لەم چەند ساڵەی دواییدا دید و تێڕوانینەکان بەرامبەر بە ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و دەکرێ ئەم گۆڕانەش لە گۆڕینی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ببینین کە دەکرێ بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسیەکی خراپ و کۆمەڵگەیەکی ئەمریکی خاوەن دید و تێڕوانین و تینوی ئازادی و ژیان و دیموکراسی ئەزموون بکەین.
دیبەیتی نێوان دۆناڵد ترامپ و جۆ بایدن کە زۆرترین بینەری لە سەر ئاستی دنیادا هەبوو تێبینی زۆری بەدوای خۆیدا هەێنا.
بەکار هێنانی وشەی شەت ئاپ یان لایەر ( دەمت دابخە و بێدەنگ بە و درۆزن و گاڵتەجاڕ) دەرخەری وشەگەلێکی تەواو نامۆ و دور لە ئەتەکێتی دیبەت بوو لەسەر ئاستی ئەمریکا و جیهان. چاوەڕوانیەکانی خەڵک لە دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی زیاتر بوو.
گۆڕانی رەفتار و زمان و قسەکردن و تەنانەت بیرکردنەوە لە ڕۆناڵد ڕیگنەوە بۆ ترامپ لە جۆرج واشنەنتەنەوە بۆ جۆ بایدن دەرخەری پاشەکشەی سیاسەتە لە ئەمریکا.
ئەم زمانە زبرە و ئەم دابەزینەی ئاستی قسەکردنی دوو سەرکردەی گەورەی دووپارتی گەورەی ئەمریکا کە کاریگەریان نەک هەر لەسەر ئاستی ئەمریکا بەڵکو کۆی گەلانی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، دابەزینی ئاستی سیاسەتە لە ئەمریکا بەتایبەت دوای سەرکەوتنی ترامپ بۆ سەرۆکی ئەمریکا کە بەشێک لە چاودێران سادەییکردنەوە و بێبەهاکردنی سیاسەتی سیاسەتی ئەمریکای دەبینن، ئەمریکایەک خاوەنی گەورەترین و باشترین دەستوری دنیایە ئێستا لە سەدەی بیست و یەکدا کاندیدەکانی یان ڕاستتر بڵێین سیاسیەکانی ئەوەندە سادە ببنەوە و ئەوەندە زمانی زبر بەکار بێنن.
لەو دیبەیتەدا جۆ بایدن بە دۆناڵد ترامپ دەڵێ: ترامپ هەرچی وت درۆیە و خراپترین سەرۆکی ئەمریکایە. لە بەرامبەردا ترامپ بە بایدن دەڵێ: تۆ زیرەک نیت، تەنانەت ناوی زانکۆکەت بیرچۆتەوە. ئەم دیبەیتە بەردەوام دەبێ تا جۆ بایدن بە ترامپ دەڵێ: باوەڕمان بە درۆی ترامپ نیە. ئەم زمانە خراپەی دیبەت و گفتوگۆ لەنیوان دوو سەرکردەی باڵای ئەمریکا کە یەکیان سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە و ئەوەی دیش دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ئایندە و چوار ساڵیش جێگری سەرۆک کۆمار بووە، لاوازی سیاسەت لە ئەمریکا دەردەخات و بەشێک لە چاودێران بە داڕمانی سیاسەت لە ئەمریکا ناوزەدی دەکەن.
لەم بارەیەوە ئەندۆ میترۆڤیکا نوسەر لە تۆرێنتۆ پێی وایە ئەم دیبەیتە درزی خستە ئەمریکاوە. ئەو لە نوسینێکدا لە سایتی جەزیرەی ئینگلیزی زیاتر دەڵێ: ئەمریکا لە بەردەم تەراجوعێکی گەورەدایە و دیبەتەکەی ترامپ و بایدن ئەو درزەی گەورەتر کرد. ئەو زیاتر دەلێ: ئەوەی بینیمان هەرا بوو نەک دیبەیت.
دیبەتی ترامپ و بایدن دیمەنێکی تەواو خەمهێن بوو بۆ ئەمریکا، ئەو دیبەیتەی پێی وتین کە سیاسەت لە ئەمریکا هەرەسی هێناوە و ئەم هەرەسە ئەخلاقی و سیاسی و ئیداریەی ئەمریکا کە کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان هەیە بۆ هاوپەیمانی و بەرژەوەندی ئابووری ڕەنگە زۆر شت لەگەڵ خۆیدا بسوتێنێ.