دواکەوتنی موچە لە عێراقدا

هۆشیار عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق
  07/10/2020  |    1939 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی فیدراڵی عێراق دوای دواکەوتنی بۆ ماوەی ۷ رۆژ دەستیکرد بە دابەشکردنی موچەی مانگی رابردو.پێشتر شایستەی خانەنشینان بە تەواوی و بێ دواکەوتن دابەشکراوە .

عێراق بە هۆی گەندەڵیی حوکمرانی دوای ۲٠٠٤ ەوە کێشەی ئابوری جدی و قوڵی هەیە .

لەحوکمڕانی عێراقی دوای بەعسدا، پارتی لە هەمو حزبێکی تری کوردی پۆستی زیاتر و هەستیارتری لە داودەزگای پڕ لە گەندەڵیی عێراق هەبوە تەنانەت لەسەر گەندەڵیی بە شێکیان ئیقالە کراون بەشێکیان دراونەتە نەزاهە .

پارتی کە باسی فەشەلی عێراق دەکا وەک ئەوەی بیری نەبێت لە ئەنجومەنی حوکمەوە تا ئێستا لەو بەغدایە شەری پۆست دەکا و خۆی بە فراوانی لەو عێراقە فاشیلە بەشداری فەشەل و بەشداری گەندەڵییە .

ئێمە دەمانەوێ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا سودمەند بێ نەک زیانمەند، دروست وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە ۲٠٠٤ دا و لە چاوپێکەوتنێکی دەنگ و ڕەنگدا باس لە بەکارهێنانی قوڵایی ستراتیجی عێراق دەکا لەبەرژەوەندەی هەرێم .

پارتی دەیەوێ لە بەغدا خەریکی پۆست چنینەوە و پارە کۆکردنەوە بێ و لەو لاشەوە لە سەر حسابی خوێن و خاک و خەباتی خەڵکی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا خەریکی فشەی قەومی بێت .

جا سەیر ئەوەیە جار جار بۆ پاکانە لەبەردەم هێزە عێراقیەکان لە ئێستادا و پاش ۱٦ ساڵ دوای قسەکەی نەوشیروان مستەفا لە بەغدا هەمان رستە دوبارە دەکەنەوە و دەڵێن ( عێڕاق قوڵایی ستراتیژی ئێمەیە).لە هەولێریش وا رەواج بە فشەکانیان ئەدەن گوایە بەغدا دوژمنە.لە کاتێکا ئەو کاتەی سەدام و بەعس لە بەغدا حوکمڕان بون دۆستی پارتی بون نەک دوژمن خێرە ئێستا لای خەڵکی ساویلکە دەیکەنە دوژمن ؟ !

عێراق لە دروستبونیەوە دەوڵەتێکی سەرکەوتو نەبوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، وەلێ سود بینین لەو چوارچیوەیەی ناوی دەوڵەتی عێراقە لەبەرژەوەندی گەلانی دانیشتوی ئەو جوگرافیا دەسکردە سەپاوە کە بۆتە ئەمری واقیع شتێکە و بەکار هێنانیشی بۆ ئەوەی خێزانی سیاسیی خۆتی پێ بکەیتە ملیاردێری دۆلار و خاوەنی جۆرەها بەرژەوەندی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات شتێکی ترە .

ئێ چیی لەوە ئاسانترە بەشی سەد پشتی داهاتوت لە خێر و بێری ئەم وڵاتە سودمەند بوبی لەو لاشەوە لەسەر حسابی خەڵکی هەژار و بێ موچە بڵێی خۆ ناچەمێنین؟!ئاخر تۆ کێشەی کرێی خانوت هەیە؟ تۆ کێشەی شیری مناڵەکەت هەیە؟! تۆ کێشەی جل و بەرگی مناڵ و سوتەمەنیت هەیە؟! دە سەیرێکی دۆخی خەڵک بە گشتی بکە ئەوسا خەریکی ئەو موزایەدە بێتامانە بە .

تۆ کە بەداهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و پارەی بەغداش ناتوانی موچەی تەواو بدەی چۆن هێندە ڕوت قایمە، بۆ ۷ رۆژ دواکەوتنی موچە لە عێراقدا لە میدیا نەوتیەکەتەوە دەیکەیتە هەرا و شایولۆغان کەچی بە حەرفێک باسی دواکەوتن و لێدزینی موچەی فەرمانبەرەکانی هەرێم نەکەیت؟ !

بە مەرجێک لە ۲٠٠٤ ەوە یەکەمجارە دواکەوتنی دابەشکردنی موچە لە عێراقدا کراوەتە خەبەر و بەپەلەی لێكراوە، و لە هەرێمیش شەش ساڵە سەردێری هەرە گرنگی هەواڵ موچەیە .

کەس ناڵێ عێراق سەرکەتوە عێراق بێگومان فاشیلە، بەلام ئێوە لە عێراق لانیکەم لە دابینکردنی موچەدا زۆر فاشیلترن .

ئەوە پێستی روی ئێوە لە چی چەرمێکە ئیلاهیی؟ !



زیاتر