دەرگای مەکتەب، کردنەوەیەکی درەنگوەخت

  05/02/2021  |    1695 جار خوێندراوەتەوە
ئیدی زۆر درەنگە، دەبوو دەرگاکانی نیگەرانی و دەرگاکانی توڕەیی دابخرێن پێش ئه‌وه‌ی دەرگای قوتابخانە بکرێتەوە. دەبوو دەرگای نێوان دەسەڵات و خەڵک، حکومەت و مامۆستا بکرایەتەوە. دەبوو ئەم جۆرە لەدەسەڵات لە پشتی دەرگاکانەوە ڕوویان نەهاتایە بێنە نێو خەڵک و لەسەرکورسی دابنیشن. دەبوو دەرگاکانی خۆشگوزەرانی و ژیانی باشتر بۆ مامۆستا بخرایەتە سەر پشت تا نەوەیەکی دڵخۆش و خۆشبەخت پەروەردە بکرایە.

دەرگاکە دەکرێتەوە بەڵام زیاد لە دەرگایەک داخراوە کە کرانەوەی زەحمەتە، دەرگای متمانە چی لێ دەکەن کە دەسەڵات لای مامۆستا متمانەی نەماوە، چی لە دەرگای توڕەیی و نیگەرانی دەکەن کە هیچ ئاسۆیەک نیە ئەم دەرگایە بکرێتەوە.

درەنگە زۆر درەنگ، دەسەڵاتێک سی ساڵە نەتوانێ حورمەت بۆ مامۆستا بگەڕێنێتەوە، ئیدی کردنەوەی دەرگایەکی درەنگوەخت سودی نیە. پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانە دەبوو زیاد لە دەرگایەکت بخستایەتە سەرپشت بۆ هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا بە بێکار دانیشتوون. دەرگای مەکتەب دەکەیتەوە بە هەمان بێئومیدی و بە هەمان نیگەرانی و بە هەمان بێ متمانەیی.

دەرگای مەکتەب دەکەنەوە، بەڵام هیچ هیوایەک نیە کە دەرگا بکەنەوە بۆ ماف و ئیمتیازی مامۆستا. داخستنی دەرگا لە ڕووی داخوازیەکانی مامۆستا و کردنەوەی دەرگای سارد و سڕی قوتابخانە چ سودێکی هەیە؟ 

خوێندکاری خۆشبەخت و بەختەوەر بە مامۆستای خۆشبەخت و بەختەوەر پەروەردە دەکرێ. کە شکۆی مامۆستا شکا، خوێندکاری بەهرەمەند کامەیە تا شکۆ و ئایندەی بپارێزرێ؟

دەرگای مەکتەب کرایەوە، سەدان دەرگا بەڕووی مامۆستادا داخرا.
زیاتر