتی توڕەن، ئامادەن سوپای عێراق و حەشد قبوڵ بكەن، بەڵام پێشمەرگەیان قبوڵنییە و زۆرێكیان حاشا لە كوردبوون ئەكەن.

لە كەركوك سونەكانی حەویجە و توركمانەكان بە هۆی سیاسەتی بوغزاندنی پارتی و یەكێتی هێندە رق لە دڵ بون بەرامبەر كورد لە دوی دەرفەتێك ئەگەرێن لەگەڵ شەیتانیش رێكبكەون دژی هەرێمی كوردستان.

لە دەشتی نەینەوا پارتی فیتنەیی لە نێوان مەسیحییەكانی ئەلقوش و دەشتی نەینەوا دروستكردووە و هەندێكیانی كردوە بە دوژمن و لە ناچاری بونەتە حەشدی شەعبی، لە بادینان و نەینەوا زوڵم و زۆرداری بنەماڵەی بارزانی كارێكی كردوە زێبارییەكان و گەرگەرییەكان لەگەڵ حەشد یەكبگرن و دژی بوونی پێشمەرگە لە موسڵ بوەستنەوە، زانیاریم هەیە چەندین هۆزی كورد، لە بادینان پەیوەندییان بە حەشد و حكومەتی عێراق كردووە، كە فەوجیان بۆ بكەنەوە و ئامادەن ببەنە بەشێك لە سوپای عێراق.

هەموو ئەم گروپانە لە ناوچە هاوسنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەژین، هەندێكیشیان قوڵایی جەماوەرییان لە ناو هەرێم هەیە.
ئەمانە ئەگەر خۆشیان نەبنە هەرەشە، ئەوە لە دەرفەتێك دەگەرێن هاوشێوەی بنەماڵەی بارزانی، بەسەر پشتی حەشد بێت یان سوپای عێراق تۆڵە لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بكەنەوە و مافی خۆیان وەربگرنەوە، ئەوان ئەبینن پارتی چ زوڵمێكی لێ كردون و بیرە نەوتەكانیان تاڵان ئەكات، ئامادەن ببنە داردەستی ئێران یان هەر گروپێكی تر لەدژی پارتی.

بۆیە ئەبێت پارتی و بنەماڵەی بارزانی رابگیرێن ئەگیان هەموومان بە ئاگرەكەیان دەسوتێین.


زیاتر